ئەوەی فەرمووی

از کتاب:
چەپکێ گوڵ و خونچە
اثر:
علی عارف آقا (1910-1996)
 1 دقیقه  288 مشاهده
ئەوەی فەرمووی بە من تۆ مەی مەنۆشە
شتێکی سەیرە خۆشی بادەنۆشە
ئەوەی ئەیوت برا هەر چاکە چاکە
لەبەر ناچاکی، خەڵکی لێی بەجۆشە
ئەوەی ڕێگای خواناسیی نیشان دام
ئەڵێن خۆی مەست و پەست و شەڕفرۆشە
ئەوەی پەندی ئەدا بۆ تەندروستی
ئەڵێن خۆی زار و زامار و نەخۆشە
ئەوەی وا ڕابەری عیلم و ئەدەب بوو
لە ڕێ لایداوە زۆر بی هۆش و گۆشە
ئەوەی وەعزی ئەدا بۆ پاکیی داوێن
ئەڵێن هەر شەو قەپاتمەی وا لە کۆشە
ئەوەی خۆی تەمبەڵ و بێ ئیش و کارە
ئەڵێ پێم تاکوو ماوی تێ بکۆشە
ئەوەی میللەتپەرستی کردەوەی بوو
خەریکی «ڕیست و سێ ئاس و فلۆشە»
ئەوەی ناوبانگی دەرچووبوو بە ژیری
بە گاوانی ئەوت گام بۆ بدۆشە
ئەوەی تاوانی زیاتر بوو لە شەیتان
بە مام شێخی ئەوت سڕم بپۆشە
ئیتر چۆن باوەڕم بێ من بە ئینسان
کەوابوو چاک و پاکی کەم پەرۆشە