تێبکۆشن بە دڵ بە دەس بە زبان

هان دانی هاونیشتمانان بۆ وەرگرتنی ماف
از کتاب:
دیوانی زاری
اثر:
زاری (1905-1982)
 2 دقیقه  532 مشاهده
تێبکۆشن بە دڵ بە دەس بە زبان
بە هەموو هێز بۆ لە دوژمن دان
سەبر تا کەی لە ئاوری زوڵما
لە قوڕاوی شکەنجەدا خنکان
تاکوو کەی ئەسیر و ژێر پێ بین
هەر فەقیر و زەعیف و چاوەڕوان
بۆ بسووتین لەم تەنوورەیدا
بەس نییە برژیان و هەڵچۆقان
ڕۆڵەیی کورد دێرە ماتڵ چیت
باڵت هەڵماڵە ڕاکە بۆ مەیدان
بۆ بڵێم تاکوو خۆ بناسی باش
شێرن و بێشەتانە کوردستان
عەیبە ڕێوی لە بێشەی شێرا
بگەڕێ سەربەخۆ بدا فەرمان
شێر بێ جووڵە مات دانیشێ
ئەو خەریکی نچیر لانەولان
تاکوو ئەمڕۆ بە فێڵێ بێگانە
کەوڵی ڕێوی کرابووە بەرتان
ئەو تەلیسمە شکا بەتاڵۆ بوو
خاوەنی وا ژیانی لێ بووە ژان
بەم هەراوی و پانییە دنیای
لا وەکوو قەبری تەنگە یا زیندان
جا ئەگەر مەرد و زیرەک و ژیرن
ئەمە مەیدان و گۆ ئەمەش گۆچان
تێکڕا نێر و مێ جوان و پیر
ڕاپەڕەن تاکوو وەرگرن بەشتان
بێتو لەم کارەدا جیاوازی
بێتە بەین پڕ لە با ئەبێ دەستان
پێشوانمان بە داخەوە مردن
ڕۆژگار فرسەتێکی وای پێنەدان
مەیکەنە قیل و قاڵ و بۆچی و چۆن
یەک نەفەر یەک بەدەن بن و یەک گیان
چون جیاوازی نییەت و ڕاوێژ
مڵک و میللەت ئەبا بەرەو فەوتان
یەکیەتی بێخی خایەنی هەڵکەند
وێڵ بوو کەس نەناس و سەرگەردان
بە دەسی یەکیەتی گرانتر کار
سەهل ئەبێ دەرد و زەحمەتە ئاسان
وای لەم عەسرە پڕ لە ئاشووبە
چی بەسەر هاتووە گەلی ئینسان
نییە دوو دڵ یەکێ بێ باوەڕیان
نییە دوو کەس یەکێک بێ ڕایان
عەیبە بۆ بەورەکانی ئەم خاکە
مامەڕێوی ببێتە ئاغایان
دەس بەنە دەستی یەکتر ئێرانی
فەرس و تورک و عەرەب لەگەڵ کوردان
کۆوە بن هەر وەکوو برای گیانی
یەک بۆ یەک ببنە یار و پشتیوان
دوڵەتێ ساز کەن نەیاندیبێ
بە خەو ئەسکەندەر و ئەنۆشیروان
بە کوێری دوو چاوی ئەو گورگە
ڕۆژێ مەڕ، ڕۆژێ کاوڕی ئەڕفان
بیستووتانە فایدەی دابێ
باغ بێ باغەوان و مەڕ بێ شوان
باخەوان و شوانی چا بگرن
تا بدەن باغ و مەڕ سەمەر پێتان
«زاریتخلص» هاوار کات یەک بن یەک
تا بە ئاسانی تەی ببێ ڕێتان