ئەو پیاوەی بوو بە تاڤگەیەکی تری «زەڵم»!
لە وەیشوومە چەمووش و چڕوپڕەکانی ساڵانی بێوڵەت و
ئافاتی بەژار و ژەنگ و تاروماری سەر دیجلە و فوراتدا
لە مێژووی بە چەپۆکانی خوێندا
لەژێر ئاسمانێکی بە تەڵزمی ئاسنیندا
وەختێ «با» ئەبوو بە چەقۆ و
بە دەمە تەور و گەواڵە هەور، بە دڕندە و تەمومژ
بە تابووت و دڵۆپە باران، بە کەڵە پشکۆ،
بە درێژاییی لاواندنەوەی سەربەرەو خواری ئاو و
سنگ کوتانی کەنارە قوڕاوییەکانی کۆست
هەر لە مانگی کوژراوی بە دەمدا کەوتووی ناو بەفری کێوانەوە
تا ڕیزە گۆڕیچەی مەشحوفەکانی ناو ئەهواری خڵتانی ترس و بیم،
تا شەپۆلە قژ ڕنراوەکانی دوو ئاوانی حەپەساوی قوڕنە…
بە درێژاییی هەنیسکی چەقەنەبردوو،
پڕمەپڕمی گابەردی سەر هەوراز و
زریکەی درەخت و
پێدەشتی زراوچووی هەڵتۆقیو بە هەوری گردۆڵکە…
بە درێژاییی کڕووزانەوەی نان
بە درێژاییی هەناسەبڕکێی کڵۆڵی و
بە درێژاییی تاوان
لە گرمۆڵەبوونی شەوی کەسیرەی ئێرەوە
تا ئازارە گرنجگرنجەکانی دارخورمای بەسرە
تا ئەو کەنداوی غوربەتەی کە شیعری «سەیاب»
تیا ئەبوو بە بەلەمی چارۆکەداری حەسرەتێکی سپی و
تیا ئەبوو بە ئاوازی ڕۆحی ڕەوان…
لە تووناوتوونی ئەو سامی دۆزەخ و
لە نێرینەی ئەو گەرداوە نەفرەتیانەدا
دەگمەن بوون ئەو گەردنانەی لە بێشەی قەمەدا و
دەگمەن بوون ئەو دەست و پەنجانەی لە شارەنێزەی بەعسدا و
لەبەردەم دۆڵپای پایتەختا،
نەبنە خاکەسەرێکی پەشموردە و وەکوو لقی شکاو کەچ نەبن و
نەچنە سەر خوانی سوڵتان…
دەگمەن بوو قەڵەمی دەم بە هەورەتریشقە و
دەگمەن، کتێبی کەڵمل و شەوی ڕەفز و
کەم بوون و نەوازە بوون: خەمی گڕدار!
لەنێو ئەو هۆبەهۆی حیلانەدا، لە چنگاونی
کینە و ئەویندا، حیلەیەک هەبوو،
گڤە و وژەی وەک نەیزەکێکی سوور
پاردەکانی بێدەنگیی ئەسمی و ترسی کوناودەر ئەکرد و
ئەبوو بە ئەسپێکی باڵدار.
لەنێو ئەو شەوە یاخییانەدا
شەوێک هەبوو، شەوی مانا و شەوی قەڵا و
شەوی زاوزێی شاخ و ڕووبار
«هادی العلویشخص»، هاژەی دەنگی لە دیجلەوە هێنا و
سووربوونی باوەڕی لە کەللە و سنگی تاشەبەردەکانەوە و
خۆشەویستیی وشەیشی لە نانی چاو بە فرمێسکی هەژارانەوە
خواست و ئازایەتیشی لە پێکەنینی سێدارەکانەوە.
پاکێتی لە دڵی نەورەسەوە و
بەژنی ورەیشی لە دارخورما چاو قاییمەکانەوە هێنا…
کە ئەینووسیی دەفتەرەکانی فوراتی لەبەردەمدا ئەکرایەوە
دڵی منداڵی بۆ ئەبوو بە قەڵەمدان و ئازادیش ئەبوو
بە گوڵدانی سەر مێزی:
ئەو بە نووکی حەقیقەت و
بە تیرێژی ڕوناکییە خوێناوییەکان ئەینووسی.
قوڵەقوڵ ئەوینی بەغدامکانی تیا هەڵئەقوڵی و
تڵەتڵ لە ئاگرە هەرە دوورەکانی کولتووری دنیادا
پژوپۆی ئەهاویشت هەتا بن شوورەکانی چین توێژ بە توێژی
زمان و دیرۆک و پەندی هەڵئەکۆڵی.
ئەی ناسۆر لە وەختی فڕیندا و
ئەی ئاوارەیی لە وەرزی بەخشیندا
تۆ بەرهەیوانی عەقڵێکی پڕ لە هەتاو بوویت، پۆل پۆل
هەموو باڵندەکانی کەلەپوور لە دوور دوورەوە
لە زەمانی پێغەمبەرانەوە ئەهاتن و ڕوویان تێ ئەکردیت و
تۆ ئەستێرەیەکی گەڕیدەی مرۆڤایەتی بوویت و
کۆڵەپشتت پڕی بوو لە ئاوێنەکانی ئازاری ئێمە و
پڕی بوو لە مروارییەکانی ئەسرینی ئێمە و
پڕی بوو لە هەناسەی ڕەنگاڵەمان.
تۆ بەردەوام گردی نەهێنیی نەخشەیەکی بەرینت هەڵئەکەنی و
هەموو جارێ گەوهەرێکی شەوچراغت ئەدۆزیەوە،
هەموو جارێ لە توونێلی ژێر چیای بیرێکەوە سەرت دەرئەهێنا و
چراوگێکی تازەت ئەگرت بە دەستەوە.
تۆ قامگی ئەو هەققە بوویت ئەچوویت بە چاوی بکوژانی ڕووناکیدا.
زوڵم لە هەر مەملەکەتێکدا بوایە، تۆ لەوێ ئەبوویت
تا بچیتەوە بە گژیا و یەخەی تیژی شمشێرەکان بگریت،
برسێتی لە کوێ بوایە
لە هەر هەرێمێکی سیسبوون و هەڵوەریندا بوایە
تۆ لەوێ ئەبوویت
تا چەوسانەوە قاو بدەیت و گوڵەگەنم ماچ بکەیت و
بە بەژنی سبەینێدا هەڵزنی
لە یەک وەختا تۆ لە ژانەکانی کوردستاندا
تۆوی کازیوە بووی، ئەڕسکایت و
هەر هەمان کاتیش لە دەمە برینێکی خوارووی ئەفریقادا
چرۆت ئەکرد و گوڵت ئەگرت و باڵات ئەکرد.
تۆ لە سەری قولەڕەشێکدا ئەبووی بە برووسکە و
هەمان کاتیش لە بیابانی پێست زەردەکاندا لێزمە بوویت و داتئەکرد!
تۆ بە شەو پەنجەکانت هەڵئەفڕین
بۆ ئەوەی لە دەوری سەری گیڤارایەک
زەماوەند بکەن و ببن بە ڕیزە مۆمی داگیرساو و
بە ڕۆژیش بە دوای توحفەیەکی زماندا
گمەیان ئەهات و تا هیندستان باڵیان ئەگرت!
بۆ یەکەم جار و دواجاریش
لە بینینی بە ورشەوپرشەی بەیەک گەیشتنێکی
پڕ لە سەوسەن و وەنەوشەی قسەتا
پڕ لە چەخماخەی سوورباوی قسەتا
لە سەرەتای سووتانی غوربەتی مندا و بەر لە ١١ ساڵ
لە گۆشەیەکی تەریکدا و لەسەر مێزێکی دووکەسی،
تایبەت بە دوو مەراقی هاوڕێ و دوو هەڵقرچانی هاودەم،
لە گازینۆی هاڤانای شامدا، ئاوێنەبەند بە شیعر و
بە باڵای شپرزەی شاعیران: یەکمان ناسی.
کە دانیشتین ئەو دیومان باران و ئەم دیومان ساماڵی تابلۆ بوو
من هێشتا سەر و قژم بۆنی پوونگەی گوێ
جۆگەلەکانی بەرگەڵوی لێ ئەهات و
هێشتا لە چاومدا دوورە ئاگری سەر
لووتکەی پێشمەرگەی تیا ئەبریسکایەوە و
هێشتا گوێم زڕنگەی پاوانەکانی پێی ژنە ڕەوەند و
زرنگەی زەنگی ملی بەرخۆلە سپیوسۆڵە عەجوولەکانی ناو بژوێنی
بە گیاوگوڵی تیا ئەزرنگایەوە و
هێشتا شیعرم هەر دووکەڵاوی بوو.
هێشتا قسەم هەر خوێنی منداڵانی
دۆڵی جافایەتی گرتبووی، کە یەکمان ناسی!
تۆ لەو وەرزەدا
لە تۆمارێکی ئەسمەری باریکەلەی سەر تاقی ئارشیف و
بە چاکەتە خەتخەتییەکەی بەرتەوە،
لە پڵنگێکی لاوازی بزۆز ئەچوویت.
لە کونە بچووکەکانی هەردوو چاوتەوە
بە دەیان باڵە تیشکی تیژ ئەهاتنە دەرێ و
لە بەردەمما یادگار و خەونیان ئەچنی.
لە دەمتەوە، هەوری مانا دائەباری و
لە جووڵانەوەی هەردوو دەستتا، نائومێدیی گەڵاکان ئەوەری.
منیش لەو وەرزی دابڕانەدا و
لەو دەمەدا، لە تازە نەونەمامێکی هەڵکەنراو ئەچووم،
لە شیعرێکی هێلانە لێشێواو و لە ماسی نێو تۆڕێک و
لە خەندەیەکی تەپوتۆزاوی و لە دڵۆپە فرمێسکێکی وێڵ و
لە پەڕی گوڵەبەڕۆژەیەکی بابردوو ئەچووم،
بەڵام تۆ دەمێک بوو لەگەڵ گێژەنەکانی ئاوارەییدا ئەخولایتەوە.
دەمێک بوو، بووبووی بە قاوەی کوتراوی بنی تەنیایی و
دەمێک بوو گژەبای مەنفا پەڕەپەڕە هەڵیئەدایتەوە و
زەمانێ بوو دیجلە خەوی پێوە ئەبینیت و
زەمانێ بوو کۆترەکانی فایەق حەسەنشخص و
نەسبی ئازادیی جەواد سەلیم بیریان ئەکردی!
وتت: ئەم ئێوارەیە بە دووقۆڵی
ئەچینە لای ئەو پیاوەی مامی شیعرتە،
ئەچینە لای جەواهیری.
دەمەو عەسرێکی بڕۆنزی
لە لێواری شەقامێکی بۆنخۆشدا یەکمان گرتەوە و بووین بە سیان؛
تۆ و باران و من…
ئیتر هەرسێکمان وردورد ڕێمان ئەکرد و
بەدەم ڕێوە شام، بریسک و هوڕی ئاوێنە
ڕەنگینەکانی لەشی خۆی ئەدا لە چاومان.
ژنی جوانی شام، فریشتە سپییەکانیش
بۆ منی هێشتا لە جوانووی کێوی چوو،
لە سیحرە تازەکانی خەون بوون و لە زنەی شیعر و ژیان.
بەدەم ڕێوە تۆ پەرۆشی دواهەواڵی بازەکانی ناو بەفر و
پەرۆشی دەنگوباسی دوادڵۆپە خوێنی سەر گەڵا وەریوەکان و
پەرۆشی دەنگوباسی ڕووبارە کوژراوەکانی ناو دەربەند و
پەرۆشی هەواڵی ئاوێنە شکاوەکانی هەتاو بووی.
منیش لە یەک کاتدا گوێم لە هەردووکتان ئەگرت؛
لە شیعرە هێواشەکانی باران و لە لرفە و کڵپەکڵپی
ئاگری جەستەی تۆ.
لە دەرگای پیرە شینەشاهۆی شاعیرمان دا و
چووینە ماڵی دواکوڕی موتەنەبیشخص و
چووینە ناو دوائیقاعی دەنگی موتەنەبییەوە و
دواڕستەی ستوونی ئەومان کرد
بە قووللەی خۆمان.
ئیتر لەگەڵ سەرێکدا کە کوردستانی لەسەر نوسرابوو؛
تا ئێوارێ بووین بە گوڵ و بە ڕێحانەی دەوری
ئەو و حیکایەتی ئاگردانی تاقە ژوورێ.
ئێمە تەنیا بووین
هەر خۆمان و کۆستەکانمان و خوایەکی بێباک.
ئێمە بێکەس بووین
هەر خۆمان و قوربانییەکانمان و ڕۆژهەڵاتێکی بێباک.
ئێمە دەشتێکی شینهەڵگەڕاوی پرسەداری چۆڵوهۆڵ بووین؛
هەر خۆمان و هەڵەبجەیەکی خنکاو و جیهانێکی بێباک.
کاتێ تۆ لە دوورڕا چون گەرداوێکی زەریای سپیی ناوەڕاست
هەستایتە سەر پێیان و هەردوو دەستی زمانی عەرەبیی خۆت
پڕ کرد لە هەورەتریشقەی بەرائەتێکی دۆزەخین و
گرتتە دەموچاوی نەفرەتینی مێژووی خۆت،
گرتتە تاوانی ڕەگەزەکەت و
گرتتە تەختوبەختی دەسەڵاتی ژەهراوی و
گرتتە جەنگەڵی تاوان!
هەڵەبجە و هادی
هەڵەبجە و بەرائەتێکی بوومەلەرزەئاسا
ئەو دوو ناوەن بە جووت
وەک جووتە سروودێ،
جووتە پلووسکێ،
جووتە کارێزێ
ئەڕژێنە ئەستێرکە بچووکەکانی
گیانی منداڵانی ئێمەوە.
ئەی «بەرائەتەکەی»
پڕ لە ڕەهێڵەی پاکژی و
پڕ لە بەرقی بوێری و
سەرڕێژ لە نووری ئازادی و
لێوانلێو لە حاشاکردنی حەقیقەت لە دەمامک و
یاخیبوو لە شوورەی باوکسالاری،
یاخیبوو لە زمانی لمینی پادشاهانەی نیمچە دوورگەی عەرەب و
یاخیبوو لە هەموو شمشێر و ڕم بەدەستانێ.
ئەی ئەو پیاوەی گەردەلوولێکت لە چەند دێڕێکدا هەڵکرد و
باهۆزێکت لە چەند وشەیەکدا بەرپا کرد و
تۆفانێکت لە پەڕە کاغەزێکدا هەستان و
لەسەر منداڵەکانی من،
لەسەر پەپوولەکانی من،
بەر لەعنەتی دنیای نەوت و هەمووی کەوتی!
هەڵەبجە تۆی خۆش ئەوێ
چونکە لە ئاویلکەی دارهەنارەکانیا بەر لە دنیا
تۆ چوویتە ژوورسەری و
سوورەتی بەرائەتەکەت کردە گەردنی گوڵەکانی و
هێشوویەک پەیڤی دڵدانەوەی عاشقانەت
بۆ کرد بە چلچرای کۆتەڵی کۆستەکانی
وا ئێمەیش، من لێرەوە لەتەنیشت باخە خۆڵەمێشییەکانی
هەڵەبجەوە، لەتەنیشت گۆڕستانی ئەو ستران و ئەستێرانەوە
کە بە جلی خۆیانەوە، بە جلی ئاوازەوە، بە جلی جریوەوە نێژران،
لە سێبەری نسرمی چلەیەکدا کە چل ڕۆژە هەتاوی لێ نادات و
چل ڕۆژە وەک کتێبێکی نەکراوە و چون پەپوولەی
وشکەوەبووی ئەلبومی یادگاری، تێم ئەڕوانن.
من ئەمڕۆ لەم
چلەیەدا ئەتکەم بە حەرفێکی بزوێنی تازەی زمانەکەم و
ئەتخەمە گیانی ئەو وشانەوە کە مانا و فۆرمی نوێ بتەقێننەوە.
ئەتخەمە ناو ئەو شیعرانەوە کە ڕووبەڕووبوونەوەیان
لەگەڵ جەللادەکانی جوانی و ڕاستیدا وەک ڕووبەڕووبوونەوەی
چراوگ و تاریکی و چریکە و بێدەنگی وەهان.
من ئەمڕۆ لەم پەخشانە شیعرەدا تۆ ئەکەم بە مێرگی هەتاو و
خۆشەویستیی زارۆڵەکانی وڵاتەکەشم بە کانیاو.
لەم زەمینانەدا تۆ ئەکەم بە گڵۆپ و دەنگم بە نامە.
لەم شەقامی وێرانەدا تۆ ئەکەم بە سوورەچنار و
خەم بە شمشاڵ و عەتف بە ئاگر و سووتانم بە سەما.
ئەی ئەو پیاوەی بووی بە تاڤگەیەکی تری سەرچاوەی زەڵمم!
تۆ لەو تاقانە دارخورمایانەیت
کە ئەتوانێ بەبێ پرس بێیتە ماڵەوە و لە دەرگای
ژوورم نەدەیت و گیانم بپشکنی و
جلی شیعرەکانیشم لەبەر بکەیت و
دەم بنێی بە ئاوی ڕۆحیشمەوە!
لە دەرەوەی ماڵەکەی منیش!
وا هەنووکە داربەڕووەکان لەسەر کڵاوەکانی خۆیان
ناوی «هادی العلویشخص» ئەنەخشێنن و
لە قرچەقرچی غوربەتیشدا لووتکە دەست ئەبا و
پڕ بە هەردوو مشتی بەردینی وردە بەفری ڕنووکانت تێ ئەگرێ و
شاعیران بە ئاوی تریفە شیعرت بۆ ئەنووسن و
کەوەکانمان قاسپەقاسپی بەهاری خۆیانت پێشکەش ئەکەن و
مەولەوی لە پەپوولەکانی ناو ڕیشی خۆیت بۆ ئەکا بە دیاری و
گۆرانیش بە خۆی و پەلکەڕەنگینەیەکی گردی گوڵانەوە
دێت بەپیرتەوە.
بڕوانە ئەم وەفا کەسکەی وڵاتی عاشقان
بڕوانە! لەسەر یاڵە پشت کووڕەکانەوە
وا سنەوبەرەکان بانگت ئەکەن!
منداڵەکانمان لە پۆلی خوێندندا هەڵوێستەکانت ڕەسم ئەکەن.
غەریبیت ڕەنگ ئەکەن! ژنەکانمان
شاموورووی ملوانکەکانیان ناو ئەنێن
«هادی العلوی»
هەژارانی کوردستان بە ڕەنگی زەردیان
لەسەر ڕەنی گوێ ڕووبارەکان ئەنووسن
«هادی العلوی»
کانی عاشقان بە ئاوەڕۆی حەسرەتی خۆی ئەنووسێ
هادی العلوی، هەر کاتێکیش باڵندەکانمان بگەنە شام
دوای خولخواردنیان بە دەوری گومەزەکەی ڕۆحی مەولانەدا
چینەی ئەوینیان ئەبەنە سەر خۆڵی مەزارەکەت و
جریوە و جووکەیان بە کێلەکانتا هەڵئەواسن، هادی العلوی
منیش بۆ خۆم کە ئێستە ڕۆیشتمەوە
هێدی هێدی بە گڕی شیعرێ ڕووناکبیری و ئازایەتیت
بەسەر یەکدا ئەتوێنمەوە و پەیکەری پچکۆلانەی
لێ دروست ئەکەم، بچکۆلانە هەر ئەوەندەی
لە گوێچکەلەیەکی دڵما جێی بێتەوە
لەوێدا دای ئەنێم، مامۆستام هادی العلوی!