نەسیمی باغی خولدە یا شەمیمی زولفی یارە دێ
از کتاب:
دیوانی زاری
اثر:
زاری (1905-1982)
5 دقیقه
735 مشاهده
موژدەی بەهاری بەهەشت نیشان و نەجاتی گوڵاڵە جوانە بۆ خۆشەکانی کێوسان لە زەحمەتی سەرمای زسان
نەسیمی باغی خولدە یا شەمیمی زولفی یارە دێ
عەبیری موشکی چینە یا بەشیری نەوبەهاره دێ
هەور لە ئاسمانەوە مەئمووری کردگارە دێ
عوششاق ئەشکبارە یا «خضر» لە کوهسارە دێ
موژدەی زهووری تەلعەتی جەماڵی لالەزارە دێ
دەنگی شەماڵە کەڕ ئەکا دلێرەکانی بەهمەنی
گوڵاوی هەورە تەڕ ئەکا، ڕووبەندی بووکی گوڵشەنی
«بیژەنی» خۆر ئەدا لە یەخ، بە گورزی قورسی سەد مەنی
گەهێ لە سەر گەهێ لە بەر گەهێ لە پا و دامەنی
بۆ حەربی دێوی سپی مەگەر، ڕۆستەمی نامدارە دێ
هەوری سیاهـ و توند خوو، لەگەڵ شەماڵ دووبەدوو
بە ناڵەناڵ و ها و هوو بە دەست و برد و هاتوچوو
عازمی ڕەزمە زووبەزوو بە گرمە گرم و قا و قوو
سپاهی زستان قڕ ئەکا، لە تیلەکۆ لە هۆبەتوو
بە تانگ و تیپ و تۆپەوە، خوسرەوی تاجدارە دێ
لە داخی جەوری پاییز و زوڵمی زستانی پڕ ستەم
لە ئەندەروونی هەورەوە، کە دی شەرارە دەم بە دەم
لەوانەیە بە یەک کەڕەت کە کێوەکان ببن بە شەم
عەجەب نییە بخۆمەوە بۆ دەفعی ئێش و دەردی غەم
بە کووپە و بە کووندە، لەو شەرابە خۆش گەوارە دێ
سەبا بە سەد نیازەوە بە نازی دڵنەوازەوە
بە سەد قەتار غازەوە بە عیشوەیێکی تازەوە
بە سەد کوروور نازەوە بە پۆلێ عیشق بازەوە
لە تایف و حیجازەوە، بە کەسبی سەد ئیجازەوە
بۆ قەتڵی زەمهەریری دەی، سوپای زەنگبارە دێ
بادی سەبا، تەم و مژی زستان تار و مار ئەکا
هەوا موعەتتەر و چەمەن، بە غونچە موشکبار ئەکا
مەشاتتەوار ئارایشی بوتانی کۆهسار ئەکا
سپی و سەوز و سوور و ڕەش، نە نەقشێ سەد هەزار ئەکا
بەڵێ جەنابی مانییە، نەققاشی کردگارە دێ
قەترە کە دێتە سەر زەوی، لە هەوری دوڕفشانەوە
شیوەن ئەگاتە ئاسمان بە ناڵە و فوغانەوە
لە «چلچەمە» لە «کۆتەڕەش» لە «گردەکۆ» و لە «خانە»وە
لە «سێوە سوور» و «پیر بوداق» و «کورتەک» و «بەیان»ەوە
بۆ قەتڵی خەیبەری وەکوو ساحیبی زوڵفەقارە دێ
لە بەینی هەورەوە ئەگەر شوعاعی ڕۆژ دێتە دەر
خەنجەرە بۆ بڕینی سەر، نێزەیە بۆ سک و جگەر
کلیلەکانی موعتەبەر، بەفر و سەهۆڵی پڕ خەتەر
لە شار و دێ، لە دەشت و دەر، لە هەرد و کێو و ڕەهگوزەر
بە دەستوبرد و حەملەوە، نەوزەری نێزەدارە دێ
سووڕەتگەرانی ئەکبەری، هەزار نەقشی دڵبەری
لەسەر گڵۆکی ئازەری، سیەه سفید ئەحمەری
بەنەفشەیی و ئەسفەری، چ قەهوەیی چ ئەخزەری
موسەلەسسی مودەووەری موخەممەسی موعەششەری
تەرتیب ئەدەن نە سەر سەری «تەبیبە» ئیعتبارە دێ
جەماڵی ڕۆژی شوعلەوەر وەکوو عەرووسی مونتەزەر
چادری فڕدرا لە سەر، یانی لە پەردە هاتە دەر
شۆڵەی وڵاتی گرتە بەر، لە باغی کرد دەربەدەر
بوومی زسانی بەد گوهەر، زاغی خەزانی بەد سیەر
لە ئاسمانی چارەمین، مەسیح ڕوو بە خوارە دێ
لە لانکی زەمیندا پەروەرشی مناڵ ئەدا
تەرتیبی ڕوومەت و لەب و پەرچەم و زولف و خاڵ ئەدا
وەسمە بە تاقی ئەبرۆ و سورمە بە چاوی کاڵ ئەدا
بە تازە بووکەکانی گوڵ ختووتی شین و ئاڵ ئەدا
پێ خەسوویێکی ماهیرە ئەم هەورە عەتر بارە دێ
ناز و نیازی بولبول و شکۆفەکانی موشک بۆ
بەزمی تەزەرو و قومری و سەرو و چناری لێوی جۆ
لالە لە میرغوزارەدا حکومەتێکی سەربەخۆ
بۆ ئینتیزامی گوڵستان نەسیم دێ سەبا ئەڕۆ
سەمەن لە نێو شکۆفەدا مەهی نیقاب دارە دێ
ئارایشی چەمەن کرا لە سەبزە فەڕش ڕاخرا
حەیاتی تازە بەخشرا غەمی فیراق لابرا
دووکانی غەمزە دانرا نەویدی وەسڵی گوڵ درا
چرای عیشوە هەڵکرا نە یەک چرا دووسەد چرا
بۆ قەسری میسری دولبەری یۆسفی گوڵ عوزارە دێ
ساقی بە جامی بادەوە، بە زولفی تاب دادەوە
بە خاڵی موشک زادەوە بە تەلعەتێکی سادەوە
لە بورجی شاهزادەوە بە ئەبرۆی گوشادەوە
بە داوی موشکی سادەوە بە گەردنی بیجادەوە
لە جادەوە بە بادەوە زینەتی لالە زارە دێ
پەڕەندەگانی خۆشنەوا بە سەد نەوای زارەوە
بە ناڵەی دەف و نەی و بە چەنگ و عوود و تارەوە
بولبول لە سەحنی گوڵشەن و قومری لە شاخسارەوە
ئاوازخوێنە هەر یەکێ بە یاد و شەوقی یارەوە
سەدای بەزمی عەشرەت و بێنی بەنەفشەزارە دێ
غونچە بە پێکەنینەوە بە بەرگی زەرد و شینەوە
به عەتری موشکچینەوه به پەڕتەوی جەبینەوه
به عیشوەیێکی دڵگوشا به ڕووی نازەنینەوه
بە چاوی مەست و خاڵی ڕەش پەرچەمی چین چینەوە
ئافەتی گیان و خاتری بوڵبوڵی بێ قەرارە دێ
لالە لە ژێر خاکەوە خەیمە بە سەبزەزار ئەبا
بۆ شاهیدانی گوڵ سەبا خەڵاتی زەڕنیگار ئەبا
وەنەوشە گەردنی کەچە سوجدە لە خاڵی یار ئەبا
هەزار عیشوە گوڵ لە گەڵ هەزاردا بە کار ئەبا
زەمانی وەسڵ و دەوڵەتی دیداری غەم گوسارە دێ
گوڵاڵە سوورە هاتە دەر لە گونبەدی زەبەرجەدی
لیباسی سووسەنی دروو، خەیاتی سونعی ئیزەدی
خەلاسە داری بێ گەڵا، لە زەحمەتی موجەڕڕەدی
عەتا کرا بە کێو و دەشت، خەلعەتی زوموڕڕەدی
هەوا بە میهر و مەرحەمەت، حەکیمی دەردەدارە دێ
نەرگسی پڕ خومارە دێ سونبولی تابدارە دێ
سووسەنی ئابدارە دێ لالەیی داغدارە دێ
بەهارە دێ نیگارە دێ حەیاتی گیا و دارە دێ
«زاریتخلص» مەڵێ بەهارە دێ قودرەتی کردگارە دێ
ئەشعاری ئابداری تۆ بە یادی چاوی یارە دێ