بۆ ساڵی ١٩٢٦

از کتاب:
دیوانی شێخ نووری
اثر:
شیخ نوری شیخ صالح (1896-1958)
 2 دقیقه  680 مشاهده
ئەی ساڵی جیهان دیدە، ئەیا سەحنەیی میحنەت
ئەی ساڵی گوزەشتە، سەنەیی ماتەمی ئوممەت
ئەی سەحنەیی گریان و فیغان، شیوەن و زیللەت
جەللادی جگەر ئاهنی بێ شەفقەت و ڕیققەت
ئەی نازری سەد مێشکی پژێنراوی بە قیمەت
ئەی ساڵی گوزەشتە، جگەرت لەت لەتی غەم بێ
نەتبینمەوە، مەسکەنەکەت شاری عەدەم بێ
***
سەیری کە، کە چەند لاشەیی لاوی وەتەنت دی
خۆت ورد بەرەوە، چەند سەری جیا و چەند بەدەنت دی
چەند خانەیی وێران و دڵی پڕ میحنەتت دی
چەند ناڵەیی ژن، لاشەیی بێ کەفەنت دی
برسی و ڕەش و ڕووت، غەمزەدە، چەن شۆخ و شەنت دی
ئەی ساڵی گوزەشتە، جگەرت لەت لەتی غەم بێ
نەتبینمەوە، مەسکەنەکەت شاری عەدەم بێ
***
تێفکرە کە ئەم سێ سەد و شەست ڕۆژ و کسوورە
هەر سانییەیەکی غەم و ئالام و فتوورە
ڕۆیشتنەکەت تا بەقەدەم عەیب و قسوورە
بەم خوێنە ڕژاوانە و بەم شوور و نشوورە
سەفحەی هەموو تەئریخی جیهان، ماتەم و سوورە
ئەی ساڵی گوزەشتە، جگەرت لەت لەتی غەم بێ
نەتبینمەوە مەسکەنەکەت شاری عەدەم بێ
***
ئەم زوڵمە کە دی میللەتی ئەم کوردە لە تورکان
نەیدیوە زەمانە چ لە ئینس و چ لە شەیتان
دەعوایی حەقی میللەتییەت و گۆشەیی زیندان؟!
پاڕانەوە بۆ ژین و تەنافی مل و خنکان؟!
هاواری وەتەن کردن و کوژران و فڕێدان؟!
ئەی ساڵی گوزەشتە، جگەرت لەت لەتی غەم بێ
نەتبینمەوە، مەسکەنەکەت شاری عەدەم بێ
***
ڕۆیشتی لە دوای تۆ، جگەری پارە بەجێ ما
ملیۆنێ عیال و ژنی ئاوارە بەجێ ما
چەند عائیلەی بێکەس و بێ چارە بەجێ ما
زنجیر و کەلەپچە و پەتی سیدارە بەجێ ما
ملیارێ دڵی خەستەو و غەمخوارە بەجێ ما
ئەی ساڵی گوزەشتە، جگەرت لەت لەتی غەم بێ
نەتبینمەوە، مەسکەنەکەت شاری عەدەم بێ
***
ئەی ساڵی جەدید، هاتنی تۆ دوور بێ لە ئافات
تۆش وەک خەلەفت، ئەو بەجەزا، تۆ بەموکافات
خێر بێ قەدەمی تۆ بەتەلافی هەموو مافات
شەرتم ئەمەیە تا دەمی مەحشەر بە مەقامات
ئەم شیعرە ئەکەم من بە تەمەننا و موناجات
ئەی ساڵی گوزەشتە، جگەرت لەت لەتی غەم بێ
نەتبینمەوە، مەسکەنەکەت شاری عەدەم بێ