ڕسکان لە خۆڵەمێشدا!

از کتاب:
چراکانی سەر هەڵەمووت
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 6 دقیقه  707 مشاهده

لەو بەیانییەدا خۆرنشین زا و شەوێکی ڕەشی بوو.

لە هەتاوی ئەو ڕۆژەدا چڕبوونەوەی کۆست پەلی هاویشت و

لە ئاپوورەدا، تەنیاییی لەدایک بوو.

لە بیست و چواری نیساندا، پاییزێکی قەمبوور هات و

لە گەشانەوەی باخە هەرزەکارەکانیشدا

زەمانێکی پیر و پووکانەوە بوو بە وەرزمان!.

من نیشتمانێکم هەیە

هەر لە منداڵییەوە سێدارە ڕایژەنیوە و

کۆچ پێناسەی بووە و، زوڵم پارووی بووە و

درەختەکانی برین شمشاڵی بوون و

گوندی بێوەژن و شاری بێوەژن و شەقامی بێوەژن

هەرێمەکانی بوون و

پەپوولەی کوژراو بارانی و

ئاوێنەی شکاو دەموچاوی و

لاواندنەوەیش لاولاوی!

من نیشتمانێکم هەیە، لە دووکەڵ پێکهاتووە

دووکەڵی چوارگۆشە و

دووکەڵی لاکێش و

دووکەڵی سێگۆشە و

دووکەڵی بازنەیی

لە پەنجەرەی ڕەژووی هەر کامێکیانەوە

سەیر بکەیت:

دارستانی قیژە و

شاخی وەیشوومە و

هاوینەهەواری فرمێسک و

گەڕەکی زایەڵەت لێوە دیارە!.

من نیشتمانێکم هەیە

لە هیچ نیشتمانێکی تر ناچێ.

لە هیچ گریانێکی تر ناچێ.

لە هیچ سووتانێکی دی ناچێ. هەموو جارێ

ئەیهاڕن و پووشوپەڵاش و پاشەڕۆی ئازارەکانی

ئەدەن بەدەم

بای شمشێر و بای زرێپۆش و فڕۆکەوە و کەچی لەوسەر

ئەم نیشتمانە ئەفسانەیە دێتەوە و، کەچی لەوسەر

ئەم کۆتەرەیە ئەبێتەوە بە سنەوبەر و ئەڕوێتەوە و

کەچی دیسان ئێسک و پرووسکی ناو سووتماک

یەک ئەگرێتەوە و کوتەکوتەی ئەم جەستەیەیش

هەڵئەستێتەوە سەرپێیان و ڕوو ئەکاتەوە دنیا و

ئەڵێ منم کوردستان!

من نیشتمانێکم هەیە، تەلیسمی گەردوونە

لە قەڵادزێمکاندا ئەیکوژن و بەڵام لە ئامەدمکاندا زیندوو ئەبێتەوە.

لە هەڵەبجەمکاندا سەری ئەبڕن و بەڵام لە کەرکووکمکاندا ئەژێتەوە.

لە هەولێرمکاندا لە قەنارەی ئەدەن و

لە ورمێمکاندا بەرزەوپێ ڕاست ئەبێتەوە.

من نیشتمانێکم هەیە حەوت پەراسووی

لە هەموو نیشتمانەکانی دیکەی ئەم دنیایە زیاترە

نە قەوارە و نە حاڵ و نە ماڵ و نە چەتر و نە شوورە و

نە ئەندامە لە کۆمەڵی نەتەوە یەکگرتووەکاندا و

نە پولێکی هەیە لە سندوقی دراوی دەوڵەتاندا و

نە ئاڵا و نە زرێپۆش و نە فڕۆکە و

کەچی ماوە و کەچی ئەژی و کەچی هەیشە!

من نیشتمانێکم هەیە

باڵای ئەو باڵای ئەشکەنجەیە و

چاوی ئەو چاوی ئەنفالە و

گەردنی ئەو گەردنی گریانە و

ئەم قاچی - «٤/٢٤»ە و

ئەو قاچی -«٣/١٦»یە و

لەبیرمە بەیانییەک دەستی ڕاستی لەژێر هەرەسێکدا قرتا و

لەبیرمە دەستی چەپی زرێپۆشێ

لەگەڵ زینجیرەکانی خۆیدا بردی و

لەبیرمە بەیانییەکی تر دنیا زەهرخواردی کرد و

کۆڕەوێکیش مێژوویەکی ئاسنینی دا بە کۆڵیا و

کەچی لەپڕ ئەو باڵایە ئەستێرە ئەگرێ و

ئەو چاوە ئەبێ بە چاوی دواڕۆژ و

ئەو گەردنە ئەبێ بە گەردنی ئاگر و

٤/٢٤ ئەبێ بە ٣/٢١

٣/١٦ ئەبێ بە ٣/٥

هەرەس ڕاست ئەبێتەوە و دەستی ڕاستم ئەبێ بە قەندیلمکان و

دەستی چەپم ئەگەڕێتەوە و ئەبێ بە دەستی ڕاپەڕینم و

هەمان دنیا دێتەوە و ماچم ئەکات و

ئەم جارەیان مێژوویش ئەبێ بە ئەسپی غارکردنم!

لە بیست و چواری نیسانی ئەو ساڵەدا کە خۆشەویستیی شیرینشخص

هەزاران هەزاری کردبوو بە فەرهادشخصی بێستوونەکانی ئەم خاکە،

زانکۆی سلەیمانیمکان بە سواری کەژاوەی چرا گەیشتبووە

قەڵادزێمکان و بەهاری ئەیلوولی دابوو بە خۆیدا. ڕیزە چراوگی

سەری خوێندکار و مامۆستا، ڕیزە وشە، ڕیزە قەڵەم

بووبوون بە چراخانی زانست و هونەر. سەرلەبەیانیی

ئەو ڕۆژە، لەناکاوێکدا، ساماڵ بوو بە نەینۆکی

شکاو هاڕەی کرد و بەیانی بوو بە بوولێڵ و قەڵادزێ

کەوتە سەر چۆکی شکاو و فوارەی جەستەمان بەرەو

ژوور بوو بە ئاوی یاقووتین و هەڵکشا.

ئیتر دڵۆپە وشە و خوێنی گوڵان یەک یەکتریان خواردەوە.

چاوی کتێب و چاوی درەخت سۆمایان پژا و

کوێراییی چرا داهات و

پێکەنینی هەڵوەری.

کۆلیجێک بوو بە تابووتی ژمارە کوژراوەکانی ماتماتیک و

کۆلیجێک بوو بە تابووتی شیعرە کوژراوەکانی ئەدەب و

کۆلیجێک بوو بە تابووتی گوڵەگەنمە کوژراوەکانی کشتوکاڵ و

زانکۆیش بوو بە تاقیگەی مەرگ!

من نیشتمانێکم هەیە

لە سێ سەد و شەست و پێنج پەنجەرەی ساڵێکیا

ڕەنگە هەر پێنج پەنجەرەیان پێبکەنن

ئیتر سێ سەد و شەست پەنجەرەکەی تری

یان هەڵمی کۆست دایگرتوون و

یان دەستیان ناوەتە ژێر چەنەی خەمی ژوور و

یان سەرسام ئەڕواننە پاییزی دوور و

یان لەگەڵ ڕێژنەباراندا ئەگرین!

من نیشتمانێکم هەیە

بۆ خۆیشی ئەوەندە بچووکە

جێی بزەی گوڵ خەندەرانێکی تێدا نابێتەوە.

من نیشتمانێکم هەیە بۆ پەژارەیش ئەوەندە گەورەیە

جێی هەموو زایەڵەی دنیای تێدا ئەبێتەوە،

من شیعرم کردووە بە ئاو

ئەیکەمە دەفری هەموو ڕۆژەکانی ساڵەوە.

من شیعرم کردووە بە مێو

لەنێو پەنجەکانی خولیا و خەیاڵما

هەموو جۆرە پەیکەرێکی ئەفراندنیان لێ دروست ئەکەم.

جوانیی خودام تێکەڵ بە جوانیی زمانەکەم کردووە

بێگەردیی منداڵم تێکەڵ بە ڕوانینم کردووە

دەنگی هەژارانم تێکەڵ بە دەنگی خوێنم کردووە

بۆیە ئەتوانم ببمە هاژە لە گوێتاندا و

بۆیە ئەتوانم خۆشەویستیتان سەرسام کەم و

بە سیحری زمان کەمەندکێشتان کەم.

من ئەمڕۆ لەنێو شتە بچووکەکانەوە ئەچمەوە نێو قەڵادزێ

شتە لەبیرکراوەکان، ئەوانەی بوون بە هەڵم و کۆست و

بارانی لەبار بردن، من سەرلەنوێ

ئەیانکەمەوە بە هەور و بە چەخماخە و بە باران

من پەلکەگیای سوورباوی قژی سەروەر و

فەقیانەی سپی لە کۆترچووی حەمەساڵحم لەبیرە

سروودەکانی هێرش هەر لە سنگمان

بۆیە ئەتوانم بەر لەهەمووتان

قەڵادزێ ڕاکێشمە ئەم هۆڵەوە.

من نیشتمانێکم هەیە، خەم سابات و خەم کەپرێتی

خەم بووە بە باڵندەی، خەم بووە بە گژوگیا و خەم بە ماڵی.

لەگەڵ ژاندا دیلانێ ئەکا و

لەگەڵ ئازاردا بووە بە هاوڕێ و

لەگەڵ مەراقدا بووە بە دراوسێ و

بەڵام من نیشتمانێکیشم هەیە

لە دوای هەموو قەڵادزێمکان و هەڵەبجەمکانیەک

ئەڵێ و ئەڵێ: لەوانەیە مردن بمرێ

بەڵام من نا!