کێڵگەی قوڕگێکی کێڵراو!

بۆ «مەحموود دەروێش»
از کتاب:
من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 3 دقیقه  644 مشاهده
دۆزیمەوە!
پێناسەکەت، لە گیرفانی هەڵبەستێکی بێ داڵدەدا
کە زستان ئەدا بە خۆیدا و، برسێتی ئەکا بە سەرین
تەنیا ئەنوێ، لەژێر چەتری پینەکراوی شەوێکا
کە تاریکیی هەڵی ئەدات
تەنیا ئەنوێ و خەو ئەبینێ:
«چۆلەکەکان، لەبەر پەنجەرەی هەتاوا باڵەفڕێ،
بۆ زەیتوونی چاوی یافای ڕێژراو ئەکەن
مێرگەکانی «بەنی عامر» لە جۆگەی گەردنی خۆردا
شەپۆل ئەدەن.
لەناو کڵافەی هەورەوە، تاڵی ڕەنگاورەنگی باران،
قژی لیمۆکان ئەبەستن بە سەرنجی ئەستێرەوە!
بەڕێوەیە
کەژاوەیەک بەڕێوەیە گریان گۆرانیی تیا ئەڵێ
گریان شمشاڵێکە ناسک، شوانی بزە فووی پیا ئەکات»
دۆزیمەوە
پێناسەکەت «سەرحانێکە» لە واگۆنی،
شەمەندەفەری ئازارا
جارێک، دەستگێڕی ڕۆژنامەی زامەکانە.
جارێک، هەواڵی خنکاوی ئیستگەکانە.
جارێکی تر، ئەیبینمەوە «مەوالێکە»
لەگەڵ ڕووباری ئوردنا سەربەرەو خوار ئەبێتەوە
لە کێڵگەی قوڕگی کێڵراوی ناو «جەلیلا»
بە دوای بارانا ئەگەڕێ
مەوالێکە، پاسەوانەکان ئەیگرن ئەیخەنە ناو:
قەفەزی ئاڵتوونی شاوە و، زامدار ئەبێ.
پێناسەکەت، گوێزانێکە
«سعود» ڕیشی پێ ئەتاشێ!
خاولییەکە، شاژن لەشی خۆی پێ ئەسڕێ
سەرم، سەرت: قەنەفەیەکە لە هۆڵی بانقەکانا دانراوە
«فیشی» یاسا ورگنەکان دێن لەسەری دائەنیشن!
پێناسەکەت
ناوی تۆی لەسەر نووسراوە و وێنەی منی پیانراوە
کاتێ، بزمار بە سەر سنگی هۆنراوەتا دائەکوتن،
هۆنراوەی من خوێنی لێ دێ!
دۆزیمەوە، نیشتمانت:
ماسییەکە لەناو تۆڕی زەریای سپیی ناوەڕاستا
گەرا لە دەمی قولاپی مەرگا ئەخات.
کەشتییەکە بێ بەندەرە،
خنکاوی بیست ساڵ بار ئەکات.
تەنیا ئەنوێ لەژێر چەتری پینەکراوی شەوێکا،
کە تاریکیی هەڵی ئەدات
تەنیا ئەنوێ و خەو نابینێ:
«بەڕێوەیە، واشەی چاوی لە ئاسمانی قوڕقوشمەوە بڕیوەتە،
زەرنەقووتەی ناو هێلانەی بێدەرگاکان واشەی چاوی قولاپێکە،
تۆڕی شەو فڕێ ئەداتە ناو ڕووباری هەتاوەوە تا - دەنگ - بگرێ.
ئەفڕێ و ئەفڕێ باڵی مسی شەڕی گێتیی سێهەمینی هەڵگرتووە.
بە دەنووکی ئاسنینا ئاڵای ڕایخی چوارەمی هەڵکردووە و دووکەڵێکە،
ژەنگ خواردوێتی. ماری دووکەڵ، پێچ لە سکی دارستانی ڕقا ئەخوا.
ماری دووکەڵ بە فیکەی گڕ لە کونی زیندانی مەرگا دێتە دەرێ»
ئەی هاوڕێ
دۆزیمەوە و نەمدۆزێوە، پێناسەکەت.