تالعی کوردی بەدبەخت
از کتاب:
دیوانی شێخ نووری
اثر:
شیخ نوری شیخ صالح (1896-1958)
3 دقیقه
988 مشاهده
دیسان لە ئێمە قاپییەکەی غەم کرایەوە
دەرگای تەڕەب، لە عالەمی دڵ داخرایەوە
دیسان جگەر کرا بە قەنارەی موشەققەتا
یەعنی دوکانی چەرخی جگەرچی کرایەوە
دیسان برینی کۆنی غەمی ئێمە هاتە سوێ
جامی فەرەح بە بەردی حەوادیس شکایەوە
دیسان دووچاوی سووری وەتەن بوو بەگۆمی خوێن
فرمێسکی وەک فوارە، لە دڵ هەڵقوڵایەوە
دیسان لیوایی عەزا، لە لیواو ناحیەو قەزا
بۆ کوردی قوڕ بەسەر، بە مەسەل هەڵکرایەوە
ئەستێرەیەکی بورجی حقووقی هەبوو وەتەن
ئەمشەو لەپڕ کشاو بەجارێ کوژایەوە
داخ و غەمی فیراقی کە دانا لەسەر جگەر
زامی هەزار ساڵەیی دڵ وا کولایەوە
گریا وەتەن، وتی جگەری من بڕایەوە
نووری چرایی مەجلیسی غیرەت کوژایەوە
ئەی چەرخی بەد موعامەلە، تاکەی خەتا ئەکەی!
ئەم کوردە بێ کەسانە بە غەم ئاشنا ئەکەی
دەغڵی وجوودی ئێمە هەتاکەی ئەکەی بە ئارد
خەرمانی عومری ئێمە هەتاکەی بە «با» ئەکەی!
جەڕڕاحی و کەچی ئەکوژی عالەمێ بەغەدر
گۆیا برینی کۆنە و نوێمان دەوا ئەکەی
مەعشووق ئەکەی بەدوژمن و عاشق وەکوو ڕەقیب
باوک لە کوڕ ئەکەیت و برا بێ برا ئەکەی
کوردی فەقیر ئەبێ چ گوناهێکی کردبێ
هەر لەحزەیێ بە سەد ئەلەمی موبتەلا ئەکەی
«عەبدولکەریمشخص» کە دوێنێ لەسەر تەختی «ئینفراد»
حاکم بوو، ئەمڕۆ مەسنەدی داری فەنا ئەکەی
ئەم دایکی کوردی قوڕ بەسەرەت خستۆتە تەعزییە
ئەولادەکانی چونکە ئەسیری بەڵا ئەکەی
ئەگری و ئەڵێ وەتەن: جگەری من بڕایەوە
نووری چرایی بەزمی حەمییەت کوژایەوە
ئەی خاکی تیرەدڵ، هەیە گەر زەڕڕەیێ حەیات
ڕۆحت ئەکەیتە خادیمی سەرچاوەکەی حەیات
زوڵمەت نەدیدە، چونکە گەیشتی بەئاوی خزر
تۆ نامریت و عالەم ئەکا یەک بەیەک کش و مات
ئەو حاکمە کە مەرکەزی قانوون بوو سنگی ئەو
راجیع بەتۆیە، قوڕ بەسەر ئەهلی موراجەعات
ئەو حاکمە کە عەینی وەفا بوو حقووقی مەحز
تەرکی سەریری مەعدەلەتی کرد و هاتە لات
تۆش توخوا وەرە، وەکوو تێگەییوەکانی کورد
تەفسیر مەکە لە خزمەتی، ئەی ڕۆحەکەم فیدات
چەند ئەهلی غەدر و زاڵمی بێ دینی کرد ئەسیر
چەند بێگوناهی دا لە حەپسخانەدا نەجات
زاتێکی وا لە ماتەمی ئەودابێ ئەهلی فەزڵ
چونکە لە زایعاتی وەتەن بوو لە زایعات
ئەگری و ئەڵێ وەتەن، جگەری من بڕایەوە
نووری چرای مەجلیسی عیرفان کوژایەوە
ئەی بلبلی وەتەن وەرە، ئەی باخەوانی کورد
ئەی باعیسی نەمانی درەختی ژیانی کورد
ئەی واعیزی تەرەقیی میللەت بە ڕۆح و ماڵ
سەر دەفتەری جەمیعی فیداکارەکانی کورد
زەحمەت کە خۆشی بێتەوە تا ڕۆژی ڕەستخێز
داغی غەمت لەسەر جگەری سەروەرانی کورد
بۆ غەیری تۆ وەفا و حقووقت لە حاکمان
گەورە و بچووکی میللەت و پیر و جوانی کورد
ئەوراقی سەبری ئێمە بەجارێ وەری درێغ
ڕۆیشت بەهاری عەیش و پەیا بوو خەزانی کورد
تا موڵکی ئاوەدانی بەقا بوو بە مەنزڵت
وێرانەکەی عەدەم بووەتە جێ و مەکانی کورد
نەعشی ڕەفیعی تۆی وەتەنی قوڕ بەسەر کە دی
پشتی شکا، کە عیزەت و ناوونیشانی کورد
گریا وەتەن، وتی: جگەری من بڕایەوە
نووری ئەلەکتریکی شەوی من کوژایەوە