وەرام

از کتاب:
تریفەی هەڵبەست
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 1 دقیقه  1166 مشاهده
لە کۆتاییی نامەکەتا
لە نامەکەی ئەم جارەتا
گیانە، ئەڵێی:
من بە قەت چەند، خۆشم ئەوێی؟
ئازیزەکەم، وەک چۆن بەهار
ئاسمانی شینی خۆش ئەوێ
یان پەپوولەی هەرد و نزار
هەنگی دڵدار
گوڵ باخی ژینی خۆش ئەوێ
شیلەی شیرینی خۆش ئەوێ
خۆشم ئەوێی.
یان چۆن بەفری چیای کوێستان
کانیی ڕوونی ناو دارستان
تریفەی مانگیان، خۆش ئەوێ
گزنگی خۆریان، خۆش ئەوێ
خۆشم ئەوێی!
ئازیزەکەم، ئەوەندەی خۆتت خۆش ئەوێ
خۆم خۆشم ئەوێ!
خۆشم ئەوێی.