بۆ نەگریم و نەڕێژم خوێناو لە هەر دوو چاوم
از کتاب:
دیوانی زاری
اثر:
زاری (1905-1982)
2 دقیقه
671 مشاهده
بۆ نەگریم و نەڕێژم خوێناو لە هەر دوو چاوم
بۆ شوومی تاڵەی سیا، بۆ بەختی ناتەواوم
بۆ دەردی بێ حەساوم
چ بکەم کە دەستی کۆتام ناگاتە دایەنی یار
سەد عەرزی حاڵم نووسی نەهاتەوە جواوم
شوێنێ نییە جواوم
ئەم هەموو ئیستیغنایە لە زاتی دڵبەرایە
ناڕوانێ بڕوام وایە، لە حاڵاتی شێواوم
خوا چ لێقەوماوم
حاڵی دەروون پەشێوە کوورەی ئاور لە نێوە
یانی لە شەوقی ئێوە، سەر تا قەدەم سووتاوم
سەراپا هەڵقرچاوم
تاوی دڵ زۆری هاورد پەنام سایەی سەروت برد
تەقسیرم چی بوو؟ چیم کرد ئاورت بۆ تێ بەرداوم
بۆ چی سینە کەواوم
ئەی شاهی نازەنینان، ئەی ماهی مەهـ جەبینان
ئەی شادی دڵ حەزینان ڕەحمێ بە دڵی سووتاوم
لوتفێ نەکەی فەوتاوم
ئەی یۆسفی کەنعانی دەردەداری تۆم یانی
بە پەیکانت نازانی لە خوێناوا غەڵتاوم
ڕیشەی جگەر بڕوام
غوڵامی خاکی پاتان ڕووی هەروا لە دەرگاتان
زاهیر کە نیم لە لاتان دایم لەوێ وێساوم
غایب نین لە بەرچاوم
هەرشام و سەحەرگاهم یادی تۆیە هەمڕاهم
ڕەحمت ببێ ئەی شاهم وێڵ و خانە خراوم
شێتم سەر لێ شێواوم
بەستوویە دەستی تەقدیر هەر عوزوم بە سەد زنجیر
چییە تەدبیرم ئەی پیر گیرۆدەیی گێژاوم
کەشتیم و لە غەرقاوم
بە هەر زەڕڕە ئەندامم گرفتاری سەد زامم
ئەی کامی دڵ ناکامم بگرە دەستم داماوم
لە چای غەما خنکاوم
باری خاتر گرانە، بە زەحمەتی مەزانە
بە هیممەتی مەردانە، دەرێنە لە پا داوم
فریام کەوە نەماوم
«زاریتخلص» دڵی پڕ دەردە هەمدەمی ئاهی سەردە
هاوار ئەکا بێ پەردە بە تیری تۆ کوژراوم
تیرت لە قەلبی داوم