ئەبێ هەر من بە تەنها خۆ دوچاری زەحمەتی دڵ کەم
از کتاب:
دیوانی زاری
اثر:
زاری (1905-1982)
1 دقیقه
579 مشاهده
ئەبێ هەر من بە تەنها خۆ دوچاری زەحمەتی دڵ کەم
لە دووریدا بە خوێنی دیدە سەفحەی سینە گوڵ گوڵ کەم
خودا فرسەت بدا بیخاتە دەستم دایەنی وەسڵت
لە خاکی پاکی بەر دەرگاکەتا ئەم جارە مەنزڵ کەم
هەڵیگرسێنە تۆ بیتو خودا فانۆسی ڕوخسارت
لە بەر شەوقی چراتا بەڵکوو یەک شەو حەللی موشکوڵ کەم
ئەڵێم بەڵکوو ببیسێ دەنگی هاوارم نگاهێ کا
وەکوو پەروانە بێدەنگ با نەبم تەقلیدی بوڵبوڵ کەم
ئەگەر هەر لەحزە سەد جارم بە تیغی جەور سەر ببڕێ
گەلێ بێ هیممەتم، تاڵی ئەگەر یەک زەڕڕە حاسڵ کەم
بە شمشیری جەفا با قیمە بێ، سەر تا بە دامانم
کە غەیری شەوقی دیدارت بە شاری سینە داخڵ کەم
لە بازاڕی موحیببەتدا سەراپا خۆ لە قوڕ ئەگرم
لە یادی تۆ ئەگەر یەک لەحزە دڵ خاڵی و غافڵ کەم
ئیجازەی ئینتیزارانت بە دیدارێ ئەدەی، تاکەی
منی بێ تاقەتی بۆ تۆ پەشێو، لێرە تامڵ کەم؟
وەکوو «زاریتخلص» مەگەر بگرم کەنارێ لەم شەڕ و شۆرە
هەتا کەی دڵ نیشانەی نەشتەری برژانگی قاتڵ کەم