زەمانێ ئادەم هاتە دنیاوە

کار بۆ خوا بکە و بە ئارەزوو بگە
از کتاب:
دیوانی زاری
اثر:
زاری (1905-1982)
 1 دقیقه  637 مشاهده
زەمانێ ئادەم هاتە دنیاوە
پۆل پۆل جانەوەر لە هەموو لاوە
چوونە زیارەتی بە دڵ و بە گیان
تاکوو دوعایێ خێر بکا بۆیان
پۆلێکی ئاهووی شیرین خەت و خاڵ
تووک وێنەی مەخمەر شۆخ و چاو کەژاڵ
چوونە دیدەنی بێ هیچ ئینتیزار
تا لە دیداری ببن بەرخوردار
ئادەم بە ڕووی خۆش بەرەوپیریان چوو
لە یەکایەکیان مەرحەبای فەرموو
ئیلتیفاتی کرد لەگەڵ گشتیانا
دەستی لوتفی دا بە سەر پشتیانا
بەو زیارەتە خالیسە یەکسەر
بوون بە کانگا بۆ مشکی ئەزفەر
باقی ئاهوان زانیان خەبەر
لە لەوەڕگادا کۆوە بوون یەکسەر
وتیان وەک یاران با بچین بۆ لای
تا بێبەش نەبین لە بەهرەی دوعای
چوون لە بەر دنیا دیدەنیان لێ کرد
لە دوعای خێری سەفەریان نەبرد
حەقیقەت ناسان، خاوەن بیرەکان
دوور لە هەوا و فیز، دەستەی ژیرەکان
لە هەر جێگایێ هەر کارێ ئەکەن
ڕەزای ئیلاهی لەودا پێش ئەخەن