دوو گۆرانی
از کتاب:
تریفەی هەڵبەست
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
2 دقیقه
1009 مشاهده
١
گیانە، ژیانی تەنیاییلە تۆ جیایی
منی ماتەم
ئەوەندە پەست و ناکامە
کە ڕووناکی لێ حەرامە
غەیرەز بە خەم
کە بیکاتە دەروونەوە
بە هەناسەی زەبوونەوە
مەیی تاسەم
تاسەی ناوەختی
بێبەختی
ئەم ژیانە مات و کاسەم
کە بەئاستەم
ڕووناکی لێ بەدی ناکەم
منی ماتەم.
گیانە، تەنیاییی ناخۆشە
ئەشک نۆشە
وەک ڕەشپۆشی
دڵ خامۆشی
مردوو ئازیز
لە پێکەنین فەرامۆشە.
گیانە، پاییز
خۆ ئەزانی
کە وەختێ باڕەش خەزانی
گەڵاکانی ئەوەرێنێ
مەلی هێلانەی ئارامی
بە کینەوە ئەتەرێنێ:
ئەوسا ژیانی ناکامی
چەند پەست ئەبێ
دەربەست ئەبێ
خۆ ئەزانی
کە پاییز گەڵاڕێزانی
چەند ستەمە
چەند دڵتەنگی
شەوەزەنگی
دەستی خەمە
ئاوا منیش وەکوو پاییز
تەنیاییی گەڵاڕێزانمە
مادام لە تۆ دوورم ئازیز
ژیانی پاییز ژیانمە.
٢
گیانە، وتیان: ئەم دنیایەهەرچی تیایە
لە ئەنجاما ئەبڕێنەوە
بە بێ ئاژاوە، بە بێدەنگ
بەرەو گۆڕی تاریک و تەنگ
ئەکرێنەوە.
وتیان: ئەنجام هەر مردنە.
ڕوو لەوە و دنیا کردنە
بۆ هەموو کەسێ نەمانە
ئەم ژیانە
ئایا بڕوا بکەم گیانە
بۆ من و تۆش هەر نەمانە
وەک ئەنجامی ئەو خەڵکانە؟!