کەرێکی گەڕۆڵ، سندان لێدراو

بە بەرگی ئەم و ئەو لە خۆت دەرمەچۆ با نەبیتەوە بە خۆت
از کتاب:
دیوانی زاری
اثر:
زاری (1905-1982)
 2 دقیقه  483 مشاهده
کەرێکی گەڕۆڵ، سندان لێدراو
لە بەر زەخماری بەرەڵڵا کراو
ئەیزانی وەک خۆی نییە کوڵۆڵێ
لەبەر داماوی ڕووی کردە چۆڵێ
لە ترسی مەگەس ئەخزیا لەناو
کەمتر ئەیوێرا بێتە بەر هەتاو
شەو تا بەیانی غەرقی چرا بوو
بە ڕۆژا خەوگای لە سێبەرا بوو
تا هێواش هێواش زامی چاکۆ بوو
لە کیم و زووخاو، برین پاکۆ بوو
ڕۆژێ ئەگەڕا بێخۆف و خەتەر
پێسی شێرێکی هاتە بەر نەزەر
وتی بە سووڕەت ئەگەرچی کەرم
وەلێ ئەم پێسە ئەکەمە بەرم
بە دەور ئاوایی ئەڕۆم با هەڵبێن
لێرە بەو لاوە بارم لێ نەنێن
دەس بەجێ پێسی شێری کردە بەر
ڕوو بە ئاوایی ڕێگەی گرتە بەر
ئەهل ئاوایی چاویان کەوت بە شێر
هەڵاتن یەکسەر تەواو مێ و نێر
ئاوایی چۆڵ بوو کەسی تیا نەما
کەر وتی ئەگەر هەڵبێنم سەدا
نێر و مێو ئەمرن گشتیان بە جارێ
هیچ کەس نامێنێ لێم بنێ بارێ
چون نەیئەزانی ئەم بێشعوورە
دەنگی شێر و کەر زۆر لە یەک دوورە
کە بەنی ئادەم گەلێ حەساسن
سەدای کەر و شێر زۆر چاک ئەناسن
وەختێ زەڕانی زانیان کەرە
لی گردەوە بوون، بوو بە مەسخەرە
لە ژێر پێسی شێر هێنایانە دەر
خاوەنی ناسی و ئازا دایە بەر
بردیەوە بۆ ماڵ خستیە ژێر کۆپان
زەحمەت بەشی بوو تا وەختی تۆپان
تۆش ئەگەر بە پێس خۆ بکەی بە شێر
ڕێویش ئەتوانێ کە بتنێتە ژێر
جەوهەر ئەوەیە ئەگەر زاتییە
بێ جەوهەر ئەمە بە سەرهاتییە