ژیان و ڕۆژگار

از کتاب:
دیوانی میرزا غەفوور
اثر:
میرزا غفور (1870-1938)
 2 دقیقه  807 مشاهده
گەردوون بە کەچ ڕەوشتی؛ مەردێکی وا دلێرە
قاوەڵتی و نیوەڕۆژەی کردووم بە دوو کولێرە
وەزعییەتی زەمانە؛ کاری بە ئیقتزایە
چونکە بە ئیقتزایە؛ ئەنجامی زۆر بەخێرە
بۆ گەردشی زەمانە و ئەم وەزعی ڕۆژگارە
لازم نییە بە تەئەسوف ئەم عەمرە تاڵ و سوێرە
نیک و بەد و کەم و زۆر ئەهلی خیرەد دەزانن
کاری زەمانە وایە، ڕوبایە، نەڕە شێرە
تەوسیفی وەزعی دەوران، حاجەت نییە بەیانی
ڕۆژی ئەزەل کراوە، تەقسیمی من ژمێرە
ئەم دەهر و چەرخی دوونە، کاری بە چەند و چۆنە
بەعزی جگەر بە خوێنە، بو بەعزێ خێر و بێرە
بێهودە، هەرچی دەیکەی، پێنج و دوو ڕۆژە ئەییام
ڕازی بە لوتفی هەق بە، قانع هەمیشە تێرە
جیڤە و تەماعی دنیا مەتڵەب نییە ئەگەر بێ
مننەتپەزێری کەس نیم، تەقسیمی خۆمە لێرە
تەقسیمی من کە هەرچەند، ڕۆژی ئەزەل کراوە
زۆریش نیهایەتی دێ، بۆ من کەمێ سوپێرە
وەزعی زەمانە چۆن بێ، پێم خۆشە با وەها بێ
بێ عەقڵییە و سەفاهەت، کەم... زۆرە ڕابوێرە
هەر کەس بە قەولی دەوران ناڕازییە سەفیهە
خەییاڵە چەرخی گەردوون؛ ڕووی شینە چاو لە ژێرە
بۆ تەرەفدانی عالەم، مەردێکی زۆر شەجیعە
«میرزاتخلص» بە قەولی ناکا، چاوی تەماعی کوێرە