ساقی هەستە مەی بە کووپە بێنە بۆم

از کتاب:
دیوانی زاری
اثر:
زاری (1905-1982)
 2 دقیقه  682 مشاهده
ساقی هەستە مەی بە کووپە بێنە بۆم
با لەمە زیاتر غەمی دنیا نەخۆم
بۆ بە خۆڕایی سەرف بێ نەقدی عومر
چەند ڕۆژێ ئێرە جێگامە ئەڕۆم
کام ئەحمەق عومری وەک من ڕابوارد
وەی لە شێوەی ئادەمی بێگانە خۆم
غەیری کاری لار و ئەتواری قەبیح
ئەی نەفس نیتە ئەمن ڕسوا بە تۆم
دین و تەقوا شەرع و وەرع و سوننەتم
وەک ئەنگووسیلەی سولەیمان، خستە گۆم
چم لە دەس دێ تازە ئەی خاکم بەسەر
گوێ گران و چاو کوێر و پشت کۆم
عاجزی و سستی و بێ قووەتی
هاتە جێگەی هەڵمەتی هەر وەک هەڵۆم
تێگەیشتوو تێئەگا نەک بێ شعوور
کاری پۆڵا جێ بەجێ نابێ بە مۆم
غافڵانە سەد ئەسەف بێ مەنفەعەت
گەوهەری قیمەت گرانم خستە چۆم
هیچ توججارێ منی ناوێ بە هیچ
وا بە سەر یەکدا ڕزاوە تان و پۆم
ڕوو بە مەنزڵ کاروان ئەڕوا کەچی
پێچەوانە من بە ڕێگادا ئەڕۆم
دین وەکوو دنیا لە دەستم دەرچووە
گەر بە ئاوی تەوبە دەسنوێژێ نەشۆم
یا ئیلاهی وا گەڕامۆ سەر شەقام
ڕاستی ئومێدەواری عەفوی تۆم
کێ هەیە غەیری ئەتۆ عەفووم بکا
تۆ دەرم کەی ئەی خودا بۆ کوێ بڕۆم؟
«زاریتخلص»یا بێ مەیکەدەی «لاتقنطواعربی»
وا لەوێدا مەرهەمی زامی بە سۆم