ئاهەنگی موغان

از کتاب:
دیوانی گۆران
اثر:
گوران (1904-1962)
 3 دقیقه  593 مشاهده
لە ناو ناقیدەکانی ئەدەبیاتی ئێراندا، ئەم غەزەلەی لای خوارەوە بە یەکێک دائەنرێ لە شاغەزەلەکانی «حافزشخص» خۆی و گشت ئەدەبیاتی کۆنی زمانی فارسی. لە باری سرنجی واقیعییەوە وەسفی کۆڕێکی ئاهەنگی ئایینی ئەکات لە ئاتەشگای زەردەشتییەکاندا بۆ خواردنەوەی شەرابی «هوومە»، کە هوومە لە لایەکەوە، شەرابەکە خۆیەتی و لە لایەکی ترەوە وەک «باخۆس»ی یۆنانییەکانی کۆن، خوای مەستی بووە لە ناو نەتەوە ئاریایییەکاندا. دوایی لە سەردەمی مەزدیەسنایی «ئایینی زەردەشتی»دا پایەی بچووک کراوەتەوە و دانراوە بە فریشتە. بەڵام، لە زمانی تەسەووفدا، کە ئەوترێ و لە گەلێک شوێن سرنجیشدا ماوەی گومان نادۆزرێتەوە بۆ ئەوە کە حافز و هاوجۆرەکانی قسەیان پێ کردووە، ئەم مەعنا واقیعی و ڕەپ و ڕەوانانە لە ژێر نیقابی ڕەمز و ئیشارەتی سۆفییانەدا فەساڵ و دەم و چاوێکی ترمان پیشان ئەدەن. بە وێنە، بەو پێیەی خاوەن ڕایەکان تا ئێستا وتوویانە نیازی حافز لە «پیری موغان»: پیری ئیرشادی پوخت «کامیل»، ڕابەری ڕێگای خوادۆزینەوە بووە. لە «سەرای موغان»: نیازی کۆڕی کۆبوونەوەی پیاوچاکانی خوا بووە. لە «گەبر»: شارەزا «عاریف» ی خواناس. لە «موغ»: یەک پەرست «ئەهلی تەوحید». لە «بەچکەموغ»: ئەو تەجەللییاتە خراپانەی کە بۆ ڕێبوار «سالیک» دەرئەکەون. نیازی لە «شەرابی موغان»: ئەو جۆشە بووە کە ڕووناکیی ڕاستی ئەخاتە دڵی ڕێبوار «سالیک». لە «ئاگری زەردەشت»: مەبەستی خۆشەویستیی خوای تەنیا «عیشقی ئیلاهی» بووە.
دەوروبەری کۆشکی موغان ماڵرابوو، ئاوڕشێن کراو
دانیشتبوو پیرێکی پاک، کۆڕێکی گەرم دابوویە ناو
مەی نۆشەکان هەموو جوان، لە خزمەتا بەستوو کەمەر
گەرچی لە هەوریان ئەسوو بە فەخرەوە نووکی کڵاو
پرشنگی جام و پیاڵەیان مانگی پڕی مات کردبوو
سەرکوڵمی ئاڵی بەچکەموغ ڕێی بەستبوو لە خۆرەتاو
نوێ بووکی بەخت لەو حیجلەدا بە سەدهەزار هەزار ناز
پەڕەی گوڵی گوڵاو ئەکرد بە جووتە زوڵفی حەڵقەداو
جامی تەرەب بە دەستەوە فریشتەکەی ڕەحمەت و خێر
لەو جامەوە لە ڕووی پەری و حۆریی ئەدا نمی گوڵاو
لە شۆری عەشق و نەشئەدا شیرینە کاری شاعیران
شەکر شکا، سەمەن ڕژا، دەنگی ڕوباب بردی زراو
لەگەڵ سڵاوی من وتی بە لوتف و پێکەنینەوە:
«ئەی کۆنەعارەق خۆرەکە، ئەی لاتەکەی شەراب پێکاو!
کێ کردی ئەو کارەی کە تۆ کردت بە بێ هیممەت و ڕا،
ئەی بەش بڕاو لە گەنجی ماڵ، لە وێرانە و لە چۆڵ هەڵداو؟
ترسم هەیە دەستی تەمات نەگاتە گەردنی هیوا،
بێدارە ئەو هەمیشە، تۆش لە کۆشی بەختا خەو بە چاو!»
«حافزشخص» وەرە لە «مەیکەدە» پیشانی تۆ بدەم بە ڕیز:
هەزار و یەک جۆرە نیازی یەک بە یەک قوبووڵ کراو!