قوڕەسووری زمان و گۆزەی شیعر!

از کتاب:
چراکانی سەر هەڵەمووت
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 10 دقیقه  1331 مشاهده

بە هەنگاوی چۆلەکەیەک، لەسەر بەفری نواباریوی ١٩٩٧/١/٩

چەند دێڕێ جریوە و جووکەی شین با و

چەند بەیتێ فرمێسکی قافیەدار و چەند نۆتەیەکی پرووشە و

چەند هەناسە

پەخشانێکی «سەرچنار»م نووسی!

بە قەڵەمبازی مامزێ

پێدەشتی شیعرم تەی کرد و

لەسەر کانی و ئاوی زمانێکی لە چاوی قرژانگ ڕوونتر،

دەمم نا بە پلووسکی ڕەوان بێژییەوە و

سینەم بوو بە مێرگی ئۆخژن.

لە پەڕەپەڕەی چاوی گوڵەبەڕۆژەیەکی «قەرەداخمکان»

هەزار وردە ئاوێنەی بەردەمی بەرد و هەزار بالیفە گەڵای،

ژێر سەری شەونمم دروست کرد!

لە تاڵەقژی پەرییەکانی «فەرهەنگی خەم»یش جۆلانەم بۆ دیلانێی

پەپوولە هەڵخست و

ڕەشماڵێک بۆ کزەبا و

پۆپەشمینێ بۆ ئاوی ڕاکشاو

چەپکە تەمێکیشم دایە دەست درەختی چاوەڕوان!

ئەو شەوە، من لێرە خەونی چیایەکی وێڵ بووم

چڕنووکی کۆچ ئەیڕنیمەوە و

باڕێزەیەکی سەرگەردانیش ئەیدام بە دەم

کەفەژیلکەی بەندەرە نادیارەکانەوە.

ئەو شەوە، من دەستی لەرزۆکی نامۆیی بووم

پەرداخێکی وردوخاشی «سەعات» و

قاپی شەرابی کوژراو و

کورسییەکی شەل و

کەمانچەیەکی لاڵ بووم.

من ئەو شەوە، هەنگەزەردەیەکی پوورەی خاپوور بووم

لە شیلەی زمانەکەی خۆمدا ئەخنکام!

* * *

بە شەقاوی مانگەشەوێک

لەسەر بەفری نواباریوی ١٩٩٧/١/٩

خەرمانەیەک زایەڵەم نووسی و

بەرلەوەی کازیوە چاوی بگڵۆفێ

خەرمانەکەم هەڵگرت و کردمە ملی «فەرهەنگی خەم»

بە هەڵبەزە و دابەزەی دەنکە تەرزە

شیعرێکی ناتەواوی ئەو فەرهەنگەم تەواو کرد

بە هەڵچوون و داچوونی شەپۆلێکی ئەو دیوانە

گەمیەی عەشقم خستە سەما

من سەمای «وەجد» و

من سەمای دووکەڵ و

من سەمای گریان و

من سەمای «حەللاج»ەکەی «شێخ» بووم

لەو شەوەدا

* * *

هەواری خۆڵەمێش و سوتماک لە مەملەکەتی شیعردا

مەستە بە بۆنی بادەی «فەرهەنگی خەمی» تۆ،

ئەی پیری ئەوینداران و

چراوگی دەس سەرخۆشانی کۆڕی سەمەندەر و قەقنەسی یاران!

بە لای ئێمەدا بادەوە، خاڵییە

گۆشەی پڕ لە نووری خەڵوەتگەی مەولانە و، خاڵییە

ژووری قوڵقوڵەی پێکەنینەکەت

چما لەو سەفەرە ئەفسوناوییە نەگەڕایتەوە؟!

ئەی بارانی ڕەوەند و ئەی دارهەرمێ گوڵ سپییەکەی قەرەداخ

چما لەو تەمەنەدا

وەک پرشنگێکی گیرخواردوو مایتەوە؟! نەگەڕایتەوە؟! چما؟!

ئەوە تۆ نەبووی ئاگرمان سارد بکەیتەوە، ئەوە تۆ نەبووی

چاوەڕوانیمان بکەی بە پووش و پەڵاشی وێرانەیەک و بە

چاوەڕوانیی مەلێکی جووت کوژراو! چ زوو، لە کوێوە بووی

بە هۆنهۆنی ئەسرینەکانی چەمی دێوانە و یان بە پەنجەرەیەکی

«خۆرنشینی» قۆپیو چ زوو! مەیلی گڵ و مەیلی تراویلکە و مەیلی

«کەژاڵ» هەڵیگرتی بۆ سارای ئەبەدی و لە کوێوە

چوویتەوە ناو دڵۆپە باران؟!

بە یاڵی کام «بادی خۆش مروور»خۆت هەڵواسی و

گەیشتیە تاراوگەکەی «ناڵی»؟! کام «شەمعی شەوی» مەحوی

لە بەردەمتەوە ئەڕۆیشت و تۆیش پەروانەکەی جاویدان؟!

* * *

زمانی کوردی: لە گەرووتا، شمشاڵەکەی «وەلی» بوو

زمانی کوردی: لە بەردەستتا، ئەو قوڕەسوورە موبارەکە بوو،

کە گۆزەی بە لەنجەولاری شیعرت لێ دروست ئەکرد

زمانی کوردی «دەربەند باسەڕە» و تۆیش باڵی بەرینی

قەڵەمێکی لە شینەشاهۆ چووی دەڤەری خەوبینین بووی.

تۆ! بە تاقە گیا کەڵەیەکی ناو مێرگی شیعر ئارامت

لەبەر ئەبڕا و هەزار جار ئەم دیو ئەو دیو بە مەلۆتکەیەکی

تازە زاوی ناو باوەشی خەیاڵت ئەکرد

ئەوەندەت بەسە

گوڵدانێکی شیعرت لەسەر بانیژەی هەتاو دانابێ

ئەوەندەت بەسە

دڵی زمانی کوردیت خۆش کردبێ

ئەوەندەت بەسە

«نالی»یەک ماچی نێوچەوانی کردبی

ئەوەندەت بەسە

شاخی زەردیش لەم کۆچەدا

یەک دڵۆپ فرمێسکی بۆ ڕشتبی!

* * *

لە خانەخانەی یادگار لێ نیشتووی ساڵاندا،

هەموو جارێ ئەو ئەلبوومی هەور ڕێژانە دەرئەهێنم

کە دڵۆپ دڵۆپ شیعریان لێ ئەتکێ و

کە خەیاڵیان تیا ئەپشکوێ و

کە ڕەنگیان تیا ئەڕوێ و

کە پەپوولەیان تیا ئەنوێ

بە شیعر چاوی خەیاڵ ئەڕێژم و

لە ڕەنگەکانی بیرەوەریشدا

پەپوولە بە «با» ئەدەم و

بیرت ئەکەم!

براکەم! لای هەندێ کەو نەبێ،

کە ئەزانن چۆن بۆ چیای عەشق ئەخوێنن

کە ئەزانن بە قاسپە بەفر بنووسنەوە

لای هەندێ کرمی ئاوریشم نەبێ

کە ئەزانن چۆن قۆزاخە بچنن و

کە ئەزانن چۆن درەخت بلاوێننەوە

لای هەندێ ماسی نەبێ

کە ئەزانن گەرا لە کام قوڵاییدا ئەخەن و

ئاوزەنگی ئاو چۆن دروست ئەکەن و

چۆن لە گێژەن ئەپەڕنەوە

وەلێ ئیتر لە پاشاگەردانی وڵاتی شیعردا

ئێستە «زمانی کوردی» لە بەڕووی بێ کڵاو و

لە گوندی ڕاگوێزراو و

لە هەتیوی کزی بەر بەرۆچکە و

لە چۆلەکەی کەسیرە و

لەو نیشانە بەسەزمانە ئەچێ

ڕۆژی هەزار تیری نەزانی تێ ئەگیرێ!

* * *

سلێمانیمکان لە بیرێتی:

لە سەردەمێکدا وشەمان ئەکرد بە مۆم و

شەوانە لە دەفری کریستاڵی بەفردا دامانئەگیرسان!

لەو دەمەدا: هەموو کورسییەکانی عاشقانی شیعر

لەم شارەدا، چل کورسی بوون و لە باخچە لاکێشەکەی

«یەکێتیی نووسەران»دا ڕیزمان ئەکردن و هەندێ جار

نیوەیان لە ددانی کەڵ ئەچوون چۆڵ و بە میوانی

نوکتەکانی خۆمان پڕمان ئەکردنەوە!

تۆ لەو دەمەدا لە خوڕەی ئاوێکی تیژ ئەچووی

قاقاکانت ئەوەندە گەرم و لەرزێنەر بوون

لە بنجەوە چیرۆکە باریکەکانی

«شاکر فەتاحشخص»ت دائەچڵەکان!

کالانەی فرمێسک تێزاویشت لە قووڵی مشتتا بوو

چاوت لە پەلکە گیای ئاونگاوی ئەچوو

دیمەنی کڕووزانەوەی گوڵەگەنمی گریانی بەردێ

ڕوخساری پەڕیوی دەروەزەکەرێ، چۆلەکەیەکی عاسی و

باڵەفڕێی سکاڵایەک بەس بوون بۆ ئەوەی

کسپە لە جەرگی شیعرت هەستێنن.

ئۆباڵ بە گەردنی شیعرم

«ڕق» نە باریکی و نە ئەستووری

لەناو دارەڕاکانی بنمیچی ژوورەکەی دڵی تۆدا نەبوو.

ئۆباڵ بە گەردنی شیعرم

لە سەرینی ژێر سەری شەوانەتا

نە «تۆڵە»ی لە بندا بوو نە «ئێرەیی» و نە پەڕی «بوغز»

ئەوەی لێت نەئەزانی دوو شت بوون:

بازرگانی و سیاسەت.

ئەوەی کە لێشت ئەزانی هەردوو شت بوون:

شیعر و ئەوین!

تۆ لە شەستەکانی تەمەندا بوویت و

بەڵام دڵی منداڵێکی دوانزە ساڵانە لە سنگتا بوو

وەک ئەوەی دارتوویەکی شەست دەست و پەل

گوڵە مێخەکێک دڵی بێت!

وەک ئەوەی «بەرانێک» کۆترێک دڵی بێت و

وەک ئەوەی «مامەیارە» بچووکترین قوربانیی

ئەم وڵاتە، دڵی بێت!

لەبیرمە!

یەکەمین هەرەسی شاخە بەفری لەشی تۆ

لە گرمە و ناڵەی کۆچەکەی «کەژاڵ» و لە برووسکەی

ئەرخەوانیی خوێنی ئەوەو دەستی کرد بە داڕمان!

بەرلەوەی ئەو «مانگ»ە ئاوا بێ،

بەرلەوەی ئەو گۆرانییە خڵتانی بێدەنگی بێت

بەرلەوەی ئەو ملوانکەی تریفەیە پچڕێتەوە

بەرلەوەی ئەو شووشەی خۆرەتاوە وردوخاش بێ

تۆ هاژەی نێو گەلیی جەستەیەک بوویت

گاڵتەت بە تۆڕی مەرگ و وشک بوون ئەکرد.

گاڵتەت بە قڵپبوونەوەی کەشتیی عومر و

گاڵتەت بە کوژانەوەی چراوگی بەر ڕەشەبا ئەکرد

تۆ ئەو دەمە حیلەی تاشەبەرد بووی

پێکەنینت بە خلۆربوونەوەی ساڵ ئەهات

پێکەنینت بەو دزەی مردنە ئەهات

کە بە چوارمشقی یان بە ڕاکشانەوە

زەفەرت پێ بەرێ!

* * *

حەزت بە سەر و فەساڵی چەقۆکەش «ڕەخنەی کوردی» نەئەکرد

ئەتوت: ئەوانە قاچاخچیی وشەن!

دارچنارێک بوویت و کەچی لە ژماردندا ئەیانپەڕاندی

کڵاوڕۆژنەی شیعرە جوانەکانتیان

بە پارچە مقەبا دائەپۆشی.

پێم ئەوتی هێشتا ئەو ڕەخنەیە

لە دیرۆکی تۆڵەی دوورودرێژی «قامیشی و دڕەیی» ئەچێ

ئەم ڕەخنەیە پیاوێکی کەتەیە و

جامانەکەی هی خۆمانە و

چاویلکەکەی هی خۆمانە و

زوبانەکەشی هەر هی خۆمانە

بەڵام ئەم پیاوە ئەوەی هی خۆی نییە

سەرێتی و

چاوێتی و

گەروویەتی!

تۆ بەچکە کەروێشکی ناو لانەی سینەت

هەندێ جار بە قونەقون پێشت ئەکەون و

ئەیبردی و ئەیکردی بە داوەوە!

ئەوەی ڕاستی بێ تۆ هەر گوڵەکێویلەکەی «سێوسینان» بووی

بۆیە لە باخچەی ڕیای شاردا

گوڵە دەمامک و

گوڵە ژەهراوییەکانت

بە وردی لە یەکتر جوێ نەئەکردەوە

تۆ خۆت نێچیری

پاکێتیی خۆت بوویت!

* * *

پرسیبووت: چۆنم؟!

من کفنی جەستەی شەوی خۆمم

دوو ئاوانەکەی «ناڵی و حاجی»یش ڕژاوەتە ناو منەوە

لەتاو داهۆڵە پیاو

هاڵاو، لە غەریبیشم هەڵئەستێ، هاڵاو

داهۆڵە پیاو

نیشتمانیان کرد بە کاغەزی قومار

نیشتمانیان کرد بە پەشتەماڵ

نیشتمانیان کرد بە ئەسپی ڕایز

نیشتمانیان بە خۆڕایی و بە جلی خۆیەوە

جارێک پێشکەشی «حەجاج» کرد و

بە بێوەژنیش جارێکی دی دایانەوە

مستەفا کەمالشخص!

نیشتمانیان فۆتۆکۆپی کردۆتەوە

بۆ ئەوەی لە بازگەکانی گومرگدا

لە باتی جارێک، چەند جارێک پارەیان بۆ بکات

هاڵاو، لە غەریبیم هەڵئەستێ، هاڵاو!

* * *

قەرەداخ ژوانی لەگەڵ هەزاران گوڵەستێرەدا بووە.

بەڵام هەر چەند، گوڵ ئەستێرەیەکی لەیاد ماوە

سەرچنار ماچی نێو هەزاران چناری کردووە

بەڵام چەند ماچێکی لەیاد ماوە

کوانووەکان هەزاران هەزار حیکایەتیان گوێ لێ بووە

بەڵام هەر چەند حیکایەتێکیان لەیاد ماوە

ڕێزە بە ڕێزە شەستەبارانەکەی کۆچ و کۆچڕەوی

بەهاری ١٩٩١یش

گوێی لە چەندین هۆبەهۆ

زایەڵەی شیعر بوو

بەڵام هەرچەند شیعرێکی لەیاد ماوە و

یەکێکیان هەناسە سووتاوەکەی تۆ بوو!

* * *

من ئەمشەو زەنگێکی پڵپڵەداری شین

ئەکەمە ملی ئاسکە بەفرینەکەی شیعر و

بە شەقامەکانی تەنیاییدا، ئەیگێڕم

من ئەمشەو بە هەنگاوی مۆمێکی کەڵەگەت

لەسەر بەژنی زرافی زەریا چامەیەکی سەرخۆش ئەنووسم

بە هەناوی فرمێسک لەسەر هەنیەی گەڵا

ترووسکەیەک ئەنووسم

من ئەمشەو بە هەناوی جوانوویەک، مێرگێک ئەنووسم

بە هەناوی برینێک، قیژەی یاقووتێک و

بە قامکی شەماڵ، فەرهەنگی خەم ئەنووسم

لێمگەڕێن! ئێوە ناچن، من خۆم ئەچم

لە سەرەڕێی هاوار و زایەڵەکاندا ئەوەستم

بۆ ئەوەی بزانم چما ئەو لاوکەی ئێمە نەهاتەوە؟!

لێمگەڕێن! ئێوە ناچن، من خۆم ئەچم

یەخەی گەواڵە هەورەکان ئەگرم

لە ئەستێرە کاروانچییەکان، سۆراخ ئەکەم

ئاخۆ لەبەرچی ئەو چرا بەفرەی ئێمە نەهاتەوە؟!

ئەو سترانە بۆ کەوتە درەنگان؟!

لێیان ئەپرسم: ئەم خەمە پەرەوازەیە

لە «کەلیخان» گیری خواردووە و بەفر ڕێی نادا بێتەوە

یان هەر خۆی خەمێکی خوێنساردە و

ئەیەوێ بە کاوخۆ بەپێی پەپوولان بێتەوە؟!

لێیان ئەپرسم: ئەو سۆزەی «مەحویشخص»

لە ڕەوەزەکانی «بەمۆدا»عاسیی بووە؟!

برووسکەی «حەللاج» فڕاندوێتی؟!

پەریی ئاو، بردوێتی

لە «ئیشراقدا» تواوەتەوە؟!

یان لەوبەر سیروانەوە بۆ شەوێک

لای حەزرەتی «مەولەویشخص» ماوەتەوە؟!

ئێوە ناچن، من خۆم ئەچم و

لە «زەڵممکان» ئەپرسم: لەوانەیە لە خوڕەی لووزەو دابێ

لە «شەمشخص» ئەپرسم: لەوانەیە لە خۆرنشینی قژیا بێ

لە «وەلیشخص» ئەپرسم: لەوانەیە چووبێتە ناو شمشاڵەکەیەوە.

لە «کوڕەکاژاو» ئەپرسم: کێ ناڵێ نەبووە بە کڵاوکوڕەیەکی ئەو؟!

من ئەمشەو بە هەنگاوی چۆلەکەیەک

لەسەر بەفری نواباریوی ١٩٨٨

بە هەنگاوی نەوڕەسێک لەسەر دەفتەری سەهۆڵ و

بە هەنگاوی قەڵەمێکی سەرگەردان،

لەسەر جەستەی ترافیە و تاراوگە ئەنووسم:

ماڵاوا حەسیب قەرەداخیشخص!