شیوەنی شێخ مەحموودی سەرۆک

از کتاب:
دیوانی شێخ نووری
اثر:
شیخ نوری شیخ صالح (1896-1958)
 2 دقیقه  1022 مشاهده
چ نووکی خەنجەرێ بوو وا بڕی ڕیشەی دڵ و گیانم؟!
چ تینی ئاگرێ بوو وا بەجارێ جەرگی سووتانم؟!
لە سەرچاوەی تەقیوی دڵمەوە خوێناوی ئاڵ و گەش
بەناو شەریانەکانا دێتە سەرچاوەی دوو چاوانم
لەگەڵ دوودی هەناسەم تێکەڵاوی یەک ئەبێ ئەوسا
ئەبێتە دانەیی فرمێسکی خوێن، ئەڕژێتە دامانم
تومەز تیری خەفەت بەندی جگەرمی وا کوناودەر کرد
گەیاندوویە بە یەکتر «تانجەڕۆ» و «زەڵمی» دوو ئاوانم
ئەپاڵێوێ پەڕەی دڵ نمنمە خوێناوی لێڵ و وێڵ
ئەڕێژێنێ مووژەی چاو قەترە قەترە ئەشکی گریانم
وەرن سەیری تەبیعەت کەن، لە هەوری ئاهـ و خوێنی دڵ
کە چۆن تاوێکی هێنا و بارییە سەر مەزرەعەی ژیانم
پەژارە و خەم سەری هێنایە دەر بەم تاوە بارانە
وەری گۆپکەی چناری عەیش و نۆشی سەرچنارانم
ئەمەل نێژرا لەناو خاکا، ئەلەم گۆپکە و چرۆی دەرکرد
بەجارێ هەڵکڕووزا سەبزەزاری نەوبەهارانم
بە کۆچی تۆوە بوو مەحبووبی حەق، مەحموودی ڕەبانی!
وەکوو «غەزنەمکان»، بەچۆڵی مایەوە شاری «سلەیمانیمکان»
لە دوای تۆ شار و لادێ بوو بە کولبەی ماتەم و ئەحزان
وەتەن دانیشتووە بۆ تەعزییە و بۆ فاتیحا خوانی
بەکۆچی تۆ قەڵای ئامالی کورد بنچینەکەی ڕووخا
بەلافاوی خەفەت شاری ئەمەل ڕووی کردە وێرانی
بەجارێ میللەتی کوردی هەژارت بۆ سیاپۆشە
سلەیمانی بووەتە یەک نموونەی گردی سەیوانی
لە هیچ لایەکەوە دەنگی کەمان و عوود و نەی نایە
بەجارێ داخرا ڕادیۆ، نەماوە دەنگی گۆرانی
لە ماڵان شیوەنە و زاری، لە بازاڕا خەفەت باری
نەماوە پێکەنین ئیللا بە دەگمەن یا بە پەنهانی
هەزاران ڕۆحی جۆشانی وەتەن خواهانی کوردستان
لەسەر تابووتەکەی وەستاوە بۆ تەشیعی جوسمانی
بەسەر سەیارەوە بەیداخی ڕەش ئەشنێتەوە دایم
جلی ڕەش بۆتە مۆدە بۆ هەموو خەڵقی سلەیمانی
حەرامە کردنەوەی ڕادیۆ لە چایخانە و لە ماڵانا
بەغەیری گوێ لە ئەخبار گرتن و ئایاتی قورئانی
هەتا ڕۆژی چلەی بەم ڕەنگە بوو ئەحواڵی ئەم شارە
لە پاش ڕۆژی چلەش ئیتر نەما ئەوزاعی جارانی