گۆران

بە یادی بیرەوەریی چوار ساڵەی کۆچکردنیەوە
از کتاب:
تریفەی هەڵبەست
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 2 دقیقه  1161 مشاهده
١- لە مردنیا:
هەتاو ڕەنگی هەڵبزڕکا
بوو بە گڕە شنەی هەوار.
خوێن لە چاوی ئاسۆ تکا
ڕژایە سەر گۆنەی بەهار.
***
جریوەی شیعری پرشنگدار
زەرد هەڵگەڕا کەوتە لەرزین.
پەپوولەی ئێسکسووکی یار
بەسەر گوڵا کەوتە گرین.
***
بزەی مانگەشەوی ئاسمان
لەسەر بەفری لووتکە تەرا
دەنگی قاسپەی بەرەو کوێستان
بۆ گەرمیان ڕووی وەرگێڕا
***
نێرگز چاوی سپی سوور کرد
دڕک چەقی لە وەنەوشە
با، گوڵاوی دەم هەنگی برد
کەوتە هەنسک گەرووی وشە.
***
گەشەی شەونمی بەربەیان
لەسەر گەڵای خەم توایەوە.
قژی فریشتەی شیعری جوان
لە ئەرخەوان ئاڵایەوە.
***
تەرزەی ژێر دەوەن و بنچک
ئارەقی کرد بە جێگەی گڵ.
باران نمەی تاسەی تک تک
ئەبارانە سەر پۆپەی چڵ.
***
کڕێوەی زستانی هەواڵ
هێلانەی بولبولی شێوان
هەوری ڕەشی ڕووگرژ و تاڵ
بەسەر ساماڵا ئەیگرمان.
2- لە یادیا:
لەپەپوولەی ناو باخەوە
بۆ گوڵاڵەی کەژ و نزار
لە هەنگەزەردەی شاخەوە
بۆ سەر گەڵا و بۆ گوێ ڕووبار
***
لە جوانانی بێ ناوەوە!
بۆ شۆخوشەنگی دەرکەوتوو
لە وەنەوشەی خزاوەوە
بۆ گوڵەباخی سەرکەوتوو
***
لە قژی زەردی خاوەوە
بۆ سەر لێوی ئەرخەوانی
لەسەر کوڵمی گەشاوەوە
بۆ چاوی شینی ئاسمانی
***
بە گوێی یەکا ئەچرپێنن
شیعری «گۆران» ئەخوێننەوە
لەو وشانە ملوانکەی ژین
بۆ کردگار ئەهۆننەوە.