حەسەن کوێستانی: داربەڕووە سوورەکەی باڵەک

از کتاب:
چراکانی سەر هەڵەمووت
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 8 دقیقه  1157 مشاهده

ئەمە کۆچی سووری داربەڕوویەکی بەرکاوی «هەڵگورد» بوو یان

دوا سەفەری برووسکەیەکی بە ژەنگ و ژاری

دەم بە زەردەخەنەی برینەکانمان؟!

ئەمە ئاوابوونی «مانگ»ێکی ئەرخەوانی،

خەرمانە سەوزی، ئاسمانی خۆڵەمێشیی «باڵەک» بوو

یان ئاوابوونی سروودێکی ڕەنگ زیوینی دەم بە جریوە؟

ئەمە گەردەلوولی کۆستێکی ناوەختی

دەشت و دەری تڵەتڵ سووتاوی خوێنی گەرمیان بوو

یان زایەڵەی کلووی بەفر و کڕووزەی پەلکە گیا و

یان سۆزی شینێکی گەرمی لە کۆتەڵدا شکۆفە کردووی

گوڵە کوێستان؟!

ئەوە ئەستێرە بوو کوژرا

یان باهۆزی ئەسپێکی یاڵ نارنجیی شۆڕشی نوێمان؟!

ئەوە «مەم» بوو لە پشتەوە پێکرا

یان فەرهاد و یان سیامەندی عاشقی بەندەن و

دار و دەوەن و ماهی کێوان؟!

ئەوە خوێنی دارژاڵە بوو ڕژا

یان خوێنی کەڵێکی سیس و کەوەی شاخان؟!

یاخود دڵداری هەژاران!

ئەوە دوا هەناسەی کانییەکی کوێستان بوو،

دوا هەناسەی دارهەنارێکی «گەڵاڵە»

یان ئاویلکەی گوڵەشەستپەڕێکی حاجی هۆمەران؟!

شاخێک شەهید کرا

یان ئاڵایەک؟!

چ کسپەیەک لە هەناوی بەردەوە هەستا!

چ چڕەدووکەڵێ لە دەروونی زۆزان و پژوپۆی باخانەوە بەرزبۆوە و

چ تەم توومانێ مەملەکەتی خەمی، بەفر بە سەری، ئێمەی داگرت!

لەنێوان مەرگی مێژوویەک و لەدایکبوونەوەی مێژوویەکی تردا

«حەسەن کوێستانی»، باران بوو

لەنێوان شەوێکی ئەموستەچاو و کازیوەی بەربەیانێکی نوێدا

«حەسەن کوێستانی»، هەتاو بوو

بەدرێژاییی ئازاری ڕەوەندی نۆزدە ساڵەی دوای تاریکستانی هەرەس،

حەسەن کوێستانی، چرای تاوڵ و گوڵ خەندەرانی

شۆڕش و چریکەی هۆبەهۆی ڕاپەڕین و

مەشخەڵێکی لرفە کردووی ناو لێرەواری تێکۆشان بوو

بە قوڵاییی نائومێدیی سەردەمێکی ئەژنۆشکاویش،

حەسەن کوێستانی:

ستوونی پرشنگ و ڕەوەزی ورە و حیلەی هەستانەوە و

بانگی سەر هەڵەمووتی خۆرستان بوو

بە درێژاییی نۆزدە ساڵی سەنگەر و نۆزدە ساڵی قەڵەم و

نۆزدە ساڵی ڕێپێوانی ناو وڵاتی کوردایەتی،

ناو وڵاتی هەقپەرستی و ناو نیشتمانی ئازادی،

حەسەن کوێستانی لە کوێ نەبوو؟!

لە کزەبای کوێستاندا -بۆن و بەرامەی گوڵجاڕی هەڵاڵە و

لە گۆڕەی گەرمییان و بەراییی پێدەشتدا - چاوی تیژی هەڵۆ و

مامزی سووری داستان بوو!

«حەسەن کوێستانی» مزگێنی هەموو شوێنێ بوو

لە بنەبانی کوردستاندا.

لە کوێرەدێیەکی تەریک و لە کوختێکی پەنا زاخۆدا - ئەو:

کەڵەپشکۆی ئاگردان و «لاسشخص»ی دڵداری

ناو مەلحەمەی شۆڕش و لاوکی دەمادەمی بەربەیان بوو،

لە پێدەشتەکانی گەرمەسێریشدا و

تا لای «حەمرینمکان»، ئەو شەقژنی بازی ئاوات و سەمەلی گوڵەگەنم و

لە بیابان و قاقڕیشدا ئەو مێرگی بە بریقوباقی هیوامان بوو!

حەسەن کوێستانی وەک خۆرەتاو، لە کوێ نەبوو؟!

حەسەن کوێستانی وەک هەوا، لە کوێ نەبوو؟!

لە کام وڵاتی پەنگر و خۆڵەمێشدا، لە کام چیای هەڵمەت و

لە کام نێرینەی ترس و بیمدا و لە کام هەزاربەهەزاری مەترسیدا،

ئەو، لەوێ نەبوو؟!

حەسەن کوێستانی لە کام نیگای گزنگ و

چاوی پاشەڕۆژدا نەبوو؟!

لە کام هاژە و لە کام وژە و

لە کام سروودی ژیاندا نەبوو؟!

لە بیلبیلەی هەژاراندا، ترووسکە بوو

لە ماڵیاندا، گوڵی ناوتاق و

لە کێڵگەیاندا، زەردەخەنەی دەغڵ و

لە مەزرایاندا، شۆراب و دارچنار و

لە دەفتەری منداڵاندا، گوڵەبەڕۆژەی حەرف و

لە دەستی زبری ڕەنجدەران و جووتیاراندا، داسی دروێنە و

بە قژی ژنانیشەوە گوڵە بەیبوون بوو

لە هەر شوێنێ، لە هەر مەڵبەندێ، لە هەر دۆزەخێکدا،

کوردستانی دایک، مووی تەنگانەی بۆ هەڵکڕوزاندبێ،

حەسەن کوێستانی:

کوڕی ئاگری کوڕی شاخی کوڕی ئازادییش لەوێ بووە!

لە مارتی شوومی ١٩٧٥دا

ئەو دەمەی بەهار گریا و گوڵیان کوێر کرد

ئەو دەمەی چەکیان سەربەرەو خوار هەڵواسی و

مەچەکیان لە سێدارەی بەغدامکان، دا

ئەو دەمەی فوویان لە هەموو مۆمەکان کرد و

لە گۆڕستانی شەوەزەنگدا ناشتیانن!

ئەو دەمەی دارستان دەستگیر کرا و دەور و تەسلیمی

شاخ بە شاخ کرا!

ئالەو مەرگەساتانەدا،

لەو مێژووە چاو چاو تیانەبینەدا،

حەسەن کوێستانی: وەک زریانێ سواری تاشەبەردی

کێوان بووەوە و ئازاری زین کردەوە و ئاوزەنگی تەقین

بە ملە و هەڵەت و چەقەنە بەردی ئەم وڵاتەدا کەوتەوە

غار و پەنجەکانی خۆی لەناو تاریکستاندا هەڵکردەوە و

شوێن ئازادیی کەوتەوە. بوو بە مانگ و

دڕی بە ڕەشترین گەواڵە هەوری نوشوستی دا و

لەو بەرزەوە بۆ کورد درەوشایەوە.

لەو ئاستەیشدا، کە بەر لە چل ڕۆژ پیاوکوژانی مانگی

سەوز، پیاوکوژانی حەسەن کوێستانی، دڕکە زییەکانی بێگانە،

تەوری تاوانکاران و بای زەردی وەیشوومەی لەو دیو حاجی

هۆمەرانەوە هەڵیکرد و هاتن و چاوی ئەم

گزنگەیان هەڵکۆڵی و بەژنی ئەم دارسێوەیان بڕیەوە و

گوڵەباخی ئەم ئەستێرە سوورەیان هەڵوەران،

هەر لەو ئاستەدا و لەو ملەیەدا و لەو پێچەدا بەر لە نۆزدە ساڵ،

حەسەن کوێستانی، بەوری دوای هەرەس،

تۆوی شۆڕشی نوێی وەشاندەوە و

چرای ڕاپەڕینی داگیرساندەوە و

مزگێنی: دیسانەوە بەرەنگار بوونەوە و دیسانەوە هەستانەوە و

دیسانەوە تا مردن بە پێوە وەستانی دایەوە بە هەڵگورد و

لەسەر سەکری سەکران و مامەڕووتەوە بانگی هەق و

خۆشەویستی خاک و ئەم گەلە خوێن لەبەر چۆڕاوەی بە گوێی

دیرۆکی شەهیداندا دایەوە.

خوێن هات و خوێن ڕۆیشت و

مەتەرێز لە دوای مەتەرێز

باهۆز لە دوای باهۆز هەڵیانکرد و

دووکەڵ بە دوای دووکەڵدا

سوار گلا و سوار هەستایەوە و

سوار ڕایکرد و، ورە تۆقی و

گەورە شاخ کەوتە سەر چۆک و

گەورە تفەنگ خانەکانی خۆی بەتاڵ کردەوە و

شەهیدانیان پەلکێشی هەندەران کرد و

ئازایەتیی ناونیشانی خۆی سڕیەوە و

چووە کونجی ترسەوە و بەدەم هەناسەی ساردەوە

خەرمانی یادگاری بە با ئەکرد!

ئا لەو قاتوقڕیی ژیانەدا بوو،

لەو وەرزە زڕەدا بوو

کە لەش و گیانی حەسەن کوێستانی بووبوون بە بژوێنی

بە گیا و گۆڵی سەوز و سووری بیری لە شەونم پاراوتری

عەشقی پیرۆزی کوردستانی

بووبوون بە گوڵاوی مژدە

بووبوون بە گۆرانی و بە کانی

هەر لەو وڵاتی مردن و مەرگەدا بوو، کە باسکی حەسەن

کوێستانی بووبوو بە مەشخەڵ و سەری بە تانجیکە گوڵ و

قاچەکانی بە دوو جۆگە و چاوانی بە قیبلەنما و

قەڵەمیشی بە گوڵەگەنمی گەرمیانی،

ئیتر بەژنی ئەو و بەژنی داربەڕوو بەژنێ بوون

ئیتر ڕەنگی ئەو و ڕەنگی دارگێلاس ڕەنگێ بوون

ئیتر دەنگی ئەو و دەنگی ڕاستیی دەنگێ بوون

ئیتر حەسەن کوێستانی و کوردستانیش

وەک بای وەشت و خاکی تینوو تێکەڵ بوون

ژیانی ئەم داربەڕووە سوورە

ژیانی ئەم مانگە سەوزە

ژیانی ئەم عاشقی ئاو و گڵە

ژیانی پوورە هەنگ بوو

ژیانی درەختی تینوو

ژیانی هەتاوی زامدار

تەمەنی خاچ و عومری باڕێزەی هەبوو.

سەربووردەی لەرزەی بوومەلەرزە بوو.

حیکایەتی ئەو، حیکایەتی کوڕی بەفر و کوڕی ڕەشەبا و

ڕێی نەهات بوو.

حەسەن کوێستانی - خۆی بۆ خۆی داستان بوو

بەهەق: خۆشەویستی سەرتاسەری ئەم نەخشەیە و

خۆشەویستی هەژاران و هیوای گەشی ناو دڵان بوو

سەرەتا: منداڵێکی ڕەنگپەڕیوی بنسان و باریکەلە

وەک کۆترەشینکەی کێوان

لە جۆلانەی نائارامیدا هەژاریی ڕایژەنی

بە سەر سەریەوە هەڵگورد و بە چوار دەوریشدا پەلکەڕەنگینە و

شیعری ڕەنگاوڕەنگ جریوەیان بوو

لە کەروێشک بزێوتر

لانەی ئەو وشە بوو.

هەر زۆر زوو ئەوینی دار و ئەوینی بەرد و ئەوینی هەژاران

گیانیان کرد بە نواڵەی خۆشەویستی

بۆ شۆڕش، سەریشیان کرد بە ئاسمان.

سەرەتا: ئەستێرکێکی مەکس بوو لە خەمی کوردا و

لە ژووری خوێندن و پۆلی دەرسەوە عاشقی ئازادی بوو

ئینجا بوو بە کەو و بەرامبەر گوڵی خوێن خوێندی

بوو بە سمۆرە و بە داری ئازادی خۆیدا هەڵزنا

بوو بە هەنگ و چووە ناو شانەی کارەوە

وردە وردە خەم باڵای کرد.

وردە وردە ناسۆر گەشایەوە و

هەتاکوو بوو بە سروودی دەم کوێستان

یەکەمین ماڵی سپیی ئەو، ماڵەکەی کۆمەڵە بوو.

یەکەمین جێژوان و قۆزاخەی ئاوریشمیی باوەڕی

ناو پەلوپۆی درەختەکەی کۆمەڵە بوو.

لەدواییدا- هەڵۆی سوور پەڕوباڵی دەرکرد و جێنزرگە شەقژنی ئەو

ئەم جارەیان ئاسمانەکەی «ی.ن.ک» بوو

حەسەن کوێستانی لەیەک کاتدا

دڵی کۆتر و چاوی هەڵۆ و شنەبا و زریانی

تێدا کۆ بووبووەوە، لەیەک کاتدا

بەفر و ئاگر و

گوڵ و گوللە بوو.

تیشکی قەڵەم و دەشتی گوڵاڵە و

زەردەی لووتکە بوو.

ئەم دڵدارە قژڕەشەمان

«پ.م»ێکی سەرکردە بوو.

ساکار ساکار وەکوو بەفراوی کوێستان و

سادە سادە وەکوو خۆڵی سەر گۆڕستانی شەهیدان!

وەکوو ئاوی بەر هەتاویش دەم بە خەندە

ئەی هاوڕێ! ئەی کوێستانی!

تۆ وەک سروودی مەشخەڵان،

وەکوو کەرکووکمکان،

وەک سێبەری باڵای بەرزی شەهیدان و

شاخی گۆیژەی سلێمانی -لەگەڵمانی-

لە کۆڕماندا چرا و تابلۆی

لە ڕێبازی «ی.ن.ک»دا و لە چاوماندا

گوڵ و ئاسۆی

ئەی هاوڕێ!

لە پەڵە خوێنی ڕژاوتا ئەستێرەی سوور

سەر دەردێنێ،

مێژوو هەڵدێ و

پرشنگ ئەڕوێ!

ئەی هاوڕێ!