حەفتا و دوو قەڵبەزەی کوژراو!

از کتاب:
چراکانی سەر هەڵەمووت
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 6 دقیقه  810 مشاهده

ئەمشەو دوای نووستنی ئێوارە لە دەراڵی تاریکیدا

دوای نووستنی پێدەشت لە پێخەفی پووشوی پاییزێکی ماندوودا

دوای نووستنی «ئاسۆس» و کێوە ڕەش لە قووڵاییی

دیرۆکێکی سەر بە تارای لە گوڵی هەنار چووی، ئەم دەڤەرەدا.

بەتەنیا ئەچمە دەرێ بۆ ئەوەی حەفتا و دوو

چرای شیعر داگیرسێنم و هەر چرایەک ئەکەم

بە لقی برینێکەوە و لەژێر هەر لقێکیشدا

سوورەتێک لە ئەوینی خاک و

سروودێک لە باران و پشکۆی تێکەڵ و

پەخشانێک لە جریوە و دووکەڵی تێکەڵ و

عەشق و قوربانی بۆ داروبەرد ئەخوێنمەوە!.

ئەمشەو دوای نووستنی هەمووتان

بەتەنیا ئەچمە دەرێ و حەفتا و دوو کۆتری سەرباڵسووری،

چاو لە کووژەکە چووی، لەناو ڕۆحما هەڵکورماو

بەرەڵڵا ئەکەم، دوای ئەوەی چەند تووڵێ

لە قەفەزەی ئەم سنگەیان بۆ ئەترازێنم

تا بەرز بەرز بسووتێن و بەدەم گمەگمی

زایەڵەیەکی شەقژن گڕتێبەربووی یارانەوە

خۆیان بکەن، بە حەفتا و دوو کونە خەونی ئەو کێوانەدا

خۆیان بکەن، بە حەفتا و دوو ماڵی ئازادیدا.

خۆیان بکەن، بە هێلانەی لانکەی حەفتا و دوو

زاڕۆڵەی تازەزاوی ئەم مەڵبەندەدا و بۆ ئەوەی

لەسەر شانی حەفتا و دوو گۆرانیمان بنیشنەوە.

حەفتا و دوو جاریش بە دەوری مەشخەڵانەکەی جەستەی

ئەم وڵاتە ڕاپەڕیوەدا، بسووڕێنەوە.

بە دەوری شیعرا خول بخۆن.

بە دەوری خەما خول بخۆن.

بیکەن بە زەماوەندی هەڵاڵە

با سنگ بدەن لە زیوی ڕژاوی مانگەشەوی ڕانیە

دەنووک بدەن لە شووشەی ڕەشی دڵی بێوەژنان و

لاملیش هەڵسوون لە چڵی وەریوی لاملی دایکان و

لەو سەریش کە هاتنەوە لەگەڵ خۆیاندا

حەفتا و دوو قەسیدەی زەیتوونیم بۆ بهێننەوە!.

ئەمشەو بەتەنیا چون کەوێکی سەرهەڵگرتوو

ئەچمە دەرێ بۆ ئەوەی لە بەراییی ڕووناکییەکی

حەفتا و دوو چوکڵەییدا

لەسەر شانۆی هەورێکی نزمی ئەرخەوانی

لەبەردەم گوڵەباخی مایکرۆفۆنێکی سوور سووردا

کە حەفتا و دوو پەپوولەی قرمزیی تێی ئاڵابن

لەبەرچاوی حەفتا و دوو قوربانیی خۆرنشین

لەبەردەم حەفتا و دوو کەڵەکێویی بڵێسەپۆشدا

حەفتا و دوو شیعری گڕگرتوو ئەخوێنمەوە

حەفتا و دوو گوڵدانی پڕ لە پڕشنگیان لەسەردا قڵپ ئەکەمەوە

حەفتا و دوو جاریش لەگەڵ حەفتا و دوو سنەوبەردا

بۆیان ئەنووشتێینەوە

بە حەفتا و دوو زاری ئەم لووتکانەیش

ماچیان ئەکەین!.

* * *

ڕیزیان بەستووە، چراوگەکان ڕێ ئەکەن و ڕیزیان بەستووە

جۆگەلە نارنجییەکان، ئەستێرە کەسکەکان ڕیزیان بەستووە و

وا هەموویان بەناو گیانی ئێمەدا ڕەت ئەبن.

ئەم قافڵەی عەشقە، ئەم ڕێچکەی کازیوانە و

ئەم کاروانی برووسکانە

هەر یەکە و گوڵەهەتاوێکیان داوە لە بەرۆکی خۆیان

هەر یەکە و وێنەی ماڵێکی ڕانیە و کۆڵانێکی قەڵادزێ و

مێرگێکی بێتواتەیان کردۆتە ملیان.

وا هەموویان بەناو ڕۆحی ئێمەدا ڕەت ئەبن.

زریان ناوەکانیان لەسەر تاشەبەرد هەڵئەکەنێ و

باران باوەشیان پیا ئەکا و

کەژەکان بۆیان ئەبن بە کەژاوە و

دەریاچەکان ئاویان بەپیرەوە ئەبەن و

منداڵانیش بە سەروملی ئەم حەفتا و دوو تیشکەدا

هەڵئەزنێن و یاری لەگەڵ دەست و پەنجەی ئەفسووناویی

ئەواندا ئەکەن و هەموویشیان بەناو ڕۆحی ئێمەدا ڕەت ئەبن!

* * *

خۆ هەر ئێمە یادی ئەم شەپۆلە کوژراوانە ناکەینەوە،

لەگەڵ ئێمەدا کەنارەکانی زێ و تاڤگەکانیش یادیان ئەکەنەوە.

خۆ هەر ئێمە یادی ئەم حیلە و کوڕژنە جوانەمەرگانە ناکەینەوە،

لەگەڵ ئێمەدا ئەسپی بەرد و جوانووی

کزەباکانیش یادیان ئەکەنەوە.

خۆ هەر ئێمە یادگاریان ناگرینە چوارچێوەی ڕۆژەکانمان،

لەگەڵ ئێمەدا تیشکیش ئەیانگرێتە دواڕۆژ و

لەگەڵ ئێمەدا عاشقانیش ئەیانکەن بە جریوەی خەونەکانیان

ژنان ئەیانکەن بە ڕستەبازنی دەست و

منداڵان ئەیانکەن بە تۆوی هەور و

جووتیاران ئەیانکەن بە تۆوی گەنم و

خوێندکاران ئەیانکەن بە قەڵەمی ڕەنگاورەنگ و

هونەرمەندان ئەیانکەن بە قەڵبەزەی ڕەنگ و

شاعیرانیش بە ڕێژنەی وشە!

* * *

ئەمشەو بەتەنیا ئەچمە دەرێ و وەختێ هەموو شتێ بنوێ

هەر خۆم و حەفتا و دوو هەناسەی کوێستانی هەڵقرچاوم،

هەر خۆم و حەفتا و دوو گڕەی گەرمیانی ئۆقرە لێ بڕاوم

من هەر ئەمشەو لە ئاسۆی ئەم زامانەدا

بە گڕە ڕستەم ئەکەم بە هەڵم و ئەبمە هاڵاو

بە هەناسە ساردەکانیش ئەبمە کلووی بەفرێکی کڕومات و

ئەوسا بەسەر حەفتا و دوو کڵپەی گوڵەبەڕۆژەی چیرۆکێکدا و

بەسەر حەفتا و دوو شانۆی گوڵەجۆدا و

بەسەر حەفتا و دوو تابلۆی پێشانگایەکی کۆچەردا

ئەبارێم و لەناو مێژوویەکی سپیدا

منی شاعیر

وەک پەپوولە و وەک نێرگز و گوڵەپەموو

وەکوو چاوی ساواکانی ئەم دەڤەرە

بۆ خۆم ئەنووم!.

* * *

ئێوە بڕۆنەوە بۆ نێو ژوورەکانی خۆتان!

چاو ببڕنەوە یادگار و ئێوارە تەماوییەکان

حەفتا و دوو گەواڵە هەوریش بکەن بە سەرین تا ئەنوون.

من ئەمشەو بەتەنیا لەم ناوچە سیحراوییەدا

ئەبمە باڕێزە و تەڵان تەڵان ئەسووڕێمەوە.

ئەبمە پەپوولە پاییزە و فرمێسک فرمێسک ئەسووڕێمەوە.

ئەبمە چریکە و گەروو گەروو ئەسووڕێمەوە

من ئەمەوێ ئەمشەو بەتەنیا

سەر لە لانەی حەفتا و دوو مامزی بەفرینی ئەم پێدەشتە بدەم.

سەر لە هەواری حەفتا و دوو بازی یاقووتینی ئەم چیایانە

بدەم و ئێوە بڕۆنەوە بۆ نێو ژوورەکانی خۆتان!.

من ئەمەوێ ئەمشەو لەبەر چراکانی خوێنی

ئەم حەفتا و دوو هەڵۆیەدا، شیعرێک بنووسم

لە حەفتا و دوو لاوە شەوق بداتەوە

حەفتا و دوو دێڕ بێ و حەفتا و دوو لقوپۆپی سترانی لێ بووبێتەوە.

حەفتا و دوو جووتە چاوی کەسکی پێوە بێ

شیعرێک چون بەژنی ئەوان و حەیرانی ئەوان بیرنەچێتەوە

لە ئاسۆسدا ببێ بە تاوێرە بەرد و

لە کێوەڕەشدا ببێ بە بەرگلێیە و

لە دەربەندا ببێ بە نەخشی سوور و

لەناو خەڵکا ببێ بە نان و بە ئاوێنەی ئەوین و

دوور و نزیک ببریسکێتەوە.

من ئەمشەو لەم گۆڕستانە ڕووناکەدا

گوێ لە حەفتا و دوو شمشاڵی شەهید ئەگرم.

لە دواییشدا بۆ سبەی شەو

ئەگەڕێمەوە ناوتان و بە درێژی وەکوو سیروان

بە درێژی وەکوو ئەنفال

هاژە بە هاژەی زامیان و

تنۆک تنۆکی چاویان و

لەرەلەرەی هەناسەیان ئەگێڕمەوە.

ئێوە بڕۆنەوە ماڵێ و لەگەڵ پاییز

سەرکەن بە دڵی یەکتردا،

منیش ئەچم بۆ لای یارانی ڕاپەڕین و

بۆ لای عاشقانی بەرد و

نیشتمانی شیعرەکانم!.