هەوا بە داری بێ گەڵا بەشارەتی بەهار ئەدا
از کتاب:
دیوانی زاری
اثر:
زاری (1905-1982)
7 دقیقه
922 مشاهده
غەواسی دەریای فەهیمی، ئاغا محمدخانی سەلیمیشخص گۆی بدێرێ ئەم گەوهەرانەم بە خەزێنەداری فیکر بسپێرێ ئاغام چ خێرە؟ کە بەینێکە لێم ناپرسێ ئەڵبەت ئەفەرمووی فڵان مەلایە و من ئاغام لێم ناترسێ یا خوا نەخواستە فکرت بڵاوە و تاقەتی جارانت نەماوە، گوێ بگرە لێم بزانە چی ئەڵێم، ددانی گازی دووری ڕەگی حەیاتی لە بەدەن دەر هاوردم هەوای بەهاری دیداری یار تەعریفێکی بەهاری پێ کردم مەحرەمێ نەبوو بۆتی بنێرم خۆم هاوردم... شێعر بۆیە ئەڵێم تۆ بیخوێنیتەوە و من گوێی لێ بگرم ئەگەر تاقەتت هەیە فەرموو با بیبیسم نەکا بمرم... ئاوارەی دیاری نادیاری «زاری».
هەوا بە داری بێ گەڵا بەشارەتی بەهار ئەدا
بەهار زینەت و سەفا بە سەحنی لالەزار ئەدا
لالە نەویدی وەسڵی گوڵ بە بولبولی هەژار ئەدا
لە بەزمی گوڵستانەدا سەبا لە چەنگ و تار ئەدا
زیوەر بە باغ و مێرگ و بەهەشت و کۆهسار ئەدا
بە بانگی بەرزی زەڕگەری نەسیم بانگەواز ئەکا
وجوود بەخش دەرگەهی هەماری جوودباز ئەکا
لە زێوی بەفری زیوەری گوڵاڵەکان ساز ئەکا
بە خەلعەتێکی سندسی چنار سەرفەراز ئەکا
لە حوسن و دڵبەری بە گوڵ هەزار ئیفتیخار ئەدا
گەزیزە قاسدێکە دێ لە ئاخری زسانەوە
خەبەر ئەدا توجاری حوسن، دێتە گوڵستانەوە
بە موشک و عەتر و عەنبەر و عەبیر و سورمەدانەوە
بە عەبقەری و ئەتڵەس و حەریر و پەرنیانەوە
بە غونچەکان گوڵبونی مەتای زەڕنیگار ئەدا
هەزار تەعم و ڕەنگ و بۆ لە یەک زمین و یەک هەوا
درووس ئەکات بێگومان یەکێک دەرد و یەک دەوا
هەڵاتنی ئەسێرە ئەو بەدووی ئەم، ئەم بەدووی ئەوا
خورشید و مانگ دوو چرا لە بەزمی ڕۆژ یا شەوا
فیکر لەمانە مەعریفەت بە قەلبی هۆشیار ئەدا
لە نەقشی حیرەت ئاوەری گوڵاڵەکانی دڵگوشا
لە ڕەنگڕێژی قودرەتێ کە ئەم گوڵانە ڕەنگ ئەکا
دیققەت بە ئەهلی دووربین بکە، بزانە ئەی برا
بە ڕێکی و موڕەتتەبی ئەقیقی ئابدار وا
چ قادرێکە دائەنێ لە نێو یەک هەناردا
بەهار بانگ ئەکا بەشەر وەرە بە ئەقلی خۆنەزەر
بکە بپرسە تۆ خەبەر ببیسە قەولی موعتەبەر
لە سەوزە هەرکە دێتە دەر لە گوڵ لە خار و نەیشەکەر
لە گیا و داری دەشت و دەر بۆ دەفعی واهیمە و خەتەر
ئەحیای سانەوی خودا بە جوملە گیاندار ئەدا
ڕەعد بە هەور ئەو دەمەی کە ئەمری زوود باش ئەکا
هەوا حەیات پەروەر و زەوی گوڵاو پاش ئەکا
بەغونچەکانی گوڵبونی ئیعلانی شادباش ئەکا
هەزار گوونە بۆنی خۆش لە لالەزار فاش ئەکا
شێوەی بەهەشتی عەنبەرین بە کەژ بە کۆهسار ئەدا
زسان چون ستەمگەری گەیانە بورجی موشتەری
بەهار تیپی عەسکەری ڕژانە بورج و سەنگەری
شکانی گەردن و سەری بێ ڕۆحی کرده پەیکەری
وەکوو یەهوود خەیبەری بە زەربەکانی حەیدەری
شەماڵی توند و تیژڕەو نیشانی زولفەقار ئەدا
لە هەر کڵێڵە بەفر ئەدا شەماڵ گورزی ڕۆستەمی
ئەیکا بە ئاو و تێکەڵی ئەکا بە خاکی بەردەمی
سەرما فەرار ئەکات چون فەرارە مەرهەمی غەمی
نەسیمی سوبح بۆ مژی زسان مەرگە مەقدەمی
مەئمووری قەتڵی زوقم و یەخ جەلادە تەم لە دار ئەدا
موزەییەنە چەمەن وەکوو بەهەشتی عەدنە هەر گوڵێ
بە قودرەتی خودا شەمێکە هەڵکرا لە هەر چڵێ
بە بێدڵان ئەی نەسیمی سوبحدەم بڕۆ بڵێ
وەرن نشات و شادییە لە هەر موقام و مەنزڵێ
هەزار دادی خۆشدڵی بە چەنگ و عوود و تار ئەدا
سەرو بەناز و دڵبەری پۆشیویە بەرگی عەبقەری
لە خۆشیا هەڵاڵە دێ، لە چاوی ئاوی گەوهەری
لە گوڵستانەدا مەگەر ڕژاوە موشکی ئەزفەری
لە بیدموشکەوە بڵاو ئەبێت عەتری عەبهەری
سەمەن سەفا لە ژاڵەوە بە زوڵفی تابدار ئەدا
سروەی بەهاری نیک پەی بەزمی زسانی کرد تەی
شکانی تیپی بەهمەن و سوپای نائەمینی دەی
لە بید و کۆخ و سەرو و توو، هەرمێ و هەنار و سێو و بەی
تەرتیبی داوە مەجلیسی سەفای وەخت و بەزمی مەی
بە پێکەنینی غونچە و نەرگسی پڕ خومار ئەدا
تەیرانی خۆش نەوا بەجەم، بە ڕوود و عوود و زیروبەم
لەگەڵ نەسیمی خۆشدەم لە دڵ ئەشۆنەوە ئەلەم
وەکوو لە سینە گەردی غەم گوڵاڵە سوورە میسلی شەم
بووکی شکۆفە هەر کە دەم ئەکاتەوە بە خەندە لەم
جەژنە پەیامی تەهنییەت بە سەروی جۆیبار ئەدا
غونچە لە پەردە هاتە دەر بە ناز و پێکەنینەوە
وەنەوشە دەستی وا بەدەس نەرگسی نازەنینەوە
وەکوو کچانی مەکتەبی کە بێنە هەڵپەڕینەوە
چەنگیزێکی دڵڕوبایە هاتووە لە چینەوە
لە خوێنی ئاشقان ڕەنگ بە لێو و گوشوار ئەدا
لە بەند ئەوا خەلاس بوو مەحبووبەکانی ماهڕوو
خەریکی سەیر و سوحبەتن دەستە بە دەستە دوو بە دوو
لە ماڵی غونچە دێنە دەر بە حوسنی یۆسفی هەموو
لالە لە سوبحگاهەدا بە ناز دێتە هاتوچوو
لە ماچی خاڵی گەردنی مەزە بە مەیگوسار ئەدا
سەوزە بە بەندەگی سەری لە ئاستانەیی گوڵا
داناوە دەردە دڵ ئەکا لەگەڵ جەنابی بوڵبوڵا
لەم سکڵە وا گەشاوەتۆ لەناو بۆتەی دڵا
مەغز و دەماغ و پێشە و ڕەگم، بە پێسەوە کوڵا
تەعنە لە سۆزی ئاوری جەحیمی پڕ شەرار ئەدا
دایکی خاک گوڵ بە خێو ئەکا بە شیری دڵبەری
بە مەمکی میهری گۆچ ئەکا مناڵەکانی ئازەری
لە لانکی نزاکەتا ئەکات ڕۆڵە پەروەری
لە ناز و عیشوە تاج و تەوق ئەکاتە گەردن و سەری
شەرابی خوسرەوی بە گوڵ لە ئاوی چەشمەسار ئەدا
لە پاش جەوری بەهمەنی بە قەلبی دەردناکەوە
چووزەی گوڵاڵە ئەودەمەی کە دەم ئەنێ بە خاکەوە
فریشتە ئاگاداریە لە لای زاتی پاکەوە
وەکوو ئەسێرە دێتە دەر بە ڕووی تابناکەوە
شکستی نافەیی خەتا بە زولفی موشکبار ئەدا
تەنینی پەرنیان و ئەم هەموو حەریرە خەت خەتە
بێ تان و پۆ و دەفە و مەکۆ و گورد و پێ تەتە
نە کاری دەست و بازووە، نە دەخل و ئیشی ئالەتە
خولاسە یەک عەلامەتی سەحیح بۆ قیامەتە
بەهار پەند و ئاگەهی بە ئەهلی ئیعتیبار ئەدا
زەمینی ڕووت و بێ نەوا خزرە لە سەبزە پۆشیا
ئەم ئاسمانە پشت کووڕە ڕەقس ئەکا لە خۆشیا
هەمدەمی حۆری جەننەتە لالە لە بادە نۆشیا
دایەنی باغ سەد سەفی گوڵاڵە وا لە کۆشیا
بە دەستی تەربیەت غەزا بە تفڵی شیر خوار ئەدا
بۆ زیب و زینەتی چەمەن شمشاد و سەرو و یاسەمەن
لیباسی تازە بەر ئەکەن بە ناز دێنە ئەنجومەن
لەدڵبەرانی سیمتەن تەبریکی نەوبەهار ئەکەن
سوپای ڕۆح پەروەری بەهار، هاتەوە چەمەن
بەتووتیانی خۆش نەوا شەکەر لە شەوقی یار ئەدا
لە هەور ئاوی زیندەگی پشا بە دەشتەکاندا
بە گوڵبن و گوڵاڵە و گوڵی گوڵگەشتەکاندا
وەنەوشەزار ناز ئەکا بەسەر بەهەشتەکاندا
دەوای وەسڵ پەخش ئەکا بە هیجری چەشتەکاندا
«دار الشفاعربی»ی قودرەتە شفای دەردەدار ئەدا
دایەنی کێو جێگە بۆ گوڵاڵەکانی موشکبۆ
غەیری کەناری کێو و جۆ بۆ سەیری گوڵ دڵا مەچۆ
حەیاتی بێ فەنات ئەوێ؟ لەم ئاستانە قەت مەڕۆ
فیدای ئەو گوڵاڵە بم مەقامی وا لە لێوی جۆ
کە بەندەگی ڕەهی شەهی بە عاجزانی زار ئەدا
نسیمی سافی ئەو دەرە عەجیب ڕۆح پەروەرە
جێگەی ئەمانە مەعبەدی شەتاوی ئاوی کەوسەرە
چ ئافتابە؟ لێرەدا بە نووری هەق منەووەرە
دەماغی دڵ بە نافەیی موحەببەتی موعەتتەرە
هەوای سەروی قامەتی شفای شێت و هار ئەدا
ئیشارە نەفعی کەی بووە، سەریح بێژە تا زووە
حەیات بەخشی مردووە هەوای باغی دووڕووە
«دارالسلامعربی»ە خانەقا تەسنیم عەینی بێلووە
تەبیبی ئێمە لیرەدا مەقامی خزری گرتووە
لە بەحری هیممەتی بەشی گەدا و شەهریار ئەدا
له خۆشی تۆیه گیانەکەم زبانە نوکتەزانەکەم
تەبیعەتە ڕەوانەکەم، ڕمووزەکەم، بەیانەکەم
تەرتیبی نەزمە جوانەکەم میدادە دوڕفشانەکەم
عیبارەتە عەیانەکەم تەرانە ئاشقانەکەم
بە ئاشنا و ئەجنەبی شەرابی خۆشگەوار ئەدا
عومری عەزیز «زاریاتخلص» وەکوو بەهار فانییە
بەشەر بەشی زەواڵە بۆ فەنایە بۆ بەقا نییە
بەهاری ساڵ ئەگەر بەهارە هارە بێ جەفا نییە
بەهاری ئێمە خۆشە چون هەر یادی یاری جانییە
هەر لەحزە تازە لەززەتێ بە قەلبی بێقەرار ئەدا