لە تەوسیف چاپخانە وتراوە

از کتاب:
دیوانی شێخ نووری
اثر:
شیخ نوری شیخ صالح (1896-1958)
 1 دقیقه  748 مشاهده
ئەم موژدە خۆشە، خەو بووە، یا گوێم زڕایەوە
یا ڕاستە پەردەیی تەڕەبە، هەڵدرایەوە
یا نەجمی تەرەقی کوردە، تڵووعی کرد
یا نووری مەعریفەت، لە وڵاتا پژایەوە
ناگاهـ، نیدا لە غەیبەوە هات و وتی: بەڵێ
پێشکەوتنە لە مەملەکەتا دەنگی دایەوە
پێشکەوتنی سەعادەتی کورد، هاتنت بەخێر
غونچەی دڵم، بەبۆنی نەسیمت گەشایەوە
لەو ساوە من کە هاتنی تۆم بیستووە ئەڵێم
ئۆخەی شوکر، چراغی جەهالەت کوژایەوە
تۆی باعیسی سەعادەتی کوردە فەقیرەکان
دەرگای مەعریفەت، کە بەدەستی تۆ کرایەوە
میعادی سەعییە، فرسەتە، تا وەختی سنعەتە
فیشاڵ و تڕ زلی بەسە ئیتر بڕایەوە
با دەست بکەین، بە سنعەت و تەحسیڵی مەعریفەت
با زوو بگەینە پێشەوە، بەشمان نەمایەوە
وا تێ مەگەن، کە مەتبەعە بێ قەدر و قیمەتە
کارێزی عیلم و مەعریفەتی پێ ژیایەوە
شوکری خودا، کەوتینە ژێر سێبەری عیلم
«بی»ی بێ بەری جەهل، لق و پۆپی شکایەوە
بنواڕە نووری مەعریفەت و لەمعەی کەمال
بەم مەتبەعەی حکوومەتە، چۆن شەوقی دایەوە