ئێوارەی غەمگین

از کتاب:
تریفەی هەڵبەست
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 2 دقیقه  1059 مشاهده
خۆرنشینی ئاسۆی بەهار
لە خوێناوی ئاوابوونا
وردە وردە ئەچێتە خوار
کڵپەی دوایی لە دەروونا
ئەسووتێنێ بۆ شەوی تار.
***
ئەڵی: بوونی ئەم دنیایە
وەکوو تیشکم ئەتوێتەوە
کام شەوقی جوانی ڕووی دنیایە
وەک هەناسەم ئەبڕێتەوە.
***
کام بەهار زۆر شەنگ و شۆخە
کام ئاواتی دڵ قەشەنگە
کام دنیا پڕ لە خۆشییە
دوور لە ڕەنگی ڕەشپۆشییە
ئەبڕێتەوە، ئاوا ئەبێ
ڕۆژی لەناو شەوا ئەبێ
***
ئێوارەیە دنیای جوانی
وەکوو ساوایەکی دڵپاک
بزەی مژدەی سەر لێوانی
ئارامە بۆ گیانی ڕووناک.
***
منیش تەنیام لە قەدپاڵێ
سەرنجم ونی ئاسۆیە
دڵی پڕم، وەک مناڵێ
خەیاڵی وا لە شوێن تۆیە.
***
دەروون بە ئاخی ناکامی
پەستە وەک سەیوانی ماتەم.
سروشت باوەشی ئارامی
گرتۆتەوە بۆ ئەم کاتەم.
***
ئەرخەوانی گیانی پەستم
دڵنیاییی دڵم ئەکا
لە نێرگزی بیر و هەستم
هۆنراوە بۆ تۆ ڕێک ئەخا.
***
هەزاران یادی ڕابردوو
لەناو بیرما یەن و ئەچن
وەک ئەستێرەی ڕێ ونکردوو
لە هەوری خەمما ون ئەبن.
***
دە ئەی ئێوارەی خۆرنشین!
مەڵبەندی تاسەی تەنیایی
ئەی جێنزرگەی ماتەمین
لە خۆر بکە ماڵاوایی!
***
منیش وەک تۆ لە ئاسمانی
نائومێدیی دڵا وێڵم
وەک تۆ بەهاری ژیانی
تەمەنکورتیی جێ ئەهێڵم.