قەسیدەی ڕابیتە و بیرکردنەوە لە مردن و حەشر و میزان
از کتاب:
دیوانی خادیم (بەرگی ٢)
اثر:
خادم (1895-1953)
2 دقیقه
969 مشاهده
ئیمشەو لە جۆشی پیر و نەخۆشی
دڵ ساتێ نەیبوو قەرار و خۆشی
نیشانەی مەرگم سەر و ڕیش سپی
لە جۆشی خەیاڵ دڵم داتەپی
ڕابیتەی مردن کەوتە خەیاڵم
لەو کاتە جۆشام پەشۆکا حاڵم
نە زەخیرەم بوو نە دەستمایەی
نە بەدەن بەرگی، نە سەرم سایەی
ڕووت و بێنەوا، موفلیس و بێکەس
هەر ئەتۆم کەسی ئەی فەریادڕەس
کۆچی دواییمە کاتی وەفاتم
چاوەڕێی ڕەحم و لوتف و وەفاتم
لە کاتی مردن نەکیر و مونکیر
هاتنە سەر سەرم پێیان دام خەبەر
کێ ئەناسی تۆ؟ تۆشەت چی پێیە؟
جێگە و مەرجەعی ئیلتیجات کێیە؟
گوتم ئەم جێگە ئاستانەی شایە
هەزار سواڵکەری وەک منی تیایە
ئەمە دەرگاهی شاهی شاهانە
بۆ هەموو کەسە ئەم سفرە و نانە
میوانی غەریب کەرەم سەرای شام
موحتاجی ڕیرەی سفرەی ڕجای شام
تۆشە بۆ دەرگای کەریمان بردن
بۆ گەدا عەیبە کاری وا کردن
تەرازووی خێرە لە سارای مەحشەر
سووک و بێ مایە، موفلیس بوو یەکسەر
لە حاکمی موتڵەق خیتاب هاتە گوێم
موژدەی عەزابی ئەبەد درا پێم
سەدای «ٲخستواعربی» زۆر چاک هاتە گوێم
لە ترس و هەیبەت نەمزانی لە کوێم
گوتی شەفیعت ئیمڕۆکە کێیە؟
ئومێدت چییە بە لوتفی کێیە؟
گوتم شەفیعم شەرمەزاریمە
لە جۆشی خەجڵەت گریە و زاریمە
کەوتەوە یادم ئومێدێکی وا
لە ئاگری دۆزەخ نەجاتم بدا
ئومێد و هیوام، لوتفی تۆیە بەس
تۆی خزم و کەسی هەژار و بێکەس
تۆ شا و من گەدا، هاتوومە دەرگات
منی مات و لات هاتوومەتە لات
بۆ گەدا و سواڵکەر کێ ئەکا بڕوا
لە دەرگەی شاهان بەبێ بەش بڕوا
دەریای مەرحەمەت مەوجی دا یەکجار
دایپۆشی یەکسەر هەر گۆشە و کەنار
لە سیفاتی کەریم کەرەم پەیدا بوو
سارایی مەحشەر، پڕ لە سەما بوو
ئاگری دۆزەخ بە ئەمری جەلیل
بوو بە گوڵستان وەک ئاگری خەلیل
«خادیمتخلص» موحتاجە سەخای کەریمان
بۆ گەدا و موفلیس هەم بۆ هەتیوان