وەرزی پێنجەم

از کتاب:
من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 2 دقیقه  616 مشاهده
تاوان، تاوان!
کاتێ بێشەی چڕی تاوان،
دەس ئەنێتە بینی ژیان.
چنگ ئەخاتە جەرگی ئاسۆی
بەرەبەیان.
دەریای ئاگر
بەرئەداتە خەرمانی ڕەنج
ساماڵ ئەمرێ.
گەنم گیانی هەڵئەقرچێ
زەمین بۆ تنۆکێ باران
بۆ دڵۆپێ
شەپۆڕ ئەکا
ئاسایش چاوی کوێر ئەبێ
شەڕ تینوویەتی بە خوێن ئەشکێ.
ماری سەرشانی سەدەی نوێ
لە مێشکی هیوا تێر ئەبێ.
کاتێ ئاسمان
کاتێ هەموو فریشتەکان
ئاژەڵ باڵدار
بەرگی یاخیبوونی ئازار لەبەر ئەکەن
ڕوو وەرئەگێڕن لە یەزدان.
کاتێ، گۆرانیی شارەکەم،
ئەبێ بە لاوکی گریان.
کاتێ، لەشی داربەڕۆکەم
ئەبێ بە سووتووی وێرانە.
درەختی شەو
پەلی تاریکیی ئەهاوێ.
کاتێ ئەهرەمەندی نووستوو
لە دەنگی وشەی دیلکراو
لە هاواری ڕووناکی ناو،
خۆری زیندان ڕائەچڵەکێ!
دەس ئەداتە خەنجەری خوێن
هەتاوی دڵ زامدار ئەکا
هەنگاوی - مەزدە - ئەپێکێ.
کاتێ کە ساڵ
هەرچوار وەرزەکەی ئەوەرێ
دەنگیان، ئەمرێ
ڕەنگیان، ئەمرێ
بەر بە تەنیا هێشووی مەرگی،
سەرجەم ئەگرێ.
کاتێ ئەهرەمەن بۆ ئەنجام
بۆ کۆتایی پێئەکەنێ!
لەو کاتەدا دیسانەوە
جارێکی تر
وەرزێکی تر
وەرزی پێنجەم
بۆ زەردەشتێکی کەی دووەم
بۆ مرۆڤی وەک فریشتە..
دێتەوە.. ناو
جارێکی.. تر
مەزدەی ژیان، مەزدەی هەتاو
ئەژێتەوە
ئەژێتەوە
ئەژێتەوە