منداڵە سووتاوەکە

از کتاب:
تریفەی هەڵبەست
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 5 دقیقه  751 مشاهده
١
ئەی مناڵانی خۆشەویست!
هەواڵێکی غەمگینم بیست
دڵی پڕ کردم لە تاسە
پێی هەڵکێشام زۆر هەناسە.
بزەی سەر لێوی تۆرانم
خەمی هێنا بە میوانم
تەرانی گەشەی دەروونم
لێڵی کرد سەرچاوەی ڕوونم
هەستی بەزەییی جووڵانم
هۆشی شیعری خرۆشانم
لێوی ڕقی پێ کرۆشتم
فرمێسکی گەلێ پێ ڕشتم.
ئەی منداڵانی خۆشەویست
هەواڵێکی غەمگینم بیست.
ئەی مناڵان گوێ گرن لێم
ئەو هەواڵەتان پێ بڵێم:
بەڵام من ئەمەوێ لێتان
کە گردبوونەوە هەمووتان
یەک لە لای یەک بیڵێنەوە.
لە گەڕەکا بیگێڕنەوە
لەبیرتان قەت نەچێتەوە
لە دەروونتان نەبێتەوە
ئەی منداڵانی خۆشەویست
وا پێتان ئەڵێم کە چیم بیست:
2
گوندێ هەبوو لەپاڵ شاخا
لەناو کۆشی ڕەز و باخا
ئەوەندە جوان بوو کە جوانیی
دنیا بووبوو بە میوانی
ئەم دێیە چەندە بچووک بوو
سەد ئەوەندە ئێسکیسووک بوو
لە کەژاوەی خەوی خۆشی
بەهەشتا بادەی ئەنۆشی
بووکێ بوو کەوا کردگار
خواست بووی بۆ زاوای بەهار.
مژدەیەک بوو کە بەختی خۆش
وەکوو ساوا ئەیگریتە کۆش.
ئارامێ بوو کە بە گیانی
نۆش کرا بوو شادمانی.
ئاوازەیەک بوو گەرووی ژین
هێنابوویە سەر هەڵقوڵین.
پەپوولەیەک بوو دڵنیا
لە باخچەی نیازا ئەژییا
بزەی لێوێ بوو کە سروشت
گوڵاوی نازی پێ ئەڕشت.
3
ڕۆژێ لە کاتێکا ژیان
تازە خەریکبوو، بۆ بەیان
بترووکێنێ پێڵووی چاوی
بۆ گزنگی نوێی هەتاوی.
تازە خەریکبوو بە مەستی
سەرخۆش بێ بۆ خۆشەویستی
گۆرانیی بڵێ بۆ ژیان
بۆ ڕووناکیی ئاسۆی بەیان
وەکوو جارانی ئاوازە
بگاتە گوێی دنیای تازە
لەپڕ خورپەیەک کوتوپڕ
بوو بە هەناسەی ساردوسڕ
لەپڕ شاڵاوی گورگی ڕەش
تارماییی خستە ئاسۆی گەش
کەڵبەی گیر کرد لە تەوقی سەر
ڕانە مەڕی دێی دایە بەر
کەوتنە لوورە بۆ پەلامار
ڕۆژی دێ بوو بە شەوی تار
ئاوی ڕوونی کانیی لێڵ بوو
بەدوای خەمی دێدا وێڵ بوو
لقی درەخت شکایەوە
تازەچرۆ پووکایەوە
دووکەڵی ڕەشی قەترانی
هەڵسا لە شوێنی وێرانی
ئاسمانی سەر وەک شەوەزەنگ
ڕەش داگیرسا مات و دڵتەنگ
جووجەڵەی وردی کولانە
کەوتنە ژێر ئەو کەڵبە و دانە
خوێناوی ناو ژووری ڕووخاو
جۆگەلەی بەست وەکوو پەنگاو
ئەی منداڵانی خۆشەویست
ئەم دێیە فرمێسکی زۆر ڕشت!
ئەوی جێما لە وێرانە
مناڵێ بوو سێ ساڵانە
باوکی لە ساڵێ زیاترە
دەروونی پڕ لە ئاگرە
دەمێکە ئەو وا بە ڕێوە
دوورە لە ئاواییی دێوە
کە ئەمانی جێهێشت تەنیا
ئیتر ڕووی کردە سەر چیا
بۆ ڕاوی گورگی دڕندە
ئەو گورگانەی کە بەم گوندە
دەمێکە تینووی خوێناون
برسیی ناوەختی شاڵاون
لەو گورگانەی زۆر هەڵبڕی
ورگی گەلێکی هەڵدڕی.
4
گەرووی گڕی شاڵاوهێنەر
تەشەنەی کرد بۆ دەشت و دەر
دارستانی چڕی ناو دێ
تا بێ ئاگر لە خۆی ئەگرێ
پووشی دەوری ئاوی لیخن
ئەڵقەی پشکۆی چۆتە گەردن.
مناڵێ تەنیا، جێماوی تەنیا
چاوێکی هەروا لە چیا
بەڵام بێسوود چاوەڕوانی
ئەوا گڕ شاڵاوی هانی
منداڵی تەنیای بەسەزمان
کەوتە هاوار، کەوتە گریان
چاوی ئەگێڕا، ئەترسا
تۆزێ ئەڕۆشت و ئەوەستا
ناسیاوێ نەبوو بیگاتێ
پەلی ڕزگاربوونی باتێ
کەوتە بەر جەزرەبەی سزا
پشکۆ بە لەشیا ئەچزا
بە هەنسکی قوڵپی گریان
هاواری کرد لە گورگەکان:
«من مناڵم دەرمبێنن
تو خوا ئەگەر بمسووتێنن»
بەڵام گورگی کۆنە دوژمن
گوێی نەدایە هاوارکردن
زانی مناڵی ئەم دێیە
گۆشی کام باوەڕ و جێیە!
قرچەقرچی پێستی سووتاو
دڵی بەردی ئەکرد بە ئاو
سووتا مناڵ و ڕەش بۆوە
پێست لە ئێسقانی جوێ بۆوە.
5
ئەی منداڵانی خۆشەویست
ئەم دێیە سەرشۆڕیی نەویست.
لەوپەڕ، لە لووتکەی شاخەوە
لە دەروونی پڕ داخەوە
لە لانەی شێری دڕەوە
لە دارستانی چڕەوە
لەپەنا دار و بەردەوە
هاتنە دەرێ خەنجەر بە دەست
لە دەوری دێ ئەڵقەیان بەست
بە کینەیەکی سەختەوە
گوڕی تۆڵەیان بەستەوە
خستیانە سەر دەس دڵ و گیان
خوێنی لەشیان کەوتە جمان
وتیان: یا ژین یا مردن
بۆ گورگی ڕەش لەناوبردن
وتیان: گورگی ڕەش مەحاڵە
خوێنی ون بێ ئەو مناڵە
وتیان: ڕۆڵەی ئەم دێ و خاکە
لە هەڕەشەتان بێ باکە
بە هەڵمەتی چاونەترسە
لە مردن هەرگیز نەپرسە
ئەی منداڵانی خۆشەویست
ئەم دێیە سەرشۆڕیی نەویست.
ئەی مناڵانی خۆشەویست
دنیا ئەم بەسەرهاتەی بیست
بیستیان دێیە بە بازووی خۆی
کەوتۆتە جەنگی ڕۆژی نوێی
ئەی مناڵانی کوردزمان
دەنگی ئەو مناڵەی بیستتان
نەکەن لەبیری بەرنەوە
لە دڵتانی دوور خەنەوە
هاوڕێیەکتانە.. ژیان
کردی بە تۆماری داستان
بوو بە سرودێ کە ئاوات
بانگی سەربەرزی تیا بدات
هەتا بێ گڕی خۆش ئەبێ
بڵێسەکەی بە جۆش ئەبێ
دەریای دنیای بکەیتە سەر
بە کڵپەیە ئاگری هەر
ڕووناکیی ئەدا بە ژیان
بە ئاسۆی ئاواتی بەیان
بەم وڵاتەی کە سەربەرزی
بە خوێن کڕی و قەت نەبەزی
ئەی منداڵانی خۆشەویست
بۆم گێڕانەوە کە چیم بیست.