ئەی کەمەر زەڕین کەمەرچین جامە دڵبەر لەب شەکەر

از کتاب:
دیوانی زاری
اثر:
زاری (1905-1982)
 2 دقیقه  807 مشاهده
ئەی کەمەر زەڕین کەمەرچین جامە دڵبەر لەب شەکەر
نازەنینی گوڵبەدەن سووڕەت پەری تەلعەت قەمەر
مەهوەشی گەردن بلووری دڵڕفێنی سیم بەر
جان نساری گەردی کەوشی پات ئەکەم ڕۆژێ ئەگەر
پەردە لەو ڕوخسارە لادەیت و بە عیشوە بیتە دەر
جەژنە ڕۆژی عەیش و بەزمی عەشرەت و ئازادییە
چاوی مەستت بۆ لەگەڵ من مایلی بێدادییە
هەر کەسێ ئەمڕۆ لەگەڵ یارێ خەریکی شادییە
چون ئەتۆ شیرینی ئەمنیش ئارەزووم فەرهادییە
گەر وەکوو پیرۆزە جارێ سێبەرم فڕ دەیتە سەر
ئادەمیزادی پەری یا حۆر یا مانگە شەوی؟
دڵ بە ئومێدی دیداری تۆ بە شەوقێکی قەوی
هاتە حەقڵەی بەزمەوە بۆ دەرسی عیشقی خوسرەوی
عەسکەری برژانگی تۆ بوو وەک وەزیفەی پەهلەوی
دایە بەر شەستیری ناز و تیربارانی نەزەر
عاشقت وا گیان ئەدا بۆ ماچی خاڵی بەردەمت
کەشتی ئارامی شکا وا کەوتە نێو بەحری غەمت
پەڕتەوی ڕووتی کە دی دڵ بوو بە پەروانەی شەمت
بولبولێکی نابەڵەد بوو کەوتە حەڵقەی پەرچەمت
تا قیامەت موشکوڵە ڕێگەی نەجاتی بێتە بەر
من بە سۆزی ناری عیشق و ئەشکی وێنەی سەیلەوە
تۆ بە زەردەی پێکەنین و خاتری بێ مەیلەوە
بەم جگەر برژاوییە و سینەی لە سەودا کەیلەوە
ڕوو لە سارا میسلی مەجنوونم بە تاسەی لەیلەوە
عاشقی تۆ عاقیبەت سەحرا ئەبێ بگرێتە بەر
دێتە سەر جۆگە بە شەوق و شەعشەعەی ڕووخسارەوە
مانگی تابانی ئەڵێم یا ڕۆژی دێتە خوارەوە
سا لە ڕووی نازۆ بە خەندەی لێوی شەککەربارەوە
بێژە ها ماچێ بە کوێری حاسد و ئەغیارەوە
با نەمامی ئارەزووی سالاری «زاریتخلص» بێتە بەر