نۆبەتی سەعییە، زەمانی عەیش و خۆشی و شادییە

از کتاب:
دیوانی شێخ نووری
اثر:
شیخ نوری شیخ صالح (1896-1958)
 2 دقیقه  753 مشاهده
نۆبەتی سەعییە، زەمانی عەیش و خۆشی و شادییە
جەژنی ئیستیقلالە، ڕۆژی خوڕەمی و ئازادییە
قەومی بێ ئیدراک و بێ حس، بێ بەش و بێ قسمەتە
تێبفکرە میللەتی غەییورە، ساحیب عیزەتە
ئەمڕۆ ڕۆژی سەعی و تێکۆشینە، وەقتی غیرەتە
یەک نەفەس غافڵ مەبن، هەڵسن براگەل فرسەتە
بۆ تەعالی جەد و جەهدێ کەن، زەمانی غیرەتە
ڕۆژی سەربەستی، زەمانی عەیش و نۆش و عوشرەتە
ئەی جوانانی وەتەن، ڕۆژی تەرەقی میللەتە
قەومی کورد، ئیتر نەجاتی بوو لەدەس ئەم زیللەتە
هەرچی باش و چاکە بیکەی، وەقتی سەرفی هیمەتە
هەچ کەسێ کۆشش نەکا، ڕاستت ئەوێ بێ مروەتە
وەقتی تێکۆشینە، ڕۆژی ئیستیقامەت، عیفەتە
مەقسەدی کورد هەر تەرەقی دینی ئیسلامییەتە
سا دەخیلتان بم، زەمانی ئیتیحاد و ئولفەتە
ئەمڕۆ ڕۆژێکی بڵند و گەورە و زی قیمەتە
یار و یاوەرمان بەبێ شک ڕۆحی پاکی حەزرەتە
ڕۆژی ئازادی هەموو کوردانە، جەژنە، شادییە
جەژنی ئیستیقلالە، ئەمجا نۆبەتی ئازادییە
مورشیدان، ئەی ئەو خەلیفانەی تەریقەت دائەدەن
ئەی مەلا ئیتر لەسەر فیکری عەتالەت دەربکەن
گەر سەوابی ڕۆژی حەشرت لازمە بێ دەردی تەن
بێتەوە پڕ عەیش و پڕ شەوق و مەسەڕڕەت، شۆخ و شەن
بۆ تەعالی قەومی خۆتان هیمەت و غیرەت بکەن
بەسیەتی ئەی شاعیران تەعریفی خەت، چاهی زەقەن
بەسیەتی مەئموور، ئیتر باسی مەعاشم بۆ مەکەن
بۆ وەتەن بۆ دین و میللەت، بێن نەسیحەت دابدەن
بۆ تەرەقی میللەت، ئێوە با بکەن سەرفی بەدەن
سەد شوکر لاچوو لە ئاوێنەی دڵا، ڕەنگی میحنەن
بەسیەتی دەردی نیفاق و شۆڕش و بوغز و فیتەن
عەیبە با ببڕێتەوە کیبر و حەسادەت «ما»و «من»
ئێوە نازانن هەموو ئەولادی ئەم شاخ و دەرەن
ئەی جوانان، ئەی خیرەدمەندانی ساحێب عیلم و فەن
ئەی عەزیزان، ئەی نەجیبانی جگەرگۆشەی وەتەن
ڕۆژی سەعی و غیرەتە، هەنگامی کەیف و شادییە
جەژنی ئیستیقلالە، ئەمجا نۆبەتی ئازادییە