دیدەنی
بۆ هاوڕێی شاعیرم ع. پەشێو
از کتاب:
من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
2 دقیقه
852 مشاهده
خانزاد:
هاتووم، لەگەڵ سێبەری پەڵە هەوری سەرگۆیژەی بێ بارانا هاتووم.
هاتووم، لەگەڵ مەلی دەنگی برینداری
هەڵبەستی گۆرانا هاتووم.
لەگەڵ ڕەشەبای ئازاری،
مێژووی ئەرخەوانا هاتووم.
هاتووم، هاتووم بۆ دیدەنیی چاوی
شەو تێزاوی
بۆ لای قژی ناو خەزانی ئاڵۆزکاوی،
- خانزاد - هاتووم.
ماچێ، لەو فرمێسکەی پێئەکەنێ، ماچێ
ماچێ لەو گۆنەی خەزانەی
خونچە ئەپشکوێنێ ماچێ.
ماچێ لە بەفراو بۆ گڕی وشەی تینووم
هاتووم لەگەڵ سێبەری پەڵە هەوری سەر
گۆیژەی بێ بارانا هاتووم.
هاتووم، بۆ ئەو ماچە هاتووم.
قەڵا:
لە دامێنا کاتێ ئەسپی مێژووم ڕاگرت.بە سەر پەیژەی تەماشاما دڵم سەرخست!
کەوتە گەڕان، کەوتە پرسیار
کەوتە هاوار!
بە دوای موغێکی زەردەشتا کە بیدوێنێ
کە بە گڕی چاوی قەڵا ئەهرەمەنی،
ناو شەوەزەنگ بسووتێنێ!
موغێ دەروونی ئاوارەی زۆری وەک من
بە چرای ڕۆحی ئاویستە بگەیەنێ.
موغێ بە ئازاری وەرزی ژیانەوەم بناسێنێ!
موغێ لە بەرگی ڕەشی سەدەی بیستەما
لەبەری سەدەی نەفرەتا،
ئەم بەرگی - عارە - بدڕێنێ!
هاوار خنکا، موغ دیار نەبوو.
گڕی چاوی قەڵا کوانێ؟
دەنگی باران و ڕەهێڵەی
قەڵا کوانێ؟
کوانێ چاوی خانزاد، کوانێ؟
کوا هەتاوی سنگی، کوانێ؟
وەرام نەبوو
وەرام نەبوو
وەرام نەبوو!