«مارف ئاغایی» شیعری کشاو و بارانێکی جوانەمەرگ!

از کتاب:
چراکانی سەر هەڵەمووت
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 5 دقیقه  865 مشاهده

ئەو ناسین و بەیەک گەیشتنە تراویلکەی خەونێ بوو

لە هاوینێکی شوومدا یان چارەنووسێکی تاروماری

لە تەوێڵ نووسراوی شیعری پەڕاگەندەم؟!

کامیان بوو، کۆستی بارانێکی جوانەمەرگ

یان کۆچی بێوادەی گۆرانییەکی گوڵ بەدەم؟!

یەکەم بینین و دوا بینین و ئیتر سارای سەر بە تەم توومانی

مەرگ و، بێدەنگییەکی ئەبەدی!

ئەو ڕێکەوتە چەمووشانە چین بە پڕتاو دێن و

هیواکانی نێو باوەشمان ئەفڕێنن و لەناکاوێکدا

لە هەزار بە هەزارێکی تاریکییەوە تلۆریان ئەکەنەوە؟!

ئەی چ کسپەیەک لەو کسپانە ئاگراویترە

کە لە ساتەوەختێکی هەرگیز چاوەڕوان نەکراودا

چزەی تا سەر ئێسقان سووتێنەر لە ژیانت هەڵئەسێنن؟!

من مەبەستم لە چزەیەکە بیر نەچێتەوە.

مەبەستم لە زامێکە ساڕێژ نەبێتەوە.

مەبەستم لە گڵێکە مەیلبڕ نەبێت.

مەبەستم لە گینگڵی ڕۆحە و لە چوڕچوڕەی

خوێنی چاوەکانی خۆشەویستی!

خۆزیا ئەو پەڵە هەورەم هەر نەبینایە.

تەوقەم لەگەڵ ئەو هەتاوەدا نەکردایە و

خۆزیا لە نزیکەوە ئەو شەماڵە دەم بە زەردەخەنەیەم

نەناسیایە و، پیاسەم لەگەڵ ئەو ئەستێرەیەدا نەکردایە و

ئەو قەسیدەیەم ماچ نەکردایە!

پێشتر دووراودوور جریوەی وشەیم ئەبینی.

پێشتر دووراودوور گوێم لە هەناسەکانی ئەبوو.

پێشتر دووراودوور بۆنی ڕەنگەکانیم ئەکرد.

بەڵام ئاخر ئەوە لە کوێ و ئەوەی لە کوێ ئەستێرە خۆی

دەست بخاتە سەر شانت و ئاواز خۆی شیعرت بۆ بخوێنێتەوە و

گوڵیش خۆی گاڵتە و گەپت لەگەڵدا بکات و هەتاو خۆی

بتدوێنێ و لەیەک ژووریشدا لەگەڵ تریفە خۆیدا دابنیشی و

لەسەر یەک مێزیش ڕووبەڕوو لەگەڵ گوڵەبەڕۆژەیەکدا

گفتوگۆ بکەیت!

ئەوە لە کوێ، درەختێ نامەت بۆ بنووسێ و

ئەوەی لە کوێ، درەختەکە خۆی بێت بەپیرتەوە و

باوەش بە ملتا بکات و ماچت بکات و

لە بۆن و بەرامەی ئەوینی خۆیت پێ ببەخشێ؟!

ئەوە لە کوێ باسی تیترواسکی عاشقی گوێ زرێبارت بۆ بکەن و

ئەوە لە کوێ تیترواسکەکە خۆی ببینی و

سەرت بخەیتە نێو پەڕوباڵیەوە و لە باڵەفڕێدا

بە پرژەی تنۆکە زیوینەکانی ئەو تەڕ ببی.

ئەوە لە کوێ «سروە» لە ورمێمکان بێ و

ئەوەیش لە کوێ سروەت بۆ بێننە «تارانمکان» و

لە قرچەی پایتەختا پەپوولەبارانت بکا و

وشەی فێنکت بەسەردا ببارێنێ!

چەند ڕۆژێ بوو کەچی ئەتوت:

چەند ساڵێکە چاومان یەکتری ئەناسێ و کەچی ئەتوت

زۆر دەمێکە لق و چڵمان ئاوێزانی یەکتری بوون و

چەند ڕۆژێ بوو کەچی وامان ئەزانی لە دەڤەری خۆشەویستیدا

لە ئاوێتەبوونی ئاوی گیاندا، بووین بە دووئاوانێ!

تۆ لە «ورمێ»وە هاتبووی

لە دەریاچەوە بۆنی گوڵەستێرەی ئاوی و

لە باکوورەوە بۆنی ڕێحانەڕەشەی کاکۆڵی ژنە شوکاکی و

بۆنی بەستێنی سۆزێکی تەڕوبڕت

لەگەڵ خۆتدا هێنابوو.

منیش لە «پیرەمەگروونمکان»ەوە لەگەڵ خۆمدا

مانگەشەوی شیعری «گۆرانشخص» و

کوڕژنی سروودەکانی «بێکەسشخص» و

لە خۆراواوە ڕەنگی گریان و زایەڵەی

ژنانی گەرمیانم بۆ هێنابووی.

من تاڵە قژێکی ڕیشی «نالیشخص»م دایە دەستت و

تۆیش ئاخێکی هەڵقرچاوی سینەی «وەفاییشخص» بۆ شیرین.

تۆ چریکەی «سەید عەلی ئەسغەرشخص»ت

کردبوو بە شەدەی سەرت و

منیش ئەڵڵاوەیسییەکەی «عەلی مەردانشخص»م

کردبوو بە چاوگی گڕە و لە دەنگما بۆم هێنابووی!

خۆزیا لە نزیکەوە ئەو کۆترەم نەناسیایە.

خۆزیا لە نزیکەوە ئەو دارچوالەیەم نەبینیایە.

لە بەفر ئەچوو، لە وەختی پێکەنیندا.

لە پەپوولە ئەچوو، لە وەختی پەیڤیندا.

لە سروە ئەچوو، لە وەختی ڕێکردندا.

لە «کانی عاشقان» ئەچوو، لە وەختی دڵتەنگیدا.

لە کڵپەیەکی نارنجیش ئەچوو، لە وەختی سووتاندا.

خۆزیا لە نزیکەوە ئەو وشە ئێسکسووکەم نەئەبینی.

خۆزیا لە نزیکەوە ئەوخەونە سپییەم نەئەناسی.

لەو چەند ڕۆژە کەسکەدا

بیابان و قاقڕی دابڕانی سەدان ساڵمان

کرد بە بژوێن و لێرەوار و خۆمان لە گۆمەکانیان هەڵکێشا

لەو چەند ڕۆژە شینەدا

هەموو وشە دەربەدەرەکانمان یەکە یەکە بەسەر کردەوە.

لەبنی قوڵی یادگارەوە مرواریی خەونمان دەرهێنا و

کردمان بە ڕشتەی گەردنی هۆنراوە.

بڕیار بوو، لە کەناری وەرزێکی تردا بەیەکتر بگەینەوە.

بڕیار بوو، لە هەمان ئاوێنەی خۆشەویستیدا یەکتر ببینینەوە.

بڕیار بوو، ئەم جارە دوورتر بفڕین،

بەڵام مەرگ ئەو وەرزەی داڕنی

ئاوێنەکەی کرد بە دوو کەرتەوە لەتێکیانی دا بە گڵ و

ئەویتری بە ژووری نامۆییی مندا هەڵواسی!

بەڵام مەرگ، ئاسمانی کرد بە گۆڕستان و

مانگەشەویش هەڵوەری!

خۆزیا ئەو دەریاچە مەنگەم هەر نەبینیایە.

خۆزیا ئەو پەڕەسێلکەی موکریانەم هەر نەناسیایە.

بەڵام خۆزیای ئێمە هەموو جار لە بەرەبەیاندا ئەمرێت!

بەڵام خەونی ئێمە هەموو جار لە گەشانەوەدا ئەسووتێت!

ئەی ئەستێرە کشاوەکە!

تۆ کەوتیتە دڵمەوە، ئێستە دڵم چراخانی گریانە.

ئەی بارانە جوانەمەرگەکە!

تۆ بارانی پەڵەی ژانێکی نوێم بوویت و

ئێستە وەرزم وەرزی کسپە و دابڕانە.

خۆزیا، خۆزیا، خۆزیا ...

ئەو شەپۆلە چاوڕەشەم هەر نەبینیایە و

ئەو گوڵی دارهەرمێیەم هەر نەناسیایە و

ئەو سەفەرە شوومەم هەر نەکردایە!