هاتووم لە دووری شارەوە
از کتاب:
چەپکێ گوڵ و خونچە
اثر:
علی عارف آقا (1910-1996)
1 دقیقه
448 مشاهده
هاتووم لە دووری شارەوە
بە گیانی پڕ چەخارەوە
خۆت دەرخە لەو تەلارەوە
ڕووی جوانی خۆت مەشارەوە
هاتوومە بەر دەرگانەکەت
ڕووم نایە بێمە یانەکەت
لەبەر توانج و تانەکەت
ملم ناوە بە لارەوە
هەرچەند بڵێی لاچۆ بڕۆ
بە من مەبە تۆ دەسخەڕۆ
هەڵناگرم دەستم لە تۆ
ئەژیم بە ئینتیزارەوە
ناڕۆم ئێرە بەهەشتمە
جێی شادمانی و گەشتمە
لەم شوێنە ژین مەبەستمە
تا ئەچمە خاکی تارەوە
تۆ هۆی سروشت و گیانمی
سەرمایەکەی ژیانمی
پرتەوی شادمانمی
لەم چەرخە نالەبارەوە
ئەی نەونیگاری چارەگوڵ
کەوتمە ناو دڕک و چقڵ
دەرم کە تاکوو ماوە دڵ
با بێمە لالەزارەوە
سەیری منی بێچارە کە
زامی دەروونم چارە کە
ئەو ناحەزەش ئاوارە کە
با دەرکەوێ لەم شارەوە