دڵی من
نەزیرە لەسەر قەسیدەیەکی مامۆستا بێخود
از کتاب:
دیوانی شێخ نووری
اثر:
شیخ نوری شیخ صالح (1896-1958)
5 دقیقه
2515 مشاهده
لەو ڕۆژەوە تۆی دیوە پەرێشانە دڵی من
سەودا زەدە و بێ سەر و سامانە دڵی من
پیشەی خەفەت و شیوەن و گریانە دڵی من
گا وێڵی کەژ و کێو و بیابانە دڵی من
گا دەربەدەری کووچەیی شارانە دڵی من
سەرسامی پەڵ و بەردی مناڵانە دڵی من
***
هەرچەندە بەدوویا ئەگەڕێم شار و وڵاتان
دەشت و کەژ و سەحرا و چیا، چۆڵ و بیابان
نایدۆزمەوە بێ سەروشوێن ڕۆییوە دیسان
شێتانە ئەبێ ڕووی لە چ لا کردبێ یاران
وەک بلبلەکەی وێڵی گوڵستان بە بەهاران
ئاخۆ لە چ گوڵزارێ، غەزەلخوانە دڵی من
***
گاهێ وەکوو لافاوی چیا، ڕوو لە بیابان
وەک هەوری تەڕی فەسڵی بەهاران لە نزاران
وەک بلبلی ئاوارە لە گوڵزار و گوڵستان
مەستانە ئەسووڕێتەوە، هێلانە پەرێشان
شمشاڵی گەرووی پڕ لە چریکەی غەم و هیجران
هەر ساتە بە دەردێکەوە، ناڵانە دڵی من
***
ساتێ بە هەوا و مەیلی پەرستش بە گوڵی ڕووت
جێی مەسجیدە بۆ سوجدەیی میحرابی دوو ئەبرووت
بەینێ بە خەیاڵاتی گرێ و پێچی سەری مووت
پابەندی کلێسایە بە زنناری دوو گێسووت
حەیرانە لەبەر ڕووت و پەرێشانە لەبەر مووت
گەهـ کافر و گەهـ شێخ و موسڵمانە دڵی من
***
ساتێ نەبوو، دنیا بگەڕێ، تۆزێ بە کامی
ڕۆژێ نەبوو، سەد دەفعە کە نەکولێتەوە زامی
زۆرم پەلە کرد، دڵ نەبێ گیرۆدەیی دامی
بێهوودە بوو خۆی تووشی بەڵا کرد بە نەفامی
ڕۆحی بە فیدا کرد و کەچی هەر نەبوو ڕامی
ئێستا بە شەو و ڕۆژ، بەشی گریانە دڵی من
***
نەمدیوە دڵی وا بەد و ئاخر شەڕ و نەگبەت
ڕێ لێ هەڵەبووی، چۆڵ و بیابانی موحیبەت
لاسار و سەهەندە و سەرەڕۆ و سەر بە موسیبەت
وەک بایە لەلای سەرزەنش و پەند و نەسیحەت
گوێ ناگرێ لە جوێن و هەڕەشە و تەعن و مەلامەت
یاڕەبی چ بێ هۆش و چ نادانە دڵی من
***
سەد خۆزگە بێ بەو ڕۆژە کە نەمبیستبوو ناوت
نەمچێشتبوو تامی مەیی، مەیخانەیی چاوت
نەیدیبوو دەس و پێی دڵەکەم ، هەڵقەیی داوت
ئازادبوو لە پێچ و غەمی ئەگریجەیی خاوت
وا ئێستە لە تاو ئاگری هیجرانی بە تاوت
فرمێسکی ئەڵێی تەرزەو و بارانە دڵی من
***
خۆ کفری نەکرد تێپەڕی کرد ڕۆژێ بە لاتا
زوو هۆگرت بوو وا کە ئەگریا بەدوواتا
سووتا وەکوو پەروانە لەناو شەوقی چراتا
ئەتلێتەوە بێچارە لەناو دەرد و بەڵاتا
خوێنی بە هەدەر ڕۆیی، لە پێناوی هەواتا
خۆڕایی نییە، مەیلی لە تۆرانە دڵی من
***
ئیتر بەسە هێندە مەدە ئازار و عەزابی
با نەشکێ پیاڵەی پڕ و بڕژێ مەیی نابی
با نەدڕێ سەحیفەی ئەدەب و دەرس و کیتابی
خۆت نەختێ بپارێزە لە دوعا و لە عیتابی
جوابت چ ئەبێ، ڕۆژی جەزا وەختی حیسابی
جێی زیکری خودا و مەرکەزی ئیمانە دڵی من
***
شەرت بێ دڵەکەم بگرم و وا بیدەمە بەر دار
زنجیر و کەلەپچەی کەم هەتا دێتەوە بەر بار
بیهێنمەوە ناو قەفەسی سینە وەکوو پار
بیدەم بە نیگارێکی وەفادار و خریدار
گوێ بگرێ لە ناڵین و لە گریان و لە هاوار
با بەس بگەڕێ ئەم کەژ و کێوانە دڵی من
***
ئەوسا بگەڕێ، یارێ بدۆزێتەوە بۆ خۆی
تێر سوجدە بەرێتە بەری میحرابی دوو ئەبرۆی
ئیتر نەگەڕێ شار و دەر و دەشت و چیا بۆی
ئۆباڵی هەتا هێندە نەچێتە مل و ئەستۆی
بەڵکوو ئەمە خوایە، کە کەمێ بێتەوە سەر خۆی
با هێندە نەسووڕێتەوە شێتانە دڵی من
***
بڕوا سەری خۆی هەڵگرێ، ڕووکاتە دیارێ
یارێ بگرێ خەندە بەلەب، شوهرەیی شارێ
دەم پڕ لە شەکەر خەندە، مەلەک چیهرە، نیگارێ
بارانی غەزەب، هێندە لە ڕوانینی نەبارێ
بێنێتە سەما، ڕۆحی ڕەوانم بە وتارێ
نەشکێنێ هەموو ڕۆژێ بە سەد تانە دڵی من
***
یارێکی وەها ترسی خوداوەندی لەلا بێ
ڕەحمی بەقەدەر زەڕەیی موویە لە دڵا بێ
ترسێکی لە پرسینەوەیی ڕۆژی جەزا بێ
دەرحەق بە موحیبانی، بە عەهد و بە وەفا بێ
زوڵمێکی کە بوو، مەرحەمەتیشی لەگەڵا بێ
دەس هەڵگرێ، لەو شین و گریانە دڵی من
***
ئەم ئاهـ و ئەنینی دڵە گیانە بە شکایەت
هەر بەردی سەری ڕێتە هەتا ڕۆژی قیامەت
تۆ تێ مەگە، ئەفسانەیە کردوویە بە عادەت
هەر خاکی بەری پێتە بە شەوق و بە شەتارەت
بیبەخشە کە خنکاوە بەلافاوی نەدامەت
هەرچەندە کە لاسارە، بەسەزمانە دڵی من
***
وادیارە کە ئاگات لەدەمی خۆت نییە «نووریتخلص»
تۆ شاعیری لای خۆت و ئەڵێن ئەهلی شعووری
ببڕێتەوە ئەم ڕاز و سکاڵایە لە دووری
ئەی سایەیی ڕووناکی دوو دیدەیی نووری
گوێ مەگرە لە ناڵە و لە عیتاب و لە شرووری
بێهۆش و سەراسیمەیە، مەڕوانە قسووری
تۆ هەر چ بکەی، بەندەیی فەرمانە دڵی من