نەخشەیەکی هەڵنەواسراو

از کتاب:
من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 1 دقیقه  604 مشاهده
لە دەرگام دا شەو گۆمێ بوو چرای دەنگی تیا ئەخنکا.
لە دەرگام دا، چاوەڕوانیم:
لەناو ئەڵقەڕێزی دەستما مەیی
شێوەم لەسەر دیوارەکان شین بوو، ڕووا.
لە دەرگام دا
لە دەرگام دا
ناوم دڵۆپێ وشە بوو
چەمی فەرهەنگە زەردەکان قووتیان ئەدا.
وەرام، پرسیارێکی دز بوو بە دارتەلی
سەرشەقامی شیعرەکانما هەڵئەگەڕا.
لە دەرگام دا، لە دەرگای کوردستانم دا
شەو گۆمێ بوو چرای چاوی تیا ئەخنکا.
کێ لە ماڵە؟
حوزەیرانی سلەیمانیمکان پشکۆیەکە لە ئاگردانی زستانی،
سەقزمکاندا ئەگەشێتەوە!
دەرسیممکان چیرۆکی شەوانەی
هەندرێن ئەگێڕێتەوە!
کێ لە ماڵە؟
نێزەی سایگۆن پاسەوانی کۆشکی زێڕینی تارانە.
سەری قودس وا بە لەشی سابڵاخمکانەوە.
«نومێری» جووتێ پۆستاڵی بزمارڕێژە
سوپاگاکانی ئەنقەرە لەپێی ئەکەن.
شام شمشێرێکە پاکستان هەسانێتی.
کێ لە ماڵە؟
گلێنەکان کاتێ ئەکرێن بە پەتەوە
تەزبیحێکن ئەکرێنە مل قەزافیی ئەم جیهانەوە
لە دەرگام دا، شەو گۆمێکە خنکاوەکان ئەیخۆنەوە
لە دەرگام دا، لە دەرگای سەرسنگی خۆم دا:
کێ لە ماڵە؟
کێ لە ماڵە؟