قانع و گۆڕی موفتی توتنچی

از کتاب:
شاخی هەورامان
اثر:
قانع (1898-1965)
 3 دقیقه  734 مشاهده
ئەی برای شیرین هاوفەردی فەردم
کڵێشەی وێنەی ڕەنگەکەی زەردم
هاوڕێی مناڵی قوتابخانەکەم
هاوڕێی چۆڵ گەردی بیابانەکەم
هاوڕێی سارای مەیل مەریوانەکەم
هاوڕێی هاتوچۆی گەرمیانەکەم
هاودەردی دەروون، هاو خەیاڵەکەم
هاوڕازی پەنهان، هاوئەحواڵەکەم
هاوبیر، هاوگریان، هاوشین، هاوزاری
هاو ئێش، هاوبرین، هاو بێقەراری
من و تۆ هەردوو قوربانی خاک بووین
بۆ جێماوی هۆز دیدە نمناک بووین
من و تۆ هەردوو بولبولی گوڵ بووین
یەک لە یەک بەدتر گیرۆدەی چڵ بووین
من و تۆ هەردوو ئاوارەی دەرد بووین
من و تۆ هەردوو هەناسە سەرد بووین
چەن تیری تانەی وەتەن فرۆشان
چەن توانجی سارد بێگانە و خوێشان
چەن کزەی جگەر، چەن قرچەی دەروون
چەن ئاهی شەوان بەزار و زەبوون؟
چەن شەوی پاییز، تا ڕۆژ دوو بە دوو
چەن هەوڵی بێ سوود، چەندە هات و چوو
بۆ بەجێت هێشتم ڕووناکی دڵم؟
دیلی گیراوی زیندانی گڵم
وەڵامی مفتی بۆ قانع
بە دەنگی نەرم کە هاتە زمان
وتی ئەی هاوفەرد، وێڵی بیابان
ئاخر چۆن نەمرم بەم ئاخ و دەردە؟
بەم لێوە وشکە، بەم ڕەنگە زەردە؟
بەم ناحەقانەی بە چاو ئەبینم
گورگ سەر ئەکاتە لاشەی بێ تینم!
ئەبینم هۆزم تەواو جێماوە
لەبەر نەزانین تەواو فەوتاوە
ئەبینم سوودی نیشتمانەکەم
دەسمایەی لاوی نەوجوانەکەم
بەهیچ کلۆجێ سۆراخی نییە
نازانم قانع، ئەم سیحرە چییە!
ئەبینم هەتیو ناوشان داچەکاو
پێ بە پێخاوس، برسیو لێقەوماو
بێوەژن بێهۆش، لە کۆڵان کەوتوو
پیرە پیاو بێ جل، لەسەرما خەوتوو
ئەبینم لادێ نەخوێندەوارن
بە زکی برسی کۆڵکێشی دارن
جەنابی یاشێخ چاو دائەپۆشێ
خوێنی هەزاران نەفام ئەنۆشێ
یەک بە پزیشکی، یەک بە ئاغایی
یەک بە ڕاو و ڕووت، یەک بە کوێخایی
یەکێ سوفیە و یەکێ دەروێشە
یەکێ نوشتەنووس، یەکێ هوو کێشە
یەکێ مەلایە و دیناری ئەوێ
ئەگەر نەیدەیتێ تەڵاق ئەکەوێ
خۆ باوە سەید مێزەری سەوزە
ماشاللای لێ بێ وەک بەچکە غەوزە
ئەبێ بۆی کۆ کەی دینار و دەرهەم
لە شەکر و چایی لە زۆر تا بە کەم
هەی خۆزگەت بە خۆم، بە سەدهەزار جۆر
کە نەجاتم بوو لە لە ئێش و ناسۆر
هەی خۆزگەت بەخۆم، کە نەما ژینم
ئیتر نەجمەکەی ناوچاو نابینم
هەی خۆزگەت بەخۆم، فەڕاشی مدیر
ئیشم پێی نییە و لێم نابێ زویر
هەی خۆزگەت بە خۆم، شادو مەسروورم
لە ئیستهلاک و لە گومرک دوورم
هەی خۆزگەت بە خۆم، چەندە سەربەرزم
ئیتر لە دەرگای تەجنید نالەرزم
هەی خۆزگەت بە خۆم جگەر وەک کەباب
ئیتر ئیتریبات پێم ناڵێ سەگباب
هەی خۆزگەت بەخۆم کە ناوم نابەن
لە مزگەوتانا، غەیبەتم ناکەن
چاک نەجاتم بوو، هەتا نەفخی سوور
کا و جۆ نایەنم بۆ ئەسپی مەئموور
ئەگەر ئەتەوێ تۆش خۆت ڕزگار کەی
لەدەس ئەمانە تەواو فیرار کەی
هەڵسە بێرە ناو گۆڕی تار و تەنگ
بە جووت دانیشین بێ سەدا و بێ دەنگ
ئیتر براگیان ئەم کوردستانە
زیندانی دەستەی ئێمەومانانە
بەخوات ئەسپێرم دەروون پڕ لە زام
وا چاوەڕێتم، زووکە بێ بۆلام