ئادەی وەرە قوربانی قەدی نەیشەکەرت بم

از کتاب:
دیوانی زاری
اثر:
زاری (1905-1982)
 1 دقیقه  598 مشاهده
ئادەی وەرە قوربانی قەدی نەیشەکەرت بم
قوربانە سبەی، لازمە قوربانی سەرت بم
دڵ حازرە بێ بیدە لە سێدارەیی زولفت
باهەر وەکوو خەرمانە، لە دەوری قەمەرت بم
دەرمانی برینی دڵەکەی پڕ لە غەمم کە
ئەی من بە نیشانەی موژەکەی عیشوەگەرت بم
سووتاوم و ڕێگەم نییە بۆ دیتنی باڵات
پێ هەڵگرە بێ تا بە فیدای ڕێگوزەرت بم
ئاخر نەفەسە لازمە ئەی دیدە کە ئەمڕۆ
بۆ ڕەسمی وەفا هاتنە جێ، خاکی دەرت بم
سەر هەڵبڕە بڕوانە کە سەر بەرزییە بۆ من
بۆ ڕۆژی قیامەت کە شەهیدی نەزەرت بم
ڕۆژێ نییە زەخمێ کە نەکا خەنجەری نازت
نەمدی کەڕەتێ دەست لە ملێ یا کەمەرت بم
تۆ بیتو خودا بەسیەتی ئەم جەورە هەتا کەی
بەم جۆرە ئەمن هەڵگری زامی خەتەرت بم
ئەی باغی جەوانی منی دڵ لەتلەتی شێواو
عیللەت چییە بێ بەهرە لە سایە و سەمەرت بم
سەد مەرتەبە ڕابوردی و نەتپرسی لە حاڵم
با دەفعەیێ خاشاکی شەقامی سەفەرت بم
خۆش بەختیە بۆ «زاریتخلص» کە دایم بە دڵ و گیان
غەمبار و حەزین، خەستە و خوێنین جگەرت بم