وەرە بادی سەبا، تۆ قاسیدی من بە، بە مەردانە

از کتاب:
دیوانی شێخ نووری
اثر:
شیخ نوری شیخ صالح (1896-1958)
 1 دقیقه  973 مشاهده
وەرە بادی سەبا، تۆ قاسیدی من بە، بە مەردانە
لە پاش عەرزی دوعا گۆیی، بڵێ بەم ئەهلی کوردانە
لە بۆ ئینشای مەکتەب، سەرفی غیرەت لازمە زینهار
کە مەکتەب مایەیی ژینە، کە مەکتەب ڕۆحی ئینسانە
کە میللەت هیچ نەزانێ زوو بەزوو پێشکەوتنی سەعبە
کە قەومێ ساحیبی سنعەت نەبێ، وەک جیسمی بێ جانە
کەسێ عیلمی ببێ موستەقبەلی ڕووناک و تەئمینە
کەسێ سنعەت بزانێ، دائیمەن ئەو ساحیبی نانە
لەسەر ئەم عالەمە فەرزە، ئیعانەی مەکتەب و سنعەت
کە ڕۆحی موڵک و میللەت، سنعەت و تەحسیڵی عیرفانە
ئەوی دەرحەق بە مەکتەب نوتقی نووسیبوو لەمەو پێشتر
حەقیقەت ساحبی فیکرە، حەقیقەت ئەهلی ویجدانە
وجوودی فەخرە بۆ میللەت، کەسێ فیکری مونەوەر بێ
کەسێ عیلمی نەبێ وەک وەحشیی کێو و بیابانە
قسەی ڕاستت ئەوێ وەڵڵا ئەگەر بیشمکوژن دەیڵێم
نەبوونی عیلم و سنعاتە، کە میقرۆبی هەموومانە