شەماڵێکی شەل

از کتاب:
نسێ
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 1 دقیقه  271 مشاهده
لەدوای یەکەم دەستی ئاسمان
هەر دەستێکی تر گەیشتە لەشی بەفر
بەفر ئەشێوێ و نابێتەوە بە بەفرەکەی یەکەمین جار
لەدوای یەکەم هەڵقوڵینی دەمی کانی
کە ئاو بە ڕێگەی تردا تێپەڕی و بوو بە ڕووبار
ئاو ئەشێوێ و نابێتەوە بە ئاوەکەی یەکەمین جار
دوای یەکەم بۆن و هەڵمژین
ڕۆحی گوڵیش ئەداتە کزی و بنسکی و
نابێتەوە بە گوڵەکەی یەکەمین جار
بەم جۆرە من ویستم ماچێ
لە ڕێگەی ئەم هەڵبەستەوە
بنێرم بۆ، دوورەزمانێ بەرەو خوار
کە شیعرەکەیان وەرگێڕا و
وەکوو کراس بە ئاوەژوو لەبەر کرا
ماچەکەی منیش شێوێنرا،
ئێستە ماچم بەرەو ئەوێ بەڕێوەیە
بەڵام ماچێ بەداخەوە چاوم لێیە
لە شەماڵێکی شەل ئەچێ!