هۆزی گڕ

از کتاب:
من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 2 دقیقه  604 مشاهده
ڕایپەڕانم
دەنگی غارکردنی ئەسپێ ڕایپەڕاندم
کە سوارەکەی پێی لە ئاوزەنگی ڕەشەبای
شەوێکا بوو، ترسی ئەدوان
«توولەی ڕاوچییەکانی ژیان
ئاسکی چاوم ڕاو ئەنێن»
ڕایپەڕانم
دەستی کڵپەی هۆزی گڕێ ڕایپەڕانم
کە: دەموچاوی ڕووناکی تیا ئەسووتا
لە سووتانا، ژان چێژێ بوو
تامی – مردن -ی تیا ئەکرا!
«ئەوە منم، ئەوەش هەموو ڕێ وێڵەکان
ئەچینەوە سەر دووڕیان:
دڵنیایی، یان نەسرەوتن»
ڕایپەڕانم
هاژەی چەمێ، ڕایپەڕانم
لە سەرچاوە یاخی ئەبوو
ئەڕژایە ناو دۆڵێکەوە وشکوبرنگ
وشکوبرنگ وەک دەمی بەر سەنگەرەکان
وەک ئەو – داد -ەی لە تەرازووی پشت دادگادا،
- هەڵواسراوە -!
دادێ لەبەر چنگی هێزا گرمۆڵەیە
دادێ خاچی وا لە کۆڵا
دادێ، دادێ پێڵاوێکە:
وا لە پێی بەرازەکانی ناو دارستانی ڤێتناممکانا
«ئەوە من و ئەوەش دڵداری فەلەستین.
دڵدارانی یار ڕفێنراو:
داد بەرینە بەر کام دادگا؟
ئابڕوو لە کام جۆگە و چەما بشۆینەوە؟
دووڕیانە و نابێ بە سێ
سووتاندن، یان خۆ سووتان»
هەڵیسانم
دادپەروەریی هەڵیسانم!
گەردەلوولێک ڕایپەڕانم:
کە بێ «سەرەتا» هەڵئەکات!
کە بێلوورە ئەچێتە ناو گەڕەکەکانی مەرگەوە
گەردەلوولێک هەڵیسانم:
شەهیدەکان تیا خول ئەخۆن
«ئەوە من و ئەوەش خوێنەکەی – کەنفانی -
دووئاوانە، نابێ بە سێ
پەڕینەوە، یان خنکاندن»
هەڵیسانم:
برووسکەی چاوێکی کۆڵراو هەڵیسانم
کە نامناسێ و کە نایناسم!
ڕایپەڕانم:
بێدەنگییەک ڕایپەڕانم
کە – لافاو -ی تیا ئەخنکا!