شەمەندەفەر

از کتاب:
کازیوە
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 1 دقیقه  522 مشاهده
شەمەندەفەر، فیشکەی کرد و
هێڵی ئاسنی هەڵلووشی
لەسەر چرپای یەکەم واگۆن
«سەک»ێک بە پاڵکەوتنەوە
بیری لەوە ئەکردەوە:
«دەرگای پۆڵای، قایم لەسەر
ڕەنجە پاک و غەمگینەکانی «شیکاغۆ»
داخستووە!»
لەسەر کورسیی دووەم واگۆن
شیعرێک چوو بووە سەر چیچکان و
بیری لەوە ئەکردەوە:
«کەی ئەگاتەوە ناو دڵی یارەکەی و
ئیتر نایەتە دەرەوە!»
لەسەر ئەرزی سێیەم واگۆن
کلیلە کرێکارەکە
ئەیوت: «ئەگەم
بەر لە «سەک» و دەرگای
پۆڵا ئەکەمەوە
خەم، بەر ئەدەم
کە شیعریش خۆی کرد بە دڵی دەزگیراندا
لەم دیوەوە، خۆم دەرگایان
کلیل ئەدەم»!