دەور دەوری ساقی و پەیمانەیە
از کتاب:
دیوانی زاری
اثر:
زاری (1905-1982)
1 دقیقه
521 مشاهده
دەور دەوری ساقی و پەیمانەیە
جەژنی دیداری منی دێوانەیە
دەوری ساقی گۆشەگیری خانەقای
دەرپەڕاند و مەستی ئەم دەورانەیە
دڵ فڕێ دە بێرە ڕیزی بێدڵان
عەیشی بێ غەم خاسەی ئەم مەستانەیە
نەقشی بەرچاوت تماشاگا نەبێ
وەختی سەیری ئەم تماشاخانەیە
یادی نەققاشە ڕەفێقی ڕێگە بۆ
چوونە دەر لەم دەشتە بێ پایانەیە
خاکی بەدبەختی بە سەر خۆدا ئەکا
ئەو کەسەی سەرگەرمی ئەم نەقشانەیە
با سەرت نەشکێ مەیێ ئەم ڕیزەوە
تۆ کە ئەم دەرسەت لەلا ئەفسانەیە
بۆ لە تاریکی هەوا ترسم ببێ؟
یادی دڵدارم شەمی کاشانەیە
پەرتەوی ڕووی و دڵی بێتاقەتم
ئەو وەکوو شەم ئەم وەکوو پەروانەیە
ئیددیعا لەم ڕێگەدا بێ سوودە زۆر
بەرز، نزم و ئاشنا بێگانەیە
ڕامەبوورە وا بە تیژی تینووەم
چاوی ئاوم لەو چەمی حەیوانەیە
بێژە با پێوانە بێ لێوانەکەم
لێوی وشکم چاوی لەو لێوانەیە
تا هەناسەی ئاخری «زاریتخلص» ئەڵێ
سەر نە، ڕۆحم خاکی ئەو کاشانەیە