تەنیایی

از کتاب:
تریفەی هەڵبەست
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 1 دقیقه  1540 مشاهده
شیرینەکەم! ژووری تەنیام
ئەمشەو بۆ غەریبیم ئەگری
چرپای خەم لێ نیشتووی جێگام
خامۆشی وا لە چوار دەوری.
***
چاوەڕوانیی کورسیی چۆڵم
تۆوی بێزاری ئەچێنێ
گڵۆپی کزی ناو هۆڵم
فرمێسک بە بێدەنگ ئەڕژێنێ!
***
پەنجەرەکان، خۆڵی ڕۆژان:
لەسەر شووشەی چاویان بارە
شیرینەکەم ئەمشەو ژیان
وەک ماڵەکەم چۆڵ و تارە.
***
وێنەی پارم لێوی گاڵتە:
لە ئێستام هەڵئەقورتێنێ
گڕی خەیاڵ بۆ ئەو کاتە
جەرگی ئەمشەو ئەسووتێنێ.
***
شیرینەکەم، ژووری تەنیام
ئەمشەو بۆ غەریبیم ئەگری
چرپای خەم لێ نیشتووی جێگام
تەنیایی وا لە چوار دەوری.