گێڕاویانەتۆ لە چاکان پیاوێ

هەر جنسێ لەگەڵ خۆیا یەک ئەکەوێ
از کتاب:
دیوانی زاری
اثر:
زاری (1905-1982)
 3 دقیقه  532 مشاهده
گێڕاویانەتۆ لە چاکان پیاوێ
کە دەسنوێژ ئەگرێ لە قەراخ ئاوێ
لەو مەوقیعەدا مشکێکی هەژار
لە چنگ هەڵۆیێ ئەکەوێتە خوار
بەزەیی پیادێ و ئەیباتە مەنزڵ
خزمەتی ئەکا بە گیان و به دڵ
دەرمانی ئەکا، دێنیێتەوە هۆش
برینی ئازای ئەبێتەوە خۆش
ڕۆژێ ئەو پیاوە بە دڵێکی پاک
ئەپاڕێتەوە لە خودای بێباک
ئەڵێ ئەی خودای ئەرز و ئاسمان
ئەم جانەوەرە بکە بە ئینسان
ماڵم کە نییە لە ئاواییدا
با ڕەفیقم بێ لە تەنیاییدا
ئەم تیری دوعای کە لە دەم دەرچوو
بوو بە کچێکی تازە پاگرتوو
بە خۆشەویستی وای کرد پەروەردە
گەردنی دەتوت مینای بێگەردە
زەمانێ پای نا مەقامی ژنان
تەمەنی هاتە وەختی بەشوودان
بە زبانی خۆش بۆ دڵنەوایی
وتی ئەی دەوای دەردی تەنیایی
بۆ حیفزی شەڕەف حەیا و ئابڕوو
وەختی ئەوەیە کە بتدەم بە شوو
بە ئارەزووی خۆت شوو هەڵبژێرە
چی لە دڵتایە لێم دامەشێرە
وتی بابە گیان شوویەکم ئەوێ
لەو پاڵەوانتر کەسێ تر نەوێ
وتی کە وایە با بتدەم بە خۆر
مەرتەبەی بەرزە و ڕۆشنایی زۆر
ڕۆیی تەکی دا بە لای خۆرەوە
بە دەروونێکی پڕ لە شۆرەوە
وتی هاتووم ئەی شای ئەختەران
ڕۆشنایی بەخش بەزمی سەروەران
بەم قووەی نوورە کە تۆ مومتازی
کچێکم هەیە لێمی بخوازی
وتی هەور لە من پاڵەوانترە
بۆ ڕۆشنایی من، هەر ئەو بەرگرە
بچۆ بۆ لای ئەو واز بێنە لە من
هیچ کەیفم نییە لە ڕەفیقی ژن
ڕۆیی بۆ لای هەور مەتڵەبی گەیاند
هەور تووڕە بوو جارێکی نەڕاند
وتی کەی ئەمن هێزم تیایە
ئەو پاڵەوانە تۆ ئێژی «با»یە
نابینی کە با زۆرم بۆ دێنێ؟
لەم هەرد بۆ ئەو هەرد چۆنم ئەڕفێنێ
مەگەر لە لای با بگەی بە ئاوات
کارت سەر بگرێ و ببێ بە زاوات
بەم ئارەزووە کە هات بۆ لای با
با وتی ئەی پیر ئەی ژیری دانا
من پاڵەوان نیم، پاڵەوان کێوە
بەهێز و مەحکەم لەجێ نەبزێوە
ئەوەتا من هەم زەربەی لێ ئەدەم
سەرە موویەکم لێ نەکردووە کەم
بچۆ بۆ لای ئەو، تا زووە ڕاکە
خێشایەتی تۆ هەر بۆ ئەو چاکە
کە هات بۆ لای کێو بەم خەیاڵەوە
کێو هاتە جواو بە سەد ناڵەوە
وتی ئەی پیری بەرەکەت ئاسار
ئەی قسە ڕەوان ئەی شیرین گوفتار
بێ لێم بڕوانە چەن ناتەوانم
بێژار بێژارە سەر تا دامانم
ئەگەر بمبوایە زۆری شمشێرێ
نەمدەهێشت وا مشک زۆرم بۆ بێرێ
بە دەس مشکەوە حاڵم خراوە
جەرگی بڕیوم لە هەزار لاوە
ئەو پاڵەوانە کە تۆ ئەتەوێ
ئەبێ غەیری مشک کەسێ تر نەوێ
پاش دەردی سەری زۆر و بێ شومار
ئەو پیرە وتی ئەی پەروەردگار
بیکەوە بە خۆی هەتاکوو زووە
غەیری مشک نییە بۆ ئەو ئەم شووە
ئەمەیە بەری ئەم گفتوگۆیە
هەر جنسێ مایل بە جنسی خۆیە