هەتا کەی تاسە خوارت بم هەتاکەی ئینتیزارت بم
از کتاب:
دیوانی زاری
اثر:
زاری (1905-1982)
2 دقیقه
617 مشاهده
هەتا کەی تاسە خوارت بم هەتاکەی ئینتیزارت بم
هەتا کەی بێ قەراری هیجرەتی وەک ژاری مارت بم
هەتا کەی ئێشی دووری ساکنی ماڵی دەروونم بێ
ڕەفێقی ئاهی سەرد و ڕەنگی زەرد و دەردەدارت بم
زوانم لاڵە، ژینم تاڵە، حەسرەت زاڵە غەم شایە
خەفەت ئاغایە، با پاشێلی فیتنەی پێچی لارت بم
عەجەب شیرینە ئەو چینە ئەگەر ڕەحمە و ئەگەر قینە
کە دەیخەیتە تەوێڵ و ئەمر ئەکەی من وێڵی شارت بم
جیایی تۆیە باعیس، بۆیە خوێنی دیدە وەک جۆیە
بەشم ڕۆڕۆیە وا چاکە خەریکی شین و زارت بم
سەفایێ بێنە پێشۆ بێ وەفا ئاخر جەفا تاکەی؟
چییە وەک زولف پەرژینی گوڵاڵەی لالەزارت بم
دەمێکە حەول ئەدەم لە خوا ئەپاڕێمۆ تەقالامە
کە ڕۆژێ باغەبانی سێو و نارنج و هەنارت بم
بلووری گەردنت بنوێنە، سەر هەڵبێنە، بڕفێنە
ئەوی هۆش و خەیاڵە یەک کەڕەت با شێت و هارت بم
دڵم مەشکێنە دەربێنە لە ژێر ئەو هەورەدا ڕۆژت
وەدەرخە داو و دانەی خاڵ و زوڵفت با شکارت بم
دڵی دەرهات «زاریتخلص» کەوتە بەرپای و کەچی نەتنا
بە سەریا پا، دەبا گەردێ لە خاکی ڕێگوزارت بم