مام ڕێوی ڕۆژێ لە قەراخ ئاوێ
فێڵ مەکەن با فێڵتان لێ نەکرێ
از کتاب:
دیوانی زاری
اثر:
زاری (1905-1982)
3 دقیقه
595 مشاهده
مام ڕێوی ڕۆژێ لە قەراخ ئاوێ
بوو بە میوانی لەقلەقێ تاوێ
ئەونە برسی بوو هێزی نەمابوو
لە برسا تەواو ئەژنۆی شکابوو
چوو ئەوەندەی خوارد بە بێ «بسم اللهعربی»
لە یەک ڕەواوە وێنەی ڕەشکە کا
لە پاش تێرخواردن دەمی لێساوە
لە ماڵی لەقلەق سەعاتێ ماوە
وتی ئەی دەنووک لەعلی بەدەخشان
برای چەکمە سوور شیرینتر لە گیان
چون ئیشم زۆرە پەلەمە ئەڕۆم
سبەی ئەم کاتە چاوەڕوانی تۆم
کە تەشریف بێری ببیە میوانم
بمخە بەرپات هەم سەر هەم گیانم
گەڕاوە ڕێوی بە فێڵەبازی
کەوتە تەهییەی مێهمان نەوازی
لاوێچێ ئاردی تێکەڵ کرد بە ئاو
چێشتێکی لێنا ئەمما زۆر تراو
وەختێ کە لەقلەق نیشتەوە لای
بەرەو پیری چوو کەوتە خاکپای
زەمانێ مەشغووڵ بوون بە وتووێژ
مەنزڵیان بردە سەر بەردێکی لێژ
مام ڕێوی چێشتی وەبەردا ڕژان
وتی دەی فەرموو بخۆ براگیان
لەقلەق کە زانی قەزییە چییە
وتی کاکە گیان ئیجازەم نییە
نییەتی ڕۆژووم هێناوە ئەمشەو
نابێ هیچ بخۆم هەتا وەختی خەو
ڕێوی بێ شەریک چێشتی بە زبان
لێساوە نەیهێشت لی بخوا میوان
ئەم لەم لا پەی پەی چێشتی ئەلێسا
ئەو لەو لا لە سەر لاقێ هەڵوێسا
دوای بەینێ فڕی وتی بێرەوە
لە ڕەفاقەتم خۆت مەشێرەوە
هەر ئەونە کفتەی ماسیت پێ ئەدەم
لە گەرووتەوە سەر بکا بۆ دەم
بیری کردەوە چ چێشتێ لێنێ
تا ئینتیقامی خۆی لێ بسێنێ
تۆنگێ درگا تەنگ مل بەرزی هاورد
لاوێچێ نۆکی کوڵاوی تێکرد
گەیشتە پێشۆ وەختی میوانی
بەرەوپیری چوو بە میهرەبانی
دوای بەجێهێنان ڕەسمی برایی
دەردەدڵ لە جەور ڕۆژی جیایی
بە دڵێکی خۆش پێکۆ هەر دوو یار
هاتن بۆ سەر خوان بۆ سەرفی نەهار
مام ڕێوی ئەگەر بە دیقەت ڕوانی
زۆر عەجایب ما لە سفرە و خوانی
باوێشکێکی دا و دوور هەڵترووشکا
وتی برا گیان من ئەمشەو سەرما
سڕی کردووم ناتوانم تەعام
بخۆم زەڕڕەیێ نە نەهار نە شام
خەستەم لێم گەڕێ گیان قوربانت بێ
تەنها خۆت بیخۆ نۆشی گیانت بێ
ئەیوت ئەم دڕکە هەڵچەقی لە پێم
کردەوەی خۆمە وا هاتەوە ڕێم
لەقلەقیش ئاسان بە دەنووک زوو زوو
نۆکی ئەهێنا دەر یەک یەک و دوو دوو
کە قووتی ئەدا و دەمی ئەتەقان
ڕێوی ژیانی لێ ئەبوو بە ژان
چونکە فێڵەباز پاداشی وایە
ئێوە فێڵ و فەن مەکەن وە مایە
خوا کە ڕاسەو خۆشی لە ڕاس دێ
کاری لار مەکەن با کارتان ڕاس وێ