پیاوێ عەبدێکی برد بیفرۆشێ
از کتاب:
دیوانی زاری
اثر:
زاری (1905-1982)
2 دقیقه
514 مشاهده
پیاوێ عەبدێکی برد بیفرۆشێ
قیمەتی بڕیا بە چەن قرۆشێ
پیان وت عەبدت هیچ عەیبی نییە؟
بۆ ئەیفرۆشی؟ عیللەتی چییە؟
وتی غەیر ئەمە کە دوو زبانە
عەیبێ کەی نییە دوور لە نوقسانە
سوبح و نیمەڕۆ، عەسر و ئێوارە
پشوویێ نادا خەریکی کارە
مشتەری وتی چش دوو زبانە
ئەیسێنم بۆ کار چون بە تەکانە
سەندی پووڵی دا و بردیەوە بۆ ماڵ
لە معامەلە دڵخۆش و خۆشحاڵ
لەبەر چاو ئاغا خەریکی کار بوو
گورج و بەهێز و بە پەلامار بوو
ڕۆژێ بۆ مەتبەخ ئاوی ئەکێشا
هەناسەیەکی سەردی هەڵکێشا
لای ئاغاژنی وتی نازانی
ئاغام خەریکە کە بە پەنهانی
ژنێ بخوازێ وێنەی مانگی شەو
جیا بکاتەوە لە تۆ جێگای خەو
ئەگەر بۆم بێنی دوو تاڵ لە ڕیشی
نایەڵم قەتعەن، سەر بگرێ ئیشی
بە سەر موویەدا ئەفسوون ئەخوێنم
فکری ژنهێنان لە دڵی دەردێنم
خانم بەم درۆ کە کردی باوەڕ
لای دا لە دۆسی پۆشای بەرگی شەڕ
چاوەڕێ کە شووی خەو بیباتەوە
بە تێغ لە ڕیشی موو بکاتەوە
پاش ئەوە داوی بۆ خانم ناوە
ڕۆیی تەکی دا بە لای ئاغاوە
ئاغا ڕووی تێکرد وتی بۆ ماتی
خەریکی چی بووی بۆ درەنگ هاتی؟
وتی خەریکی کاری ماڵۆ بووم
خەبەرێکم بیست پڕ خەتەر و شووم
خانم ناردوویە تا کاردێ بکڕێ
لەم شەوانەدا سەری تۆ ببڕێ
ئەمشەو بە عەمدەن خەو بخە لەخۆت
بزانە چلۆن هەڵمەت دێنێ بۆت
خەوت و ئەیڕاونی لە ژێرۆ بە چاو
چاوەڕوان بوو تا چۆن بێ حەساو
چووە ژوور سەری خانم بە هێواش
بە دەسیەوە بوو کاردێکی مووتاش
دەسی درێژ کرد بۆ بڕینی موو
کوتوپڕ ئاغا لە خەو ڕاسەو بوو
بیری لە ئەنجام کار نەکردەوە
سەر ژنی لە تەن جیا کردەوە
لەم کارەساتە دەمی بەیانی
کەس و کاری ژن خەبەریان زانی
هاتن بۆ کابرا بوو بە شەڕێ زل
تیا شکا خەیلێ سەروپاچ و قول
قسەی دوو زبان ئەگەر بژنەون
لەگەڵ بەدبەختی دەستەمل ئەون