سەرچۆپییەک لە سووتانا

از کتاب:
من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 3 دقیقه  580 مشاهده
دەرگای بەهەشتی «گاتاکان»، داخراوە
دۆزەخ: ئەدوێ
ئاگر: ئەڕوێ
دەرگای بەهەشتی «گاتاکان»، مۆر کراوە.
بە مۆخی سووری – مەزدە -کان، مۆر کراوە.
شەیتان، لە پێخەفی خوادا ئەنوێ
ئەژدەها، بەری سەرچاوەی گوندەکەمانی گرتووە
«کێ ئەتوانێ ئاو ئازاد کا؟
کێ ئەتوانێ مردن لەپێش وەختا بانگ کا؟
کێ ئەتوانێ؟
کێ؟»
دەرگای بەهەشتی گاتاکان، داخراوە
دەمی کوللە وا لە چاوی هەموو گوڵەگەنمێکدا!
هەتاو، پشتی کۆماوەیە
لەژێر باری تاریکییا کۆماوەیە،
لە چاوی کڵاوڕۆژنەی برینەکانی خۆیەوە،
ئەڕوانێتە – خاکی شەهید -
ئەڕوانێتە، مانگی کوژراو
ئەڕوانێتە، مەمکی بڕڕاو
ئەڕوا...
«هەتاوی کۆماوە تەنیا لەناو،
ئاسۆی خوێندا ئەبێ پشتی ڕاست بێتەوە»
دەرگای بەهەشتی گاتاکان، داخراوە
کێ بەناو دۆزەخا ئەڕوا؟
کێ ئاگر ئەکا بە چەپک،
ئەیخاتە سەر زامەکانمان؟
کێ «خۆر» ئەکاتەوە بەری ڕۆژەکانمان
کێ، کێ؟
دەرگای بەهەشتی گاتاکان، داخراوە
ڕق، دیوارێکە بناغەی لە گۆڕدایە.
ڕق، خواردنی بتەکانە.
شار، پاسەوانێکە هەتا
دەفتەری چاو ئەپشکنێ.
شار، دایکێکە
شیری منداڵەکانی خۆی ئەڕژێنێ!
مەچەکێکە، پەنجەکانی خۆی ڕاوئەنێ!
شار، چاوێکە
گلێنەی خۆی دەرئەهێنێ.
مزگەوتێکە، منارەی خۆی ئەڕووخێنێ
«کێیە، هەنگاوی ئاوارەی «مەولانە» کۆ بکاتەوە؟
جارێکی تر،
هەناسەکانی بژمێرێ
کێیە؟ کێیە؟
-لە چاویا بوو، کە هەوریان کوشت!
-لە دڵمانا، هیچ نەباری!
زەمین: شایی لەناو پرسەی شەوەکانی
خۆیدا، گێڕا
-ئەی کاتێ بارانیان بەند کرد؟
-لافاو لە بیری ئێمەدا بۆ هەڵنەسا؟
بۆ، هەڵ نە...
دەرگای بەهەشتی گاتاکان، داخراوە
لقوپۆپی درەختی زڕ، سێبەر بۆ تەمەنی کوێری
هاوینەکانی خاک ئەکات
- خاکی شەهید چاوەڕوانە -
چاوەڕوانە، کەمەری وەرزەکانی ئەو خۆری پیا کەن!
چاوەڕوانە، ڕووبارەکان هەڵگیرسێنن!
ئاگر، بکەنە ژێری داری زڕ و
- چاوتان ڕم بێ و بە مردنا بیچەقێنن -
بانگی کەن بۆ: ئاهەنگی ناو بەستەڵەکێ
هاوین خۆی تیا فێنک بکاتەوە،
«کاتێ هاوین دڵی فێنک ئەبێتەوە
شەهیدەکان، تینوێتییان شکێنرا بێ»
- پادشاکان - لە هێڵەکدا ئاو بۆ بۆرەپیاو ئەهێنن.
بە گوێی کەڕدا ئەچرپێنن.
سوڵتانەکان، چاویان وا لەناو ورگایە و
ورگی یەکتر ئەدەمێنن.
«ئەی سەردەمی هەور کوشتن
باران بڕان، لە ئاسمانی خوێندا هەیە؟
ئەی سەردەمی هێڵەک و ئاو
تینووین، خوێنیش ئەخۆینەوە!
ئەی سەدەی گەنمی ژەهراوی
برسێتیی کوا لێبوردنی لە لا هەیە!»
دەرگای بەهەشتی گاتاکان، داخراوە
ترس: کۆڵانە و خۆی لە شارەوە پێچاوە
دڵدارەکان پیایدا ئەڕۆن.
دڵدارەکان: بە نیوەشەو بەرەبەیان هەڵئەسێنن.
دەرگای بەهەشتی گاتاکان، ئەکەنەوە:
لە ساماڵا، ئەگرمێنن.
بەهار لەناو پاییزدا ئەڕوێنن.
بۆ گوڵی زستان ئەخوێنن.
«مامە خەمەم، ڕەشەبای ئازاری وێڵە،
فوو بە گەرووی دەنگما ئەکات.
لەسەر بانی هەموو ماڵێکی شەهیدا،
وەکوو ئاڵا، هەڵم ئەکات
-مامە خەمەم، چاوەڕوانم:
بۆ ئەوەی من سووتاندنم
ڕۆشنی کات
جێگە پێی، ڕێی
سەرکەوتنم
چاوەڕوانم بۆ ئەوەی من کفنی بەرم:
سوور ببێ بۆ:
دەستی سەر چۆپی گرتنم-.»