زەواڵی جوانی و هاتنی پیری

از کتاب:
دیوانی خادیم (بەرگی ٢)
اثر:
خادم (1895-1953)
 2 دقیقه  755 مشاهده
درەختی عومرم چرۆی بوو سپی
هەر هێندت زانی ڕزی و داتەپی
تاری مووی سپی قاسیدی مەرگە
هەر کەس ئەیکاتە بەری ئەم بەرگە
شکۆفەی سپی باخی پیریمە
میوەی زانینی زۆر دڵگیریمە
چەپکە گوڵی غەم زار و دڵگیری
کەم کەم پەژمووردەی پەژارەی پیری
ئاخر ڕۆژە بوو بەهاری جوانیم
ئەووەڵ ڕۆژە بوو پاییزی ژیانیم
هەناسەم ئەڵێی بای پاییزانە
گەڵای درەختی شادیم ڕێزانە
باڵای وەک تیرم چەمی وەک کەوان
ڕاستیی هێنا نیشانەی نەمان
کەم کەم خەمی دا، پیری بە قامەت
دەم دەم ئەڵێ هات ئەوا قیامەت
پیری هێزی ساند لە ئەژنۆم یەکسەر
بە زۆر ڕایگرتووە ملم کەللەی سەر
ساقی پابەندی زنجیری پیریم
دەستم دامانت بکە دەستگیرم
بۆم پڕ کە ساغیر کاتم درەنگە
خەرامێ بکە بەو باڵای شەنگە
جامی جەم ئاسا بۆم پڕ کە لە مەی
با مەست بم یەکجار هوشیاری تا کەی؟
مەستی بۆ پیران جوانی دووبارە
بۆ ئەژنۆی لەرزان هێزی دوبارە
بمدەرێ پەی پەی نەممێنێ هەستی
تا سارای مەحشەر تەی کەم بە مەستی
زرنگەی گوێچکەم ئەمکا خەبەردار
هێندەت نەماوە تۆ دەرچی لە شار
پەمووی غەفڵەتت دەربێنە لە گوێ
بزانە ئێستە تۆ ئەچی بۆ کوێ؟
موتریب گیانەکەم، بە پەنجەی نازت
بە دەنگ بێنە تۆ، عود و هەم سازت
سەدای جانسۆزی نەی بێتە گۆشم
لە خەو بێدار بێ، دڵی بێهۆشم
کاروان ڕۆیی «خادیمتخلص» بێدار بە
دایم دەست بە کار هەم دڵ بە یار بە