قانع و سەری

از کتاب:
شاخی هەورامان
اثر:
قانع (1898-1965)
 3 دقیقه  1148 مشاهده
سەرێ پڕ نەبێ لە سەودای نیشتمان
دایم گێژ نەبێ لە خەم بێ دەستان
گەر نەیەتە سووڕ، بۆ دەوای دەردان
هەر تەوالێت کاو مێزەری گران
لە خوا ئەخوازم کە بە بڕین چێ
تا دوا هەناسەی بەزار و شین چێ
***
سەرێ خۆی بەرزبێ و چش بکا لە هۆز
بێ سەر ببینێ و خۆی بکا بە قۆز
فرمێسک نەڕێژێ بۆ جێماوی هۆز
ئاهـ، هەڵنەکێشێ ئاهی جگەر سۆز
لە خوا ئەخوازم کە بە بڕین چێ
تا دوا هەناسەی بەزارو شین چێ
***
سەرێ وەک مێوبێ لە حاستی دوژمن
بەڵام پۆڵابێ بەرامبەر بە من
پڕ بێ لە خەیاڵ، بۆ کچۆڵە و ژن
دەک بی پێچێتۆ لە ناو تۆی کفن
لە خوا ئەخوازم کە بە بڕین چێ
تا دوا هەناسە بەزارو شین چێ
***
سەرێ لە حەنای یاران نەرم نەبێ
بۆ کەس و کاری تەواو گەرم نەبێ
لەڕێی نامووسا لەسەر تەرم نەبێ
لەگەڵ ڕیش سپی، پڕ لە شەرم نەبێ
لەخوا ئەخوازم کە بە بڕین چێ
تا دوا هەناسەی بەزارو شین چێ
***
سەرێ نەزانێ سەرداری چۆنە
تێر بێ و نەزانێ هەژاری چۆنە
هەر گیز نەیدیبێ خەمباری چۆنە
مەس بێ و نەزانێ هوشیاری چۆنە
لە خوا ئەخوازم کە بە بڕین چێ
تا دوا هەناسەی بە زارو شین چێ
***
سەرێ لە وەسواس مەینەت ئازاد بێ
بە ملهوڕیی خۆی، تەواو دڵشاد بێ
ئەو بە مرادبێ و خەڵک بێ مراد بێ
ئەو سەرە ئەگەر کەللەی فەرهاد بێ
لە خوا ئەخوازم کە بە بڕین چێ
تا دوا هەناسەی بەزارو شین چێ
***
سەرێ نەنواڕێ بۆ دەور و پشتی
قەت تێ نەکۆشێ بۆسوودی گشتی
گاڵ هەڵنەوەرێ لە درزی مشتی
دۆشەک ڕابخا و، شان لەسەر پشتی
لەخوا ئەخوازم کەبە بڕین چێ
تادوا هەناسەی بەزار و شین چێ
***
سەرێ پڕ لەگڕ، وەک تەنوور نەبێ
پڕ لە مێشکی ڕوون وەک بلور نەبێ
لەخۆ پەسەندی تەواو دوور نەبێ
ڕۆژی تەنگانە تەواو سوور نەبێ
لەخوا ئەخوازم کەبە بڕین چێ
تا دوا هەناسەی بەزار و شین چێ
***
سەرێ سەراسێ نەگرێ بۆ وڵات
هاواری لێ کەی نەگاتە فریات
پەژارەی نەبێ بۆ بێ دەسەڵات
بەکەس نەبەخشێ پیاوەتی وخەڵات
لەخوا ئەخوازم کەبە بڕین چێ
تادوا هەناسەی بەزارو شین چێ
***
سەرێ بەبێ خەم چێتە سەر سەرین
دوو گوێی خۆی کەڕکا لە شین و گرین
جارێک نەیەتە سەر ئاهو ناڵین
هیچ خەمخۆر نەبێ، بۆ دەستەی بێ تین
لەخوا ئەخوازم کەبە بڕین چێ
تا دوا هەناسەی بەزار و شین چێ